وتار
پلان لە پەیوەندییە گشتییەکاندا
چرۆ شەھاب

زۆر جار زۆرینەمان لە کاتی کێشە و گرفتەکاندا بەردەوام گلەیی و گازەندەکانمان ڕوو لە دەستەڵاتداران و حکومڕانان دەکەین کە بەھۆی بێ پلانیەوە دووچاری کێشەکان دەبینەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە بە وردی لە شێواز و جۆری پلان شارەزاییەکی ئەوتۆ نیە و بەشێوازێکی ھەڕەمەکی باس لەبون و نەبونی دەستەواژەی پلان دەکەین لە پڕۆسەی ژیانی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی، بەھۆی زۆری و بەربڵاوی بەکارھێنانی ئەم دەستەواژەیە بە باشم زانی ئەگەر بەکورتیش بێت شتێک لە زانستی پلان لەبواری پەیوەندیە گشتییەکان بخەمە بەر دیدی خوێنەر.

لە کۆی سەرچاوە زانستیەکاندا پلان لە پەیوەندیەگشتییەکاندا بە شێوەیەکی گشتی دادەنرێت بە چالاکی زیھنی و توانا فیکریەکانی کە پشت بەستوون بە پسپۆڕی و شارەزایی زانستی، ھەموو ئەمانەش بەئامانجی پێشبینی پێویستی و قەبارەی ئەوکارانە دێت کە لە چوارچێوەی کاتدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت کە ھەندێک جار دەشێت کاتەکە کورت یاخود درێژ مەودابێت، جگە لەوەش پلان بەردەوام لەگەڵ ڕاستیەکان مامەڵە دەکات.

پەیوەندیەگشتییەکان بەردەوام دادەنرێت بە یەکەم زانست لە زانستە کۆمەڵایەتیەکان کە پشت ئەستورە بە پلانی زانستی و دروست، ھەربۆیە ھەر چالاکییەکی ئامانجداری پەیوەندیەگشتییەکان بەدەست نایەت ئەگەر پشت بە پلانی سەرکەوتوو نەبەستێت. پلان وەک کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پەیوەندیە گشتییەکان پێناسی دەکەن و دەڵێن « پلان ئەرکێکی کارگێڕیە کە سروشتێکی بەردەوامی ھەیە لە ڕێگەیەوە ڕێکخراو و دامەزراوەگشتی و تایبەتەکان ھەوڵی بەدەستھێنان و پارێزگاری کردنی ھەموو ئەو لێک تێگەیشتن و ھاوسۆزی و پشتیوانییانەی ئەو لایەنانەن کە گرنگیان پێدەدەن ئەویش لەڕێگەی ھەڵسەنگاندنی ئەو ڕای گشتییەی کە پەیوەستە بە سیاسەت و جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەپێی توانا لەڕێگەی زانیاری پلان بۆ داڕێژراو و بڵاوکردنەوەی».

لەگەڵ ئەم باسەی پلان بێگومان بۆچونی تر ھەیە لە بارەی پلان کە بە کارێک دادەنرێت کە بەشێوازێکی لۆژیکی ڕێکخراو کار لەسەر شیکردنەوەی توانا مرۆیی و دارایی و مەعنەویەکان دەکات و بە باشترین شێواز ڕێکیان دەخات ئەویش بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکەیە.

لە گرنگیەکانی چەمکی پلان ئەوەیە کە یارمەتیدەرە بۆ خستنە ڕووی شێوازی کارکردن و ئامانجەکەی کە دواجار لەخزمەت خستنە سەر رێگەی ڕاستی ئەرک و کار و پرۆژەکانە، لەگەڵ ئەمانەشدا پلان یارمەتی دەرێکی باشە لە دیاریکردنی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی ھەموو ئەوکار و پڕۆژانەی خراونەتە بەردەست، بێگومان خاڵێکی تری پلان ئەوەیە کە گرفت و کێشەکان دەخاتە ڕوو، ھەروەھا توانای ھەیە چارەسەریەکانیش بەردەست بخات. دوو جۆری سەرەکی پلان ھەن کە لەڕووی بنەما زانستیەکانەوە دەست نیشان کراون ئەوانیش:

یەکەم : پلانی خۆپارێزیە:

لەم جۆرەی پلاندا پشت ئەستورە بە توێژینەوە و زانستی سەردەمیانە کە ئامانج لێی دووربینی و دور مەوداییە لە چوارچێوەی پەیوەندیەکانی نێوان ھەر دامەزراوەیەک و جەماوەرەکەی،لەم جۆرەی پلاندا کاردەکرێت لەسەر ڕەوینەوەی ئەو لێک تێنەگیشتن و بەربەستانەی کە دێنە بەردەم بەرژەوەندی دامەزراوەکە، ھەندێک جار ئەو بەربەست و لێک تێنەگەیشتنانە کورت یاخود درێژ مەودان.

دووەم: پلانی چارەسەر:

لێرەدا پسپۆڕانی بواری پەیوەندیە گشتییەکان ناوزەندی دەکەن بە (پلانی قەیرانەکان) ئەم پلانە بە شێوازێکی مەیدانی ڕووبەڕوی ئەو قەیران و گرفتانە دەبێتەوە کە دووچاری دامەزراوەکە بووە و بەردەوامە لە چارەسەرکردنی. بێگومان پلان وەک ھەر کار و ئەرکێکی بەردەوام لە ناو دامەزراوە گشتی و تایبەتەکان لەگەڵ دەرخستنی شێواز و تێگەیشتنی زانستیانە بۆی وە دیاریکردنی جۆرەکانی، پێویست دەکات قۆناغەکانیشی دیاری بکەین، ئەویش خۆی دەبینێتەوە لە قۆناغی ئامادەکردنی پلان کە تیایدا گرفتی سەرەکی دەستنیشان دەکرێت و واقیعی حاڵی دامەزراوەکە دەخرێتە بەرچاو، قۆناغی دووەم قۆناغی جێبەجێکردنی پلانەکەیە و بە دواشیدا لە قۆناغی سێیەم بێگومان چاودێریکردن و بەدوادا چون دێت کە تیایدا بۆمان دەردەخات تاوەکو چەند توانراوە پلانەکە وەک خۆی جێبەجێبکرێت.

لەبیرمان نەچێت کە ھۆکاری سەرکەوتنی ھەر پلانێک دەگەڕێتەوە بۆ چەندین ھۆکار کە ھەندێکیان خۆی دەبینێتەوە لە دیراسەکردنی ووردی پرۆژەکە لەگەڵ دابەشکردنی ئەرک و ڕۆڵی کارکردنی نێو گروپ و دەستەکان، ھەروەھا پشت بەستن بە ھەڵبژاردنی باشترین شێوازی پەیوەندیکردن بە جەماوەر دامەزراوەکە، لە ھەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە دان بەھەڵەکانی خۆماندا بنێین و ببێتە وانەیەک بۆ داھاتوو، کۆتا ھۆکاری سەرکەوتنی پلان دەگەڕێتەوە بۆ دانانی پلان لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و بەئەزمون و لێھاتوو.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
11/1/2018 2:37:49 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...