وتار
بوون و نەبوونی دەستوور لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا
سەعدی ئەحمەد پیرە

(١)

تراژیدیای سیاسی و یاسایی

دەستوور خۆی چییە؟ بە کوردی و کۆبەندی، دەستوور دایکی یاساکانە. بەبێ دەستوور، یاساکان وەکو ئەو منداڵانەیان لێدێ کە ھیچ سەرپەرشتێکیان نییە، ھەرکەس دێ و غەدریان لێ دەکات.
لە ھەرێمی کوردستاندا تائێستا دەستوورێکی پەسەندکراو نییە و ئەوەی ھەیە ئەو دەستوورەی عیراقە کە لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە رێی راپرسییەکی گشتییەوە پەسەند کراوە. ئەم دەستوورە جگە لەوەی کە دەستووری ھەرێمی کوردستانیشە تا ئەوەی ھەرێم دەبێتە خاوەن دەستووری خۆی، پاشانیش ئەو دەستوورەی بۆ ھەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت سەرچاوەی خۆی لە دەستوورەکەی عیراقەوە وەردەگرێ و دەبێ کۆک و ھاوتەریب بێ لەگەڵیدا.

کەواتە پێویستە خوێندنەوە و تێگەیشتنمان ھەبێ بۆ دەستووری عیراق، بە تایبەت سیاسییەکان و پەرلەمانتاران و دامەزراوە حکومڕانییەکانی کوردستان لەسەریانە دەستوورەکە بگرنە دەست و شەوانە پێش ئەوەی بخەون، چەند ماددەیەکی لێ بخوێننەوە و بەیانی کە ھەڵدەستن بیکەن بە بنەمای کاری سیاسی و یاسایی لە چوارچێوەی پەیوەندی و ھاوبەشێتیەکانیان لەگەڵ حکومڕانانی حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵیدا.
لە راسیدا نە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا و نە نوێنەرانی کورد لە دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵی و نە سیاسییەکانی کورد لە ھەرێمی کوردستاندا، خوێندنەوەی دەستوورو کار لەسەرکردنیان نەکردووەتە ئەرکی سەرەکیی خۆیان.
لەوانەیە بەشێکیان ھەر بۆ تەنھا جارێکیش دەستوورەکەیان نەخوێندبێتەوە، کە ئەمە بۆ خۆی تراژیدیایەکی سیاسی و یاساییە بۆ کورد.
کورد کەڵکی لێ وەرگرتووە؟
من ھەوڵدەدەم لە رێی زنجیرەیەک وتارەوە بەشێک لە ماددەکانی دەستووری عیراق بخوێنمەوەو ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەم. ھاوکات ھەوڵدەدەم ئەو خاڵە گرنگانەی دەستوور دەست نیشان بکەم کە دەبوو کورد بە قازانجی خۆی کەڵکیان لێوەربگرێ کە کەڵکی لێوەرنەگرتوون.
مێژووی نووسینەوەی دەستوور و تەشریح کردن لە عیراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٧٦ ی سەردەمی دەسەڵاتداریەتی دەوڵەتی عوسمانی لەم ناوچەیەدا. ئەوەی وەکو دەستوور و تەشریحی حکومڕانی بۆ عیراقی ئەوسا دیاریکراوە لە سەر بنەمای دەستووری بنەڕەتی دەوڵەتی عوسمانی بووە. دەستوورداڕشتنەکەی ئەوکاتە بۆ جوگرافیایەک بەناوی عیراق رەنگدانەوەی کاریگەرییەکانی شۆڕشی فەڕەنسا و دۆخی ئەوسای ئەوروپا بووە.
بەڵام ئەو دەستوورە کاری پێ نەکرا. یەکەم دەستووری کارپێکراو لە عیراقدا ئەو دەستوورەیە کە ساڵی ١٩٢٥ لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عیراق و بە پێی سیستەمی پاشایەتی داڕێژراوە. ئەو دەستوورەش تا ساڵی ١٩٥٨ سێ جار ھەموار کراوەتەوە. لە پاش ئەوە کاتێ سیستمی حکومڕانی دەگۆڕێ بە کۆماری، دەستووریش دەگۆڕێ و لە ٢٧ی تەمووزی ١٩٥٨ دەستوورێکی تر دیاری دەکرێت. دوای ئەوەش یاسای ئەنجومەنی نیشتیمانی ژمارە (٢٥)ی ساڵی ١٩٦٣، پاشانیش دەستووری کاتی لە ٢٩ی نیسانی ١٩٦٤ دەردەچێ و لە ٢١ی ئەیلولی ١٩٦٨ یش جارێکی تر دەستوورێکی تری کاتی دەردەچێ، بەڵام ئەمەش کەمتر لە دوو ساڵ کاری پێ دەکرێ و لە ١٦ تەمووزی ١٩٧٠ دەستورێکی تر دیاریکرا. ئەم دەستوورە درێژماوەترین دەستوور بووە لە عیراقدا. لە ساڵی ١٩٩٠ پڕۆژەی دەستوورێکی نوێ گەلاڵە کرا، بەڵام نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوەو ھەر ئەو دەستوورەی ساڵی ١٩٧٠ وەکو دەستووری عیراق مایەوە تا لە ساڵی ٢٠٠٣دا، حکومڕانی حزبی بەعسی عەرەبی لە عیراقدا کۆتایی پێ دەھێندرێت.
لە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتەوە بۆ دەستووری ھەمیشەیی
دوای ئەوە ساڵی ٢٠٠٤ (یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت) ناسراو بە (یاسای برێمەر) بۆ ماوەی گواستنەوەی حکومڕانی دەرکرا، دواجار دەستووری ھەمیشەیی عیراق ئەوەی کە ئێستا کاری پێ دەکرێت لە ساڵی ٢٠٠٥ داڕێژدرا و پاشان لە راپرسییەکی گشتیدا پەسەند کرا.
لەو زنجیرە مێژووییەی ئاماژەم بۆ کردوون، زۆربەی دەستوورەکان بەبێ (ڕا) لەسەر وەرگرتنی خەڵک و ھەر لەلایەن گروپێکی دەسەڵات خۆیانەوە دیاریکراون. دەستوورێک بوون بەپێی پێویستییەکانی دەسەڵاتدارانی سەردەمەکان دانراون، ھەم بۆ بە ھێزکردنی پێگەیان و ھەمیش بۆ ئەوەی لەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەسەندکراوبن و روویەکی یاسایی بە حکومڕانیەکەیان ببەخشن. تەنھا دەستوورێک لە عیراقدا کە بە راپرسیکردن بە گەل و لەسەربنەمای کۆدەنگی ھەموو ئایین و ئاینزا و ئتنیکەکانی ئەو وڵاتە دەرچووبێت، ئەو دەستوورەیانە کە ئێستا کاری پێ دەکرێت. ھەرچەندە ئەو دەستوورە ھەموو داخوازییەکانی خەڵکی کوردستانی نەگرتووەتە خۆ، بەڵام لە ئان و ساتێکی مێژووییدا توانرا ئەوەندە بۆ گەلی کوردستان لە دەستووردا جێگا بکەنەوە.
ئەگەر ئەم دەستوورە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت..
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەو دەستوورەی کە ھەیە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی بەھێز و پارێزراوی دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا.
کێشەکانی کە ھەن کەمتر پەیوەندیان بە دەقی دەستوور و زیاتر پەیوەندیان بە پابەندنەبوون بە دەقەکەوە ھەیە. کەڵەگاییەکی سیاسی و تائیفی ھەیە لە وڵاتدا، زۆرجار دەستوور تێدەپەڕێنێ. لایەنێکی تائیفی یان سیاسی دێت و بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێ تەفسیر بۆ دەقە دەستوورییەکە دەکات، یان لە دەرەوەی دەستوور کار لە سەر خواستە تائیفیەکانی یان سیاسییەکانی دەکات. ئەوە لەکاتێکدا تەفسیری ئەو دەستوورە تایبەتکراوە بە دادگای دەستووری و فیدراڵی، ھەر تەفسیرێکی تر لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەت، یان لەلایەن ھەر گروپێکی تایبەت تەفسیرێکی ناھەق و نادروست دەبێ و ناکەوێتە خزمەت دەستوور و ئەو گەلەی دەنگی بۆ داوە. کورد لە بەرپێگرتنی ئەو کەڵەگایی و قۆچوەشاندنانەی ھەیە نەیتوانیوە وەکو پێویست پلانی ھەبێ و بە باشی و تێر و تەواوی ھێز لە دەقە دەستوورییەکان وەربگرێت.
مادەو بڕگەکانی دەستوور چی دەڵێن؟
دەستوور لە مادەی (٣)دا دەڵێت: «عیراق وڵاتێکی فرەنەتەوە و فرەئایین و ئاینزایە، ئەندامی دامەزرێنەر و کارای کۆمکاری عەرەبیە، پابەندە بە پەیماننامەکەیان و بەشێکە لە جیھانی ئیسلامی.»
لە دەستووری پێشتردا عیراق وەکو دەوڵەتێکی عەرەبی و بەشێک لە نیشتیمانی عەرەب وەسفی کرابوو. ھاوکات گەلی عیراق وەکو بەشێک لە (ئوممەی عەرەبی) ناسێندرابوو. ئەو گۆڕانکارییەی لەو ناساندنەدا کراوە راستکردنەوەیەکە بۆ ناھەقییەکی مێژوویی کە دەرھەق بە گەلانی عیراق کرابوو. ناساندنەکەی پێشتر قوتدانی نیشتیمانی کوردستان بوو لە رێی وەسفکردنی عیراق وەک بەشێک لە نیشتیمانی عەرەبی.
پەرلەمانتاری کورد بە چ زمانێک بدوێت؟
لە مادەی (٤)دا دەڵێت: زمانی عەرەبی و زمانی کوردی دوو زمانی رەسمین لەم وڵاتەدا. مافی عیراقییەکان زامنکراوە نەوەکانیان بە زمانەکانی دایک فێربکەن وەکو زمانی تورکمانی، سریانی، ئەرمەنی.
لەم ماددەیەدا بە روونی و ھاوسەنگ دەوترێت زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی رەسمین لەم وڵاتەدا. نەوتراوە عەرەبی زمانی یەکەمە و کوردی زمانی دووەمە. کەواتە با بپرسین ئەی بۆ لە ئەرزی واقیعدا زمانی عەرەبی بووەتە زمانی یەکەم و کوردی لە دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمانی فیدراڵیدا جێگایەکی ئەوتۆ و دیاری نەگرتووە؟ روون و راشکاو، ئەمە ھیچ پەیوەندیی نییە بە شۆڤینیەتی عەرەبی و کاربەدەستانی عەرەبەوە، بەڵکو پەیوەندیی بەو کەسانەوە ھەیە بە ناوی کوردو وەکو نوێنەرانی کورد لە بەغدان. بۆ نموونە: پەرلەمانتارانی کورد بۆچی لە پەرلەمانی عیراقدا بە عەرەبی قسە دەکەن و بە کوردی نایکەن؟ پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا ئەگەر عەرەبیزانێکی زۆر باشیش بێ، نابێ بە عەرەبی بدوێ، بەڵکو دەبێ بە زمانی کوردی قسە بکات و داوابکرێت وەرگێڕ دابندرێ قسەکانی بکات بە عەرەبی، نەک خۆی بە عەرەبی قسە بکات. ئەگەر تائێستا ئەوە نەکراوە، ھەڵەیەکی گەورەیە. تەنانەت تێبینی ئەوە دەکرێ ئێستا عیراق خۆی خەریکە بایەخێک بە زمانی کوردی دەدات و لە رەگەزنامە و ھەندێ بەڵگەنامەی رەسمیدا زمانی کوردی دەخاتە تەنیشت زمانی عەرەبی، کەچی پەرلەنتارانی کورد و کاربەدەستانی کورد لە بەغداد، ھێشتا شەرم دەکەن بە زمانی دایک قسە بکەن. ئەوە بەکەمگرتن و بەکەمزانینی زمانی خۆمانە لەلایەن خودی خۆمانەوە. تۆ دەستوور و یاسا مافی بۆ زامن کردووی بە زمانی کوردی لە ھەموو دامەزراوە رەسمیەکاندا قسە بکەیت، ئەی بۆچی نایکەیت؟ بەراستی ئەگەر پەرلەنتارانی کورد و کاربەدەستانی کورد لە بەغدا بە کوردی قسە ناکەن، ھۆکارەکەی خۆ بەکەم زانینە. ھەرئەمەش وا دەکات کەلتور و فەرھەنگی عەرەبی زاڵ بێ بەسەر کەلتور و فەرھەنگی کوردیدا.
لە کاتی خۆیدا (مام جەلال) لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە زمانی کوردی قسەی کرد و رۆژباشی کرد. لە سەرەتای قسەکانیدا وتی: مۆڵەتم بدەن بە زمانی خۆم سڵاو لە گەلەکەم بکەم. لە چەند کات و شوێنی تریشدا ھەنگاوی لەم جۆرەی نا. ئەی بۆچی لە ناو عیراق و لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و حکومەتی فیدرالیدا کوردەکان ئەوەندە خەمساردن لە ئاست زمانی دایکیاندا؟ ئایا دەیانەوێ تا کەی وەھا خۆ بە کەمزان بن؟
شەڕی پاراستنی زمانیشمان ھەیە
من ئومێد دەکەم ئەو دەستپێشخەرییە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوەشێتەوە کە پەرلەمانتارانی خۆی لە بەغداد پابەند بکات بەوەی لەمەولا لە کۆبوونەوەکانی پەرلەماندا بە زمانی کوردی قسە بکەن و لە رێی وەرگێڕەوە قسەکانیان بکرێت بە عەرەبی. زمان کە بەشە سەرەکی و بنەڕەتیەکەی کەلتورە، بە ئەندازەی خاک بەھا و گرنگی ھەیە. ئێمە وەک چۆن شەڕی خاک دەکەین، دەبێ شەڕی پاراستنی زمانیش بکەین. بە تایبەت لە رۆژگاری ئێستادا کە رۆژگاری تەکنەلۆژیا و بەجیھانیبوونە، زمان لە بەردەم مەترسیەکی گەورە دایە و پێویستی بەوەیە بپارێزدرێت.

*زنجیرەیەک وتارە لەبارەی دەستووری عیراقەوە
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
8/26/2018 8:22:39 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...