وتار
سەقامگیریی سیاسی
چرۆ شەھاب
سەقامگیری سیاسی بە بەشێکی گرنگی سەقامگیری کۆمەڵایەتی گشتی دادەنرێت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەقامگیری کۆمەڵایەتی بەو مانایە دێت کە کۆمەڵگە دەتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەکانی کە کارلێک بکەن بەبێ ئەوەی ھیچ گرفت و ڕێگریەک لەبەردەمیاندا دروست ببێت، سەقامگیری سیاسی پەیوەستە بە دامەزراوە سیاسیەکانی وەک دەستەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکار و دادوەری، گەر ووردتر بڕوانین ئەمڕۆ دەستەڵاتی میدیایی بەبەشێکی گرنگ دادەنرێت کە دەتوانێت گاریگەری لەسەر دروست بون و نەبونی کۆی سەقامگیریە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکە بکات.

لایەنێکی کەی سەقامگیری دەبەسترێتەوە بە بونی پارتە سیاسیەکان لە دید و بۆچون و ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لەکاتێکدا سەقامگیری کۆمەڵایەتی بونیادنەری کۆمەڵگەیە لە چوارچیوەی سیستم و دامەزراوە سیاسیەکان، کەواتە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە سەقامگیری سیاسی بەشێکی دانەبڕاوە لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
ئەگەر لە ڕووی زانستیەوە بڕوانینە باسی سەقامگیری سیاسی وادادەنرێت کە ھاوسەنگیی مامەڵەکردنی یەکترە لەنێوان وڵات و وڵاتانی کە لەسەر ئاستی دەرەوە،لەگەڵ ئەمەشدا ھاوسەنگی لەناوخۆ لەخۆدەگرێت چونکە ھاوسەنگی نێوخۆیی دەتوانێت ڕەنگدانەوە لەسەر ھاوسەنگی دەرەکی بکات، بەمەش دەتوانرێت دۆخێکی سەقامگیری گشتی لەنێو کۆمەڵگە دەستەبەر بکرێت.

لەکاتێکدا کۆمەڵگە بەدوای دۆخێکی سەقامگیردا دەگەڕێت بێگومان لەپێناو بەدەست ھێنانی ژیانێکی ئاسودەیە لە ڕووەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە،بەدەستەبەرکردنی دۆخێکی سەقامگیر بێگومان دەتوانێت خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانیش بەھەمان شێوە دەستەبەر بکات. لە بونی سەقامگیری لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوە کاریگەری گەورە دروست دەکات لە بونی دۆخێکی سەقامگیری سیاسی کە ئەمەش وڵات دەتوانێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا دەستەبەری بکات.

بۆئەمەش پێویستە دەستەڵاتی سیاسی لە وڵاتدا پشت ببەستێت بە تواناو بەدامەزراوەکردنی فیعلی دەزگا و دامەزراوەکانی و بەردەوامی دان بە گەشەسەندنی دامەزراوە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی . لەکاتێکدا ھەموو تاکێک لەناو کۆمەڵگە بەدوای دۆخێکی ئارام و سەقامگیردا دەگەڕێت بێگومان ھەنگاودەنێت بۆ دۆزینەوەی گرفتەکانی کە بونەتە ھۆی ھەست نەکردنی تاک بە بونی سەقامگیری،کەواتە دەتوانین بەشێکی ناسەقامگیریەکە بگەڕێنینەوە بۆ ئەم خاڵانە:
یەکەم: بەدامەزراوەنەکردنی دەزگاکانی کەرتی گشتی و تایبەت و بەڕیوەبردنیان لەسەر ئاستی باڵا تا خوارەوە.
دووەم: گرنگی نەدان وەک پێویست بە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و دروست نەبونی متمانە لەنێوان کارمەند و خاوەن کار ،کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی ئەو زەماناتەی کە لەکەرتی گشتیدا ھەیەوە لەکەرتی تایبەت بونی نییە.
سێیەم: خوێندنی تەقلیدی و باو وە گرنگی نەدان بە پێویستی بازاڕی کار .

چوارەم: بونی ململانێی ناتەندروستی نێوان پارتە سیاسیەکان ھۆکارێکی سەرەکی و دیاری بوونی نا سەقامگیرییە،کەوەک باسمانکرد کاریگەری گەورە لەسەر سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروست کردووە.
پێنجەم: داڕمانی متمانەی نێوان ھاوڵاتی و دەستەڵاتی حوکومڕانی بەدەر نیە لە دروستکردن و سەرھەڵدانی ناسەقامگیری.
شەشەم: بێمنەت بون لە فەرمانبەر و دەستی کاری نێوخۆیی یەکێکی ترە لەوخاڵانەی کە بووەتە ھۆی دروست بونی بێ متمانەی و نەمانی ئینتیما خۆشەویستی بۆ نیشتمان.

ئەمە بەشێکی کەمە لە ھۆکاری دروست بونی ناسەقامگیری بەشێوەیەکی گشتی، لەگەڵ ئەمانەشدا غیابی گەورەی ھەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی بەتایبەت لای ئەو کەسانەی کە پلە و پۆست وەردەگرن،ئەمەش بێگومان دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان بە پشک پشکێنە بەبێ ئەوەی گوێبدرێت بە لێھاتووی کەسەکان.
کەواتە لەدوای دەستنیشانکردنی گرفتەکان دەتوانین ھەنگاوی جدی بنێین بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەدەست ھێنانەوەی متمانەی ھاوڵاتیان بە دەزگا و دامەزراوەکانی وڵات و سەرلەنوێ بونیاد نانەوەی ژێرخانی ئابوری و سیاسی.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
10/18/2018 7:46:44 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...