وتار
سەرکردەی کاریزما، قوباد تاڵەبانی بەنموونە
ئاراز رەمەزان
لەدەیەکانی رابردوودا کەڵە شۆڕشگێڕەکانی وەک مام جەلال و سەرکردەکانی دیکەی شۆڕش بەتایبەتیش شۆڕشی نوێ دەگمەن بوون، ئەوان مێژوویەکی پڕ شانازین لەمێژووی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی کوردا، وەلێ لەزەمەنی ئێستای سەرکردایەتیکردنی پارتە سیاسییەکاندا کە ژینگە سیاسییەکەی بەجیھانگیری تەنراوەو ھاووڵاتیان و گەنجان و ژنان و لاوان نمونەی سەرکردەکانی وەکو (Justin Trudeau) سەرۆکی حکومەتی کەنەداو … ھتدو ئەدای کارکردنی دەبینن، ئەوەش فاکتەرێکی کاریگەرە، کە وای کردووە خەڵکی بەئاسانی لەئەدای سەرکردە سیاسییەکانیان رازی نەبن.

لەراستیدا دەنگدەری نوێ و گەنجان لەکوردستاندا، لەحوکمی درێژخایەن و جۆرو کواڵێتی کارکردنی بەشێک لە سەرکردەکان نیگەرانن، دووبارە بوونەوەیان لەپۆستەکان کاریگەرییەکی نێگەتیڤی دروستکردووە لەسەر جەماوەرو ئەوەش فاکتەری بنەڕەتییە کە رێگرە لەوەی بتوانین حزبێکی لیبڕاڵی مۆدێرن و حکومەتێکی پڕ لەخزمەتگوزاریی و دادپەروەر بنیاد بنرێ.

بیرۆکەی کتێبی «سەرکردەی بێ ناونیشان»ی نوسەری بەناوبانگی کەنەدی «Robin Sharma»، بنەمایەکی زۆر گرنگە بۆ گۆڕانکاریەکی ئێجگار گەورە لەژیانی ھەر کەسێکدا. ئەم کتێبە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گرنگ نییە مرۆڤ ناونیشانی سەرکردەی ھەبێت بۆ ئەوەی توانای رابەرایەتی و سەرکردەبوونی خۆی نیشان بدات. و ئەگەر مرۆڤێک مامۆستا، دکتۆر، کارمەند، بەرێوەبەر، کرێکار، پاککەرەوە، خزمەتکار، نوسەر، نمایشکار…ھتد ھەر کارو پیشەیەکی ھەبێت و ھەربەرپرسیارێتیەکت ھەبێت ئەوا ھەمووکات دەرفەتی ئەوەت ھەیە وەک سەرکردەیەک و لەرووی ھەستکردن بەبەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەیت و توانای خۆت پیشانبدەی.

رۆبن شارما لەکتێبی «سەرکردەی بێ ناونیشان»دا، روونیدەکاتەوە کە سەرکردە بوون تەنھا بەمانای ناونیشانی پلەو پایەکەت نییە، بەڵکو سەرکردە بوون، شێوازی بیرکردنەوەتە، شێوازی بونتە، شیوازی راگوزەرکردنی کەسایەتی خۆتە لەھەستێکی بەقوربانی بونەوە بۆ ھەستی بەسەرکردەو مەزن بوون.

ئەم کتێبە فکرەو ئایدیای زۆر کاریگەری تێدایە کە بتوانی گۆڕانکاری لەخۆت و کەسایەتی خۆت و ھەڵسوکەوتی خۆت بکەیت و لەژیاندا ھەمیشە لەرووی بەرپرسیارێتی و ھەستکردن بەمەزنییەوە کارەکانت بەسەرکەوتووی ئەنجامبدەی.

بۆ منێک کە ھاوچەرخانەو مۆدێرنانە دەڕوانمە پارتی سیاسیی و کەم و زۆر باوەڕم بەزۆر پێوەر نییە کە لە ئۆرگانە خنکێنراوەکانی حزبدا و لەلایەن کەسانی نا پسپۆرو کەمئەزموون بەڕێوەدەبرێن، و بگرە زۆرجار رووبەڕوی رەفتارو کردەوەی نەشیاو دەبینەوە، بەڵام باسکردن و شیکارکردنی وەھا بابەتێکی پەیوەستدار بەیەکێک لەسەرکردەو لیدەرە ھەرە گەنج و چالاک و خۆشەویست لەناو جەماوەرو بیرپاک و ریفۆرمخوازی وەک قوباد تاڵەبانی ھەم گرنگە بۆ داھاتووی یەکێتی وەک یەکێک لەحزبە سیاسییە گەورەکانی عیراق و ھەرێمی کوردستان ھەمیش گرنگ و رۆڵی زۆری دەبێت، بۆ بنیادنانی حکومەتێکی باش و حوکمڕانییەکی باش و باشتر لەرابردوو، کە بنەمای گرنگی دیموکراسیی و پێشکەوتنی کوردستان دەبێت.

خەسڵەتی سەرکردەی کاریزما، زۆرن، لەوانە کارکردن بە گروپ، گرنگیدان بەراوێژکاری لەسێکتەرە جیاوازەکاندا، و چۆنێتی کارکردن لەگەڵ کەسە کاریگەرەکان لەپسپۆڕییە جیاوازییەکاندا، بڕوابوون بەگۆڕانکاریی قوڵی کەلتوری سیاسیی و سەرکردایەتیکردن، بوونی ستراتیژییەتی کارکردن و بەڕێوەبردن و دروستکردنی تیمی کاریگەر، جگەلە بوونی وزەو ھێزی زۆری کارکردن و ئەتەکێتی سەرکردایەتیکردن و گرنگیدان بەرێتۆریک و لەھەمووشیان گرنگتر بەجەماوەریبوون و کۆمەڵایەتیبوونی سەرکردەی سیاسیی، بەیەکێک لە تەکنیکە گرنگەکانی سەرکردەی کاریزما دەزانم، لەو روانگەیەشەوە، دەتوانرێت، بتوێ قوباد تاڵەبانی بەشێکی زۆری ئەو فاکتەرانەی تێدا ھەن، کە بتوانین بە سەرکردەیەکی کارزیماتیکی گەنج لەکوردستان و لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست بزانین.

ھەروەک چۆن مەھاتما گاندی دەڵێ « بەڕێگەیەکی ئارام، دەتوانی دنیا بھەژەنی)، واش لە کەمپەینەکانی ھەڵبژاردنی قوباد تاڵەبانی دەڕوانم، لە کەمپەینی ھەڵبژاردنی رابردوو بۆ لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، توانی بە میتۆدێکی ئارام و کاریگەر زۆرترین کارو زۆرترین دەستکەوتی سیاسیی لەپڕۆسەکەدا بەبەراورد بە دەیەی رابردوو بۆ یەکێتی بەدەستبھێنێت، بەھەمان میتۆدو ستراتیژی ئارامەوە، چاوەڕێ دەکەین، ئەمجارەش دنیای سیاسیی لەکوردستان بھەژەنێ و بتوانێت لەداھاتوودا، کەلتورو فەرھەنگی حوکمڕانی باش لەکوردستان بنیادبنێت.

بۆیە کارکردن بەم میتۆدە، و بەپشتبەستنی بەپرسی راوێژکاریی و دوورکەوتنەوە لەبڕیاری تاکەکەسی لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان، بەپێچەوانەی زۆرینەی سەرکردەکانی تر، ھەروەھا بەجەماوەری بون و میتۆدو جۆرو کوالێتی کارکردنی وا دەکات لەداھاتوودا قوباد تاڵەبانی ببێتە سەرکردەیەکی کارزیماو نموونەیی لەمێژووی حوکمڕانی کورد لەعێراقدا.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/5/2018 1:55:14 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...