وتار
ئایندە، پلان، پارتی سیاسی
چرۆ شەھاب
ئەوەی گەشە بەخۆی نەدات ئەپوکێتەوە و لەناودەچێت، ئەم دەستەواژەیە ئەمڕۆ بۆکۆی پارتە سیاسیەکان لەسەرساحەی سیاسی و جەماوەر بە گونجاوترین دەستەواژە دادەنێم، ئەویش لەبەر یەک ھۆی سەرەکی کە بە وشەیەک لەنێو دەشتەواژەکەدا ھاتووە کە گەشەکردنە، گەشەکردن لە خودی ژیانی تاکەوە تا دەگاتە گەشەکردنی ئەدای سیاسی لەنێو پارتی سیاسی و بە کۆی دەزگاو دامەزراوە مەدەنیەکانیشەوە، بەخاڵی وەرچەرخان و دیاری کۆی پرۆسەکانی سوڕی ژیانیان دێت لە ڕووی شێوازی ئەدای کارکردنیانەوە.

گەشەکردن بە مەترسیدارترین قۆناغ دێت چونکە بونیاد نان و ئیستقراری پارت و دەزگاکان لە قۆناغەکانی گەشەکردنن، کەواتە بۆ دەستەبەرکردنی ئەم قۆناغانە دەبێت بگەڕێینەوە سەر شێواز و ڕێچکەکردنی گەشەکردنەکە، چونکە ئەم قۆناغە بەردەوام زۆر ھەستیارەو داواکاریەکان و بەدەنگەوەچونی ھەستیارترین و وورد ترینن، ئەگەر بە تەندروستانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت بێگومان پایەی سەرەکی لە ئیستقرارو بونیادنان دەکەوێتە بەر داخوران، چونکە لەم قۆناغەی گەشەکردندا پێویستمان بە گۆڕانکاری بەھێزو ڕیشەیی و بڕیاردانی کاریگەرە بە وردی  .

ئاشکرایە برەودان بە پێکھاتە سەرەکیەکانی ناو ھەر دەزگاو دامەزراوەیەک بەتایبەتی حزبییەکان بە شێوازێکی یەکسان دروست دەبێت و پێویستە پارێزگاری لەو گەشەکردنە بکرێت، ھەروەھا پێویست دەکات کاردانەوەی گەشەکردنەکە ڕەنگدانەوەی ئەرێنیمان پێ بدات، چونکە ھەر لاوازیەک لەھەر پایەیەک ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر کۆی پایەکانی دیکە دەکات.

کەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەردەکەوێت کەپێویستە دامەزراوە و پارتی سیاسی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ خواست و داواکاری و بەرژەوەندی ھاووڵاتیان، ئەگەر پابەندی نەبن ئەوکات کاردانەوە پێچەوانەکە ڕوودەدات کە لەخواست و بەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نەبێت.

ھەر بۆیە پێویست دەکات پارتە سیاسیەکان بەتایبەتی کار لەسەر بونی پلانە ستراتیژیەکانیان بکەن کە بەشێوەیەک بێت بتوانێت لە ئەدایەکی ئەرێنی کارەکانیانەوە متمانەی جەماوەری دەرەوەی خۆیان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن،چونکە پلانی ستراتیژی و کاردانەوە و بەرھەمەکانی موڵکی تەواوەتی ئەو پارتە سیاسیانەیە کە جێبەجێکاری داواو خواستەکانی جەماوەرن.

بونی پلانی ستراتیژی و جێبەجێکردنی چەند سودێکی ھەیە،لەوانەش:
یەکەم: پلانی ستراتیژی و ھەیکەلەی ڕێکخستنی پارتی سیاسی ڕێگەخۆشکاری دەکات لەپێناو ئەداکردنێکی گونجاو وباش و ڕەنگدانەوەی لایەنە ئەرێنیەکان بەشێوازێکی خێرا لەبارودۆخێکی گۆڕاودا، کە لەبەرژەوەندی پارتەکە دەبێت.

لەگەڵ ئەمانەشدا پارتی سیاسی دەتوانێت بگات بە دەست نیشانکردنی خاڵی بەھێز و لاوازی، کەپێویست دەکات لەکارە پێشینەییەکانی بێت بۆ گەنگەشەکردن و بەدواداچونکردن بۆی.

دووەم: دەتوانرێت تێگەیشتنی ستراتیژی یارمەتی دەربێت لە دروست بونی ھێزی دامەزراوەیی، کەتیایدا دەتوانرێت بیرو بۆچونە نەرێنیەکانی ناو پارتەکەی بەئاڕاستە ئەرێنیەکەدا ببات،چونکە دواجار ئامانجی سەرەکی گەشەکردنی پارتە سیاسیەکەیە.

سێیەم: پلان دەتوانێت پەیوەندیەکانی دەرەوە و کۆمەڵگەی سیاسی بەئاڕاستەیەکی بەھێزدا ببات، کە دواجار ئامانج لێی بەھێزکردنی پەیوەندیەکانێتی لە سەر بنەماو چوارچێوەیەکی دیاریکراو.

لەدوای سودەکانی ستراتیژیەتی دامەزراوە و پارتە سیاسیەکان پێویست بەوە دەکات بزاین بۆچی پلانی ستراتیژی گرنگە بۆ ئەم دامەزراوانە، ئەویش خۆی لەچەند خاڵێکدا دەبینێتەوە کە:

یەکەم:ئەگەر ھاتوو پارتی سیاسی توانی خاڵی گرنگی گەشەکردنی لەنێوپلانەکەی دیاریبکات، بێگومان دەتوانێت ھەلی گەورە لەسەرکەوتن بۆخۆی دەستەبەر بکات و بە توانایەکی گەورەشەوە بەشێوازێکی پراکتیکی جێبەجێی دەکات،ئەمەش خاڵی گرنگ و وەرچەرخانە بەرەو چەسپاندنی گەشەکردنەکەی، لە ڕوویەکی ترەوە باشی پلان ئەوەیە کە پارتی سیاسی لەڕووی ئەدای کارکردنیەوە دەتوانێت موقارەنەی پارتی ڕکابەری خۆی بکات لەڕووی ئەداو بڕیار و بەڵێنەکانیانەوە لە ژینگەی ناوخۆیی و دەرەوەیدا، کە بێگومان بە بەرژەوەندی خۆیدا پراکتیزە دەکرێت.

دووەم: گرنگی دووەم خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە بەردەوام لە ئەپدەیتی نوێی پلانەکەیدا دەبێت بەپێی ئەو ڕووداو و پێشھاتانەی کە بەشێوازێکی کتوپڕ دێنە بەردەمی، کەبێگومان پلانی کتوپڕ خۆی دەخزێنێتە نێوچارەسەرەکان.

لەبیرمان نەچێت کە شێوازی کارکردنی ڕێکخستن خۆی لە دوو شێوازی سەرەکیدا دەبینێتەوە کە ئەوانیش پێشەنگی و گونجاندنە، کە لە شێوازی یەکەمدا بنکۆڵکاری لە ژینگەی چواردەورەکەدا دەکرێت،ئەویش خۆی لە گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوە ژینگەییەکاندا دەبینێتەوە و ، لەکاتێکدا لە شێوازی دووەمدا ئاماژە بەوەکراوە کە ھەستکردنە بە گۆڕاوە ژینگەییەکان و بەشێوازێکی پلەبەندی خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕاوانەدا دەگونجێنێت.

دواجار ئاستەکانی کاری ڕێکخستن لە شێوەی ھەرەمیدایە،کە ئاستی کار بەڕێکار لە بنکەی ھەرەمەکەدا خۆی دەبینێتەوە و پاشان ئاستی ئیداری دێت و لە لوتکەی ھەرەمەکەش ئاستی ستراتیژی بەدی دەکرێت ھەر بۆیە بۆ بەدەست ھێنانی ستراتیژیەتی ھەر پارتێک لە ھەنگاونان بەرەو گەشەکردن و سەرکەوتن دەبێت ڕەچاوی بنکەی ھەرەمەکە بکات تا بتوانێت بە بەھێزی بیھێڵیتەوە.
 

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
5/20/2018 10:51:17 AM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...