وتار
بانگەشەی هەڵبژاردن و پەیوەندییە گشتییەكان
چرۆ شەھاب
بانگەشەی هەڵبژاردن بە ناوەرۆكی پەیوەندییە سیاسییەكان دادەنرێت، زۆرێك لە توێژینەوە زانستییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە خاڵی بنەڕەتی هەموو بانگەشەیەكی هەڵبژاردن دەكەوێتە سەر ئەو مەسجە ورد و دروستە میدیاییەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا پشتی پێدەبەسترێت، بۆ ئەم مەبەستەش دامەزراوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن پشت ئەستوورن بە توانا و شارەزایی كەسانی پسپۆڕ لەبواری پەیوەندییە گشتییەكان بەتایبەتی و وەك لایەنی یەكەمی پرۆسەكە‌و هەروەها لایەنی دووەم پشت دەبەستێت بە كۆی ئەو وەسیلە گرنگانەی میدیا و دیجیتاڵ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لەم حاڵەتەشدا ئەگەر بە شێوازێكی تەندروست و ورد وشە و دەستەواژە و وێنەكان بەكار نەیەت، كاردانەوەی نەرێنی لەسەر پڕۆسەی بانگەشەكە دەبێت، چونكە لە یەك كاتدا كاندید زۆر بەئاسانی دەگاتە جەماوەرەكەی و هەڵەی لێ قبوڵ ناكرێت.

وەك ئاشكرایە بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەوڵ ‌و توانا و پلانە دیراسەكراوەكان دادەنرێت و پێویست دەكات ئامادەكاری و هەماهەنگی وردی بۆبكرێت لە نێوان كاندید و مەڵبەندی هەڵبژاردنی پارتەكەیەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییەی لە نێوان پارتەكان و كاندید و پرۆگرامە سیاسییەكەیان لەبەردەم دەنگدەراندا.

بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لە وڵاتێك بۆ وڵاتێك جیاوازە وەك چۆن لە هەندێكیان راستەوخۆ لەدوای دانانی كاندیدەكان بانگەشە دەست پێدەكەن، لە هەمان كاتدا لە وڵاتێك و سیستمێكی كەدا پاش تەواوبوونی رێكارە یاساییەكان و رێگەپێدانیان دەست بە بانگەشە دەكەن.

بۆ ئەم مەبەستە دەبێت بزانین سەرەتا لە كوێ و چۆن دەست بە پرۆسەكە دەكرێت، بێگومان سەرەتا رەگەزەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن گەنگەشە بكەین، كە ئەوانیش:

یەكەم: رێنماییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەم رێنماییانە خۆی دەبینێتەوە لەو بنەمایانەی كە بانگەشەكەی پێ رێكدەخرێت، لەگەڵ مەرج و پەیوەست بوون بە بەرنامەی رێكاری پرۆسەكەوە.

دووەم: كاندید، كاندیدەكان دەتوانن لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پێناسی خۆیان و ئامانج و بەرنامەی كاریان بۆ جەماوەر بكەن و بەردەوام لە پەیوەندیدابن لەگەڵ جەماوەر، بەمەبەستی بەدەستهێنانی زۆرترین متمانە و دەنگ.

سێیەم: دەنگدەر، لەڕێگەی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە كاندید و كار و بەرنامە و ئامانجەكانیان دەناسێت و زانیارییان لەسەر كۆدەكاتەوە و پێویست دەكات لەم كاتەدا رێگە لەبەردەم ئازادیی دەنگدەر نەگیرێت و باشترین بژاردە بخاتە بەردەستی.

لەپاش ئەمانە، پێویستە ئیدارەی بەرپرس هەبێت بۆ چاودێریی بانگەشەی هەڵبژاردنەكە، ئەویش بە دانانی لیژنەیەكی بەرپرس لە چاودێریكردنی پرۆسەكە و كۆمەڵێك ئەركی دەكەوێتە سەر شان، كە ئەوانیش:

یەكەم: ئامادەكردنی پلان و بەرنامە بەمەبەستی چاودێریی بانگەشەكە.

دووەم: ئامادەكردنی كادری مرۆیی و خاوەن ئەزموون و لێهاتوو و راهێنانیان لە بواری چاودێریكردنی بانگەشەكە.

سێیەم: بەدواداچوون بۆ ئەو گروپانە بكات كە لە بازنەی هەڵبژاردنەكاندا ئامادەبوونیان هەیە.

چوارەم: بە بەڵگەكردنی سەرجەم ئەو سەرپێچییانەی لەسەر كاندید دەردەكەوێت.

جگە لەمانەی باسمان كرد، چەندین ئەركی گرنگی یاسایی و كۆمەڵایەتیشی دەكەوێتە ئەستۆ.

لە بانگەشەكاندا تایبەتمەندیی پڕۆسەكە دەردەكەوێت، كە خۆی لە تایبەتمەندیی ئامانجە سیاسییەكاندا دەبینێتەوە، كە لێرەدا ئامانجی گەورە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگدەرە، كە وای لێدەكات لە پڕۆسەی سیاسیدا تواناكانی خۆی بخاتەگەڕ و بە لوتكەی دەسەڵات بگات.

هەموو ئەو ئەركە گرنگانەی لەبواری بانگەشەی هەڵبژاردندا باسمانكرد، بەشێكی گرنگن لە كاری بواری پەیوەندییە گشتییەكان، چونكە لێرەدا و لەم پڕۆسەیەدا ئەركی لیژنەی پەیوەندییە گشتییەكانە كە كار لەسەر كاندید و دەنگدەر بكات و ببێتە پشتیوانییەكی بەهێز لە پڕۆسەكەدا، كە ئامانج لێی روونكردنەوە و پێدانی بەرنامە و زانیاریی دروستە بە جەماوەری دەنگدەر و كاندیدەكانیش.

لە بانگەشەی هەڵبژاردندا وا پێویست دەكات سەرەتا بەهێزێكی گەورەوە داخڵی بانگەشەكە ببیت و پاشان بەشێوازی سەركەوتن هەنگاوی وردتر و مەدروس تر بنرێت.

بیرمان نەچێت وا پێویست دەكات لە كاتی دانانی وتار و شیعاری هەڵبژاردنەكان، پێویستە كورت و پوخت بن و لەگەڵ سیستمی سیاسی و كۆمەڵایەتی جەماوەرەكە بگونجێت و ئامانجە گرنگەكە بەدەستبهێنرێت، ئەگەر پێچەوانەكەی بكرێت بێگومان جەماوەر بێزار دەبێت، لەگەڵ ئەمانەشدا كاندید لە هەڵسوكەوت و وتارەكانیدا پێویستە خۆی لە دەستەواژە نەخوازراوەكان بەدور بگرێت، كە لەگەڵ واقعی كۆمەڵگەكەیدا بگونجێت.

كۆی هەموو باسەكە تەنها پسپۆڕانی بواری پەیوەندییە گشتییەكان دەتوانن پلانی رێكخراوی بۆ دابڕێژن، كە بەداخەوە ئەم توانایانە ئەمڕۆ لە كوردستان گرنگی پێنادرێت و پشت بەتوانای كۆمپانیا دەرەكییەكان دەبەستن لەڕێكخستنی پلانی بانگەشەی هەڵبژاردن و پاشان پارەیەكی ئێجگار زۆر و خەیاڵاوییان لێدەستێنن، كە ئەمە لە كاتێكدایە ئەو كۆمپانیا بیانییانە بە داب و نەریت و كەلتووری ئەم وڵاتە شارەزا نین، كە شارەزایی لە كەلتور گرنگترین خاڵە بەهێزەكانی سەركەوتنی هەر پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
3/18/2018 12:07:17 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...