وتار
بە پیشەشازیکردنی کۆبوونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان
چرۆ شەھاب
ئەنجامدانی کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان و میوانداریکردنیان بونەتە پیشەیەکی گرنگ وەک ھەرپیشەیەکی تر، بەڵام بە شێوازێکی گرنگتر توانیویەتی بەسەر ھەموو پیشە باوەکانی تردا سەربکەوێت ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ دوو ڕەھەندی گرنگ.

ڕەھەندی یەکەم، ڕەھەندی سیاسییە:

ئەو وڵاتانەی داوای میوانداریکردنی کۆنفرانس یاخود کۆبونەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکەن بێگومان ئامانجی ھەمەچەشنی سیاسی ھەیە، ئەوانیش کۆکردنەوەی زۆرێک لە سەرۆک یاخود وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانە لە وڵاتەکەی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆنفرانس و کۆبونەوانەدا، بەمەش دەتوانێت دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆخۆی ڕابکێشێت لەبارەی سیستمی سیاسی و کار و ئەدای کارکردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بپارێزێت، ئەمەش خزمەت بە بەڕێوەچونی سیاسەتی وڵاتەکەی دەکات، لەگەڵ ئەمانەشدا دەتوانێت بیکاتە ڕیکلام و پڕوپاگەندە بۆ سیاسەتی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی یاخود ئاستی نێودەوڵەتی ، بەمەش دەتوانێت مەسجێکی گرنگ بدات بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گرنگی و بەھێزی وڵاتەکەی خۆی، کە وڵاتێکی گرنگ و ئەمین و پارێزراوە لە بەرامبەر ھەر کردەوەیەکی تیرۆریستی.

ڕەھەندی دووەم، ڕەھەندی ئابووری :

ئەویش لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی ھەر کۆنفراس و کۆبونەوەیەکی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی دەبێتە چالاکیەکی ئابووری لە وڵاتدا ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە وڵاتی خانەخوێ ھۆتێلەکان بازاڕیان دەبێت و لەگەڵ ئەمەشدا دروستکردنی باڵەخانەی تایبەت بە کۆبونەوە و کۆنفرانسەکە دروست دەکرێت، ھەروەھا گەشەکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکانی پەیوەندیکردن لەخۆدەگرێت.
لایەنێکی تری باشی ئەم جۆرە لە کۆنفرانس و کۆبونەوەیە ئەوەیە کە بەشداربوانیان ھەڵدەستن بە کڕینی بابەتی تایبەت لە دیاری وڵاتی خانەخوێ و بردنەوەی بۆ وڵاتانی خۆیان کە لێوەی ھاتوون، ھەربۆیە ئەنجامدانی کۆنفرانس و کۆبونەوە ھەرێمی و نێودەوڵەتیەکان لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا بونەتە پیشەشازیەکی گەورە لە گەشتوگوزاری کۆنفرانسەکان .
لە بارەی گرنگی کۆبونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکان کۆمەڵەی نێودەوڵەتی کۆبونەوە و کۆنفرانسەکان، ڕایانگەیاندووە کە وڵاتانی ئەسکەندنافیا ھەریەکە لە « فنلەندا و سوید و نەرویژ و دەنیمارک و ئایسلەندا « لە گروپی یەکەم دێن لەسەر ئاستی جیھان.

ڕکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشت وگوزاری جیھانی واچاوەڕوان دەکەن کە ھەریەکە لە چین و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و ھیندستان و یابان و بەرازیل بە بەرزترین ئاست دادەنرێن تا ساڵی ٢٠٢٥ لە بواری گەشت وگوزاری کۆنفرانس و کۆبونەوە و پێشانگای نێودەوڵەتی، بەمەش زۆرترین وەبەرھێنان دەکەن لە بواری گەشتوگوزاری کۆبونەوەو کۆنفرانسەکان، بێگومان دواجار ئەم جۆرە کۆنفرانسانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتەی کە کۆنفرانسە نێودەوڵەتیەکانی تیادا ئەنجام دەدرێت.

ئەگەر وردتر بڕوانین لە گرنگی ئەمجۆرە کۆبونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتیانە دەبینین لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عیراق، ھەرچی کۆبونەوە و کۆنفرانس ھەبوو لەسەر پرسی گەشەی ئابووری و پرۆسەی ژن و بەشداری سیاسی و ھەروەھا پرسەکانی نێوان بەغداد و ھەولێر و پرسە ئابوریەکان، ھەموو ئەو کۆنفرانس و کۆبونەوە نێودەوڵەتیانەیان دەبردە وڵاتی ئوردن لەوێ ئەنجام دەدران، وەک لای ھەموان ئاشکرایە وڵاتی ئوردن بەشێکی سەرەکی لە ژێرخانی ئابوریەکەی لەسەر گەشت و گوزار بەڕێوە دەچێت.

کەواتە لە ئەنجامی ئەم باسە گرنگی کۆنفرانس و کۆبونەوەی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتیمان بۆ دەرکەوت، ھەربۆیە گرنگ و پێویستە لەسەر ئاستی سیاسی و کولتوری و زانستی ئەم پرۆسەیە لە کورستان بەرەو ئاستێکی باڵا ببەین تاوەکو ببێتە ھاندەرێک لە گەشە و بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووری وڵات.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
12/6/2018 5:56:44 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...