وتار
تۆ بزانە چەند گرنگە
چرۆ شەھاب
ھەموو ئەو بوارانەی ڕۆژانە کاری تێدا دەکەین بواری گرنگن لە ژیانی ڕۆژانەماندا، بەڵام گرنگترین بوار کە پێویستیەکی سەردەمانەیە بۆ ھەموو دەزگا فەرمیەکان و ڕێکخراوە نێو خۆیی و نێودەوڵەتیەکان و سەرجەم دەزگا حکومی و کۆمپانیاکان، بواری پەیوەندیە گشتییەکانە .
ھەر بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕوانگەی گرنگیەوە بواری پەیوەندیە گشتییەکان سەردەمی دەرکەوتنی لە سەدەی بیستی ڕابردودا بووە،من نامەوێت بچمە سەرەتاکانی سەرھەڵدان و چۆنێتی سەرھەڵدانەکانی، بەڵکو دەمەوێت وەک کەمێک شارەزا لە بوارەکەدا چەند زانیارییەک و گرنگی پەیوەندیە گشتییەکان بخەمە بەردەم ئێوەی خوێنەری زێدە ئەزیز.
بواری پەیوەندیە گشتییەکان،بوارێکی وورد و کاریگەرە لەسەر ھەر دەزگایەک کە ئەم بوارە لە ھەیکەلی ئیداری خۆیدا جێگا بکاتەوە و بە گرنگیەوە لێی بڕوانێت، چونکە بونی ئەم بەشە و کاراکتەرەکانی ئەم بوارە ئەرکی سەرەکییان ڕێکخستنی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ جەماوەری دەرەوە و ناوەوەی دەزگاکە ،ئیتر ئەو دەزگایە لە کەرتی گشتی یاخود تایبەتی یان ڕێکخراوەکاندا بێت.
ئەوەی بە پێویست تری دەزانم باسی لێوەبکەم ئەو غیابە گەورەیەی ئەم پسپۆرییەیە لە کۆی دامەزراوەکانی حکومی و غەیرە حکومی، ڕەنگە لەسەر ئەم قسەیە زۆر کەس لە ناو ئەو دەزگایانە ھاواریان لێ بەرزببێتەوە بڵێن نەخێر بۆچونەکەت ھەڵەیە، دەزانم لە ھەندێک شوێندا ئەم بەشە ھەیە، بەڵام ئەم بەشە ئایا بە فیعلی ھەڵدەستێت بە ئەرکەکانی خۆی لە ناو ئەو دەزگایانەی ئەم بەشە لەخۆدەگرێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە ئەوەی بەشێکی زۆری جێبەجێدەکەن تەنھا خۆی لە چالاکیەکانی بواری پەیوەندیە گشتییەکاندا دەبینێتەوە، کە ئەوانیش بوارە تەشریفاتیەکەیە لەگەڵ چەند چالاکیەکی وەک ڕێک خستنی کۆڕ و کۆنفرانس و پرێس کۆنفرانسەکان.
بەڵام لە پاڵ ئەوانەشدا گەلێک کەم وکوڕی لە ئەرک و کار و جێبەجێکردنیدا ھەیە، کە ئەمەش خاڵی جەوھەرییە لە بواری پەیوەندیە گشتییەکاندا و غیابی زۆری ھەیە.
لەم سەردەمەی ئەمڕۆدا کە ئێمە زۆر درەنگ بەم زانستە گەشتین و ھێشتا نوێیەو توانای ھەزم کردنی نییە لەلایەن بەرامبەرەوە، چونکە زۆرێک وای تێدەگات ئەم بوارە خۆی لەبواری تەرویجکردنی کاڵاکان دەبینێتەوە،کە بێگومان ئەمە مشتێکە لەو خەروارە.
لەگەڵ ئەو گەشەسەندنەدا پەیوەندیەگشتییەکان لە وڵاتانی دونیادا سەدان و ھەزاران ئاژانسی ھەیەو ڕێکخراو و حکومەتەکان پەنای بۆدەبەن بەتایبەت لە کاتی سەرھەڵدانی قەیرانەکانیاندا، ئەگەر باسی گرنگی یەکێک لەو ئاژانسە گرنگانە بکەین، ئاژانسی (بیل بۆتینجەر)ە کە یەکێکە لە کۆمپانیا دیارەکانی بەریتانیا بۆ پەیوەندیە گشتییەکان و ڕاوێژکردن، ئەم ئاژانسە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێگەیەکی گەورەی بۆ خۆی دروستکردووە و بەیەکێک لە کۆمپانیا ڕاوێژکاریەکانی بواری پەیوەندیکردن و میدیا ناوزەند دەکرێت و لە چەندین شوێن ئۆفیسی خۆیان ھەیە لەوانە ئەبوزەبی و بەحرەین و دەوحە و دوبەی و بەیروت .
جگە لەمانەش یەکێک بووە لەو کۆمپانیا دیارانەی کە توانی ڕێککەوتن لەگەڵ وڵاتی میسر بکات بەمەبەستی باش کردنی وێنای زەینی وڵاتەکەیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٠.
پاشان بە پلەی دووەم گەورەترین کۆمپانیای پەیوەنیەگشتییەکان کۆمپانیای (ھیل ئاند نولتون) دێت لە وڵاتی سعودیەیە .
کۆمپانیای ( شاندویک ) بۆ پەیوەندیە گشتییەکان،بە یەکەمین کۆمپانیا لەو دە کۆمپانیا و ئاژانسەی دونیا دێت لە ڕووی قەبارەی کارو داھاتی ساڵانەی.
پاشان ئاژانسی (فۆرس ئەسۆشەیتس) بۆ پەیوەندیە گشتییەکان دێت کە کۆمپانیایەکی سەربەخۆیە و لە زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبیدا ھەن.
ئەمانەو چەندینی کە، مەبەست لە باسکردنی ئەم کۆمپانیاو ئاژانسانەی پەیوەندیە گشتیەکان ئەوەیە کە چەند گرنگە ئەم بوارە ، کە دەتوانێت چەند ئامانجێک لە یەک کاتدا بپێکێت.
لە گەشەکردنی پەیوەندیە گشتییەکان لەم سەردەمەدا واچاوەڕوان دەکرێت کە قەبارەی کاری پەیوەندیە گشتییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بگاتە بیست بلیۆن دۆلاری ئەمەریکی.
کەواتە کارکردن لەم بوارەدا بەو زانستە زۆر و گرنگەی ھەیە، ئەم کۆمپانیایانە دەتوانن شەڕی وەبەرھێنانی گەورە بکەن لە دونیاداو وا بڕوات دەبێتە ڕکابەرێکی گەورەی بازاڕی ئابوری.
دەرئەنجام ئەوەیە کە ئەمڕۆ کوردستان بە دەرەجەی یەک پێویستی بە وەبەر ھێنانی ئەو توانا مرۆییانەیە کە لەم بوارەدا ھەن و ساڵانە لە زانکۆ چەندین خوێندکار لەم بوارە دەردەچن، کەواتە کاتی ئەوە ھاتووە بە گرنگیەوە لەم بوارە بڕوانن و سود لە توانا نێوخۆییەکان وەربگرن، ئەو کاتە دەتوانن بەکەمترین تێچوی مادی و مرۆیی لە گەورەترین گرفت خۆتان و دامەزراوەکانتان ڕزگار بکەن و پەیوەندیەکانی نێوان خۆتان و جەماوەرەکەتان ڕێک بخەن و لە گرفت و کێشەکان خۆتان ڕزگار بکەن.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
1/11/2018 9:48:08 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...