وتار
دیاردەی بێکاری
چرۆ شەھاب
لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو تا ئێستاشی لەسەر بێت دیاردەی بێکاری بەرۆکی دەرچوانی گرتۆتەوە، کە لە بنەڕەتدا بووەتە بەشێکی سەرەکی لە گرفت لە نێو کۆمەڵگە و حکومەت پێوەی دەناڵێنێت. لە بوون و زیادبونی زانکۆ و پەیمانکەکان لەبری ئەوەی ھەلی کاری زیاتر بڕەخسێت زۆرترین بێکار دەبن، ئەبێت بپرسین ئایا بۆ بێکاری ڕووی لەناوچەکەمان کردووە؟ ئایا ئەم بێکاریە تەنھا بەرۆکی کوردستانی گرتووە یاخود لە دونیادا ئەم دیاردەیە ھەیە و ڕولەھەڵکشانە؟

ئەمانە و چەندین پرسیاری تر دێنە نێو زیھنی ھەر تاکێک لەم کۆمەڵگەیە، ھەرکەس ھەڵدەستێت شیکاری لەسەر ئاستی خۆی بۆدەکات بە بێ ئەوەی توێژینەوەیەکی وورد و باوەڕپێکراوی زانستی لەسەر کرابێت ھەرچەندە گرفتی سەرەکی لە ئەنجامدانی توێژینەوەی لەم جۆرە زۆرە کە سەرەکیترینیان گرفتی داتاو زانیاری دروستە، چونکە دامەزراوەیەکی دیارمان نییە کە پەیوەندی داربێت بە تۆمارکردنی ئەو کەسانەی بێکارن.

ئەرکی ئەنجامدانی ئەم جۆرە توێژینەوەیەش دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت چونکە حکومەت دەتوانێت دامەزراوەیەکی تۆمارکردنی بێکاران دروست بکات و لەگەڵ سیستمی بایۆمتری ڕێکی بخات و کەرتی تایبەتیش بە کارمەندەکانیانەوە لەسیستمێکی کەدا تۆماربکرێن تا بتوانرێت بێکاری ڕاستەقینە دەربکەوێت و بتوانرێت لەم ڕێگەیەوە ھۆکارەکانی بێکاری دەست نیشان بکات و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە و ساڵ بەساڵ ڕێژەی بێکاری بەرەو کەم کردنەوە ببات.

لە ھەر وڵات و ناوچەیەک ڕێژەی بێکاری زۆربێت بێگومان سیستمی حوکمڕانی دەکەوێتە مەترسیەوە، ھەربۆیە گەر حکومەتەکان لەھەوڵی کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری نەبن زەرەر مەندی یەکەم خۆیان دەبن. بێگومان بونی بێکاری دەگەڕێتەوە بۆچەند ھۆکارێک ئەوانیش:

یەکەم: ھۆکاری سیاسی

ئەم ھۆکارە پەیوەندیدارە بە سیاسەتی وڵاتەوە و خۆی لە دوو ھۆکاردا دەبینێتەوە ئەوانیش ھۆکاری دابەزینی ئاستی ھاوکاری و پشتیوانی کەرتی کار لەلایەن حکومەتەوە.
دووەم: ھۆکاریشیان غیابی گەشەسەندنی سیاسیە لەسەر دۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتودا.

سێھەم: ھۆکاری ئابوری

ھۆکارەئابوریەکانی بێکاری کە یارمەتی دەرە بۆ بەرزبونەوەی ڕێژەکە دەگەڕێتەوە بۆ زۆربونی فەرمانبەران و کەمی شوێنی کار ، ئەمەش لەکاتێکدا ڕوودەدات کە ڕێژەی دەرچون لە زانکۆو پەیمانگاکان زۆر زیاترە لە بونی شوێنی کارکردن لە کەرتەکانی گشتی و تایبەتدا، لەلایەکی کەوە ھۆکارێکی گرنگ ھەیە کە ئەویش گۆڕینی دەستی کارە بە تەکنەلۆجیا ئەم ھۆکارەش یارمەتی دەرێکی باشە بۆ کۆمپانیاکان کە بە بودجەیەکی کەمتر و خێراتر کارەکانیان ئەنجام دەدەن، لایەنە خراپەکەشی ئەوەیە کە ھەلی کارکردن کەم دەکاتەوە.

چوارەم: ھۆکارە کۆمەڵایەتیەکان

ئەم جۆرە ھۆکارە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبونی ڕێژەی دانیشتوان و بڵاوبونەوەی ھەژاری، لەبەرامبەریشدا ناتوانرێت ھەلی کار بڕەخسێندرێت بۆ بێکارەکان، ھەروەھا زۆربونی ڕێژەی گەنجانێک کە توانای کارکردنیان ھەیەو بەھۆی بێکاریەوە دوچاری بێھیوایی بوون.

کەواتە پێویست دەکات لەسەر حکومەت ھەستێت بە دامەزراندنی دامەزراوەیەکی ھاوبەش لە کەرتی گشتی و تایبەت،کە ئەرکی ئەم دامزراوەیە ئەوە دەبێت کە ھەستێت بە ڕێکخستنەوەی دامەزراوە تایبەت و گشتیەکان و کاربکات لەسەرھەلی کار بۆ دەرچوان و بێکاران بڕەخسێندرێنێت.لە لایەکی کەوە پێویست دەکات زانکۆو پەیمانگەکان سیستمی خولی ھاوینە چالاک بکەنەوە بۆ خوێندکارەکانی کۆتا قۆناغی خوێندن ، چونکە ئەم شێوازەی ڕاھێنان و بەشداری کردن لە خولەکان ھەلی کاردەڕەخسێنێت و بەم شێوەیە ڕۆژ بەڕۆژ بێکاری بەرەو ئاستێکی باش دادەبەزێندرێت

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
6/30/2018 2:36:58 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...