وتار
ئەو شەڕەی کە کورد دەبێ بیکات، شەڕی دەستوورە
سەعدی ئەحمەد پیرە
  ئەرک و دەسەڵاتی ھێزە چەکدارەکان
ماددەی (٩)ی دەستووری عێراق چی تێدایە؟ ھەر ماددەیەک گرنگی خۆی ھەیە، بەڵام ئەو ماددەیە گرنگیەکی تایبەتی ھەیە، چوونکە تایبەتە بە ھێزە چەکدارەکانی دەوڵەت و ئەرک و دەسەڵاتەکانی. لە رابردوودا ھیچ کات ھێزەکانی سوپای عێراق ھێزێک نەبوون بۆ پاراستنی گەلی کورد، بەڵکو ھێزێکبوون بۆ سەرکووتکردن و قڕکردنی، لەبەر ئەوە، رەھەندەکانی ئەم ماددەیە خوێندنەوەی قووڵی دەوێ.

ماددەکە لە خاڵی(ئەلف)دا دەڵێت: ھێزە چەکدارەکانی عێراق و دەزگای ئاساییشی وڵات لە پێکھاتەکانی گەلی عێراق پێکدەھێندرێت بە لەبەرچاوگرتنی ھاوسەنگی و بەبێ جیاکاری کردن، بەرگری دەکات لە عێراق و نابێتە ئامرازێکی سەرکوتکاری بۆ گەلی عێراق و دەستوەرناداتە کاروباری سیاسی و ھیچ رۆڵێکی نییە لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا.

لە خاڵی (بێ)دا دەڵێت: رێ بەپێکھێنانی میلیشیا نادرێت لە دەرەوەی ھێزە چەکدارەکان.

لە خاڵی (جیم)دا دەڵێت: ھێزە چەکدارەکانی عێراق و ئەندامانیان، لە نێویشیاندا سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگری و ھەر فەرمانگەیەک و دامەزراوەیەکی تری، بۆیان نییە کاندیدبکرێن بۆ ھەڵبژاردنەکان و بەکارھێنانیان بە مەبەستی سیاسی قەدەغەیە، بۆشیان نییە بە بانگەشەکانی ھەڵبژاردن ھەڵبستن بە قازانجی کاندیدی دیاریکراو و بۆیان نییە بەشداری لە ھیچ چالاکیەک بکەن جگە لەوەی کە وەزارەتی بەرگری بۆی دیاری کردوون.

لە خاڵی (دال)دا دەڵێت: دەزگای ھەواڵگریی نیشتیمانی عێراقی ھەڵدەستێ بە کۆکردنەوەی زانیاریی و دیاریکردنی ھەڕەشەکانی سەر ئاساییشی نیشتیمانی و خستەڕووی ئەمانە بۆ حکومەتی عێراق. ئەم دەزگایە لە ژێر دەسەڵاتێکی مەدەنیدا دەبێ و دەخرێتە ژێر چاودێری دەسەڵاتی تەشریعیەوە و پابەند دەبێ بە یاسا و بنەماکانی مافی مرۆڤ کە دانپیانراون.
 
شەڕ بە ماناکانی تر

ئەم ماددەیە لەگەڵ ھەموو ئەو گرنگیەی کە ھەیەتی، کەچی بە شێوە بنەڕەتیەکەی جێبەجێ نەکراوە و لایەنی کوردییش وەکو پێویست شەڕی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیەی بە شێوەی مەنھەجی نەکردووە. کە دەڵێم شەڕ مەبەست لە شەڕی تەقە و تفەنگ نییە، بەڵکو شەڕی دەستوورییە، شەڕە بە مانای سیاسی و دبلۆماسی و دۆزینەوە و بە کارھێنانی ئەو کارتانەیە کە حکومەتی عێراق ناچار بە جێبەجێکردنی دەقە دەستوورییەکە دەکات.

ھەبوونی سوپاسالاری کوردنەژاد لە ناو سوپادا کافی نییە و بە مانای جێبەجێبوونی ئەو ماددەیە نایەت. راستە ئەوە جێبەجێبوونی لانیکەمی خاڵی یەکەمی ماددەکەیە کە دەڵێت ھێزە چەکدارەکان لە ھەموو پێکھاتەکانی گەلی عێراق بێت، بەڵام ئەم بەشداریکردنە دەبێ ھاوسەنگ بێ وەک ئاماژەی بۆ کراوە، کەچی ھاوسەنگ نییە. ھاوکات بە روونی ئاماژە بەوە کراوە کە ھێزە چەکدارەکان نابێتە ئامرازێکی سەرکوتکاری بۆ گەلی عێراق و دەستوەرناداتە کاروباری سیاسی و ھیچ رۆڵێکی نییە لە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا. جگە لەمەش دەبێ ھاوکات لەگەڵیدا خاڵەکانی تری ماددەکە جێبەجێ بکرێن، ئینجا ئەم خاڵەی یەکەم مانداردەبێت.

کاتێ سەرنج لە خاڵەکانی ئەم ماددەیە دەدەین و بەراوردی دەکەین بەوەی لە ئەرزی واقیعدا ھەیە، بێ سێ و دوو حاڵەتی پێچەوانە دەبینین. ھێزە چەکدارەکان چەند جارێک لە ململانێ سیاسییەکانی نێوان حکومەتەکانی بەغداد و ھەرێمدا بوونەتە بەشێک لە ململانێیەکە و پێکدادانیش روویداوە. پێشتر ئەوەی بە ناوی (ژووری عەمەلیاتی دیجلە) پێکھێندرا، بەم دواییەش لە دوای ریفراندۆم ئەوەی بە ناوی سوپا و پولیسی فیدراڵی و (حشدی شعبی) ھەیە ھاتنە ناو ناکۆکیە سیاسییەکان، تەنانەت گەیشتە ئەوەی لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگەدا کە بە پێی دەستوور ھێزی نیشتیمانییە، رووبەڕووبوونەوە روویدا و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە. لە ئاستی تەشریعیشدا پەرلەمانی عێراق بە شێوەی نایاسایی کەوتە (بە جوملە) بڕیاردەکردن لە دژی گەلی کوردستان و حکومڕانیەکەی. ئەمانە ئاماژەن بەوەی کە عەقڵیەتی پێشوو ئێستاش ھەر ھەیە و لە قوڕمێکی نوێدا بەردەوامی بە خۆی دەدات.
 
ئەو راستییەی نابێ خۆمانی لێ لابدەین

راستییەک ھەیە پێویستە خۆمانی لێ لانەدەین، ئەویش ئەوەیە پابەندبوونی عێراق بە دەقی دەستوورەوە وەستاوەتە سەر ئەوەی کە چەندە کورد فشاری لە سەر دروست دەکات و شەڕی جێبەجێکردنی لەگەڵدا دەکات. دەستوور وەکو دەقێکی نووسراو نابێتە بەردی بەرپێ ئەگەر کورد بەوجودی سیاسی و دبلۆماسی خۆی لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا کاری بەردەوام لەسەر ئەوە نەکات.

ھەر لە ریزبەندی ئەم خاڵانەی ماددەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە عێراق ھەموو پابەندییە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکات، ئەوەی تایبەتە بە رێگرتن لە بڵاوبوونەوە و دروستکردن و بەرھەمھێنان و بەکارھێنانی چەکەکانی ئەتۆمی و کیمیاوی و بایۆلۆجی، قەدەغەی ئەوەش دەکات کە دەست ببرێت بۆ ھەر کەرستەیەک و تەکنۆلۆژیاییەک کە بۆ دروستکردنی و گەشەپێدانی بە کاربھێندرێت.

ئەم بەشەی ماددەکە کە بەم روونی و راشکاوییە باس لە قەدەغەکردنی چەکە کۆمەڵکوژەکان دەکات، بە پێداگیری کورد بەمجۆرە دارێژراوە، چوونکە گەلی کورد لەلایەن رژێکی پێشووی عێراقەوە چەند جار چەکی کیمیاوی بەرامبەر بە کارھێندراوە و ئاستی بەکارھێنانەکە لە شاری ھەڵەبجەدا گەیشتە لووتکە. ئەم جێکردنەوەیە لە دەستووردا گرنگە، بەڵام ناشبێ پێمانوابێ ئەمە ھەموو شتێکە و پشتی خۆمانی لێ بکەینەوە.
 
عێراق و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان

کاتێ دەوترێ کۆماری عێراق پابەندە بە پەیمان و رێککەوتنە نێونەتەوەییەکان، ئەمە شتێکی تازە نییە. پەیماننامەی جەمسەری خواروو ١٩٥٩ کە دوانزدە دەوڵەت ئیمزایان لەسەر کردووە و پەیماننامەی رێگرتن لە تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لە ھەواو و بۆشایی  و لە سەر ئاو لە ساڵی ١٩٦٣دا، پاشان بنەماکانی رێکخراوی دەوڵەتان بۆ ئاشکراکردنی بۆشاییەکانی دەرەوە ١٩٦٧، ھاوکات پەیماننامەی (تلاتیلۆتکۆ)ی تایبەت بە رێگرتن لە چەکی ئەتۆمی و کۆکوژی لە ١٩٦٧دا، پەیماننامەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی ١٩٦٨. ئەمانە و چەندین پەیماننامەی تری نێودەوڵەتی لە پەیوەندی بە پاراستنی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/9/2018 10:14:10 AM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...