وتار
تورکیا و کورد لە دوو ھێڵدا
شادمان مەلا حەسەن

کەمال ئەتاتورک،لە ناو دار و پەردووی رووخا و بەسەریەکدا کەوتووی دەوڵەتی عوسمانی، توانی رووبەرێکی زۆر فراوان لە خاکی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان داببڕێ و بیکات بە دەوڵەتێکی نوێ. ئەتاتورک دەوڵەتێکی تازە بابەتی لەسەر مۆدێلی رۆژئاوا لەسەر خاکی ئەنادۆل و بەشێک لە خاکی کوردستان و ئەرمینیا و یۆنان دامەزراند،ھەر زووش لە ھاوکێشە و ململانێ نێودەوڵەتیەکانی ئەوکات گەیشت، ھەر بزووتنەوەیەکی سیاسی یاخود چەکداری کورد یان پێکھاتەکانی تر لە وڵاتەکەی سەری ھەڵبدابا،ئەوە یەکسەر لە دەرەوە دۆسیەی تاوانبارکردنی ئامادە بوو. لە لای سۆڤیەتیەکان دەیگوت ئەمانە دەستی کۆڵۆنیالی بریتانی و فەڕەنسین دژ بەم کۆمارە دەجەنگن نەوەک کۆمارێکی سۆسیالیستی بنیاد بنێم، لەلای بریتانیا و ئەمەریکا و فەڕەنساش، دەیووت: ئەوە بەدەستی سۆڤیەتیەکان وادەکەن دەیانەوێ دەوڵەتێکی کۆمۆنیستی دابمەزرێنن.
 بایەخی جیۆپۆلەتیکی تورکیا ھەموو چاویان لەسەری بوو، بۆیە لە ھەمووشتێک چاو پۆشی دەکرا،سەبارەت بەکێشەی کورد لەماوەی ٨٠ ساڵی رابردوو ھەمیشە بە ناشیرنترین شێوە کورد نیشان دراوە لەبەردەم رای گشتی دونیا، بەوەی کورد دواکەوتوو و تیرۆرستن. لە ھاتنی گروپی تیرۆرستی داعش لە ساڵی ٢٠١٢ رووی راستەقینەی تورک ھێواش ھێواش دەرکەوت،تورک بە ئاراستەی شێواندنی ناوچەکە و ھەڕەشەکردن لە ئاسایشی ناوچەکەو ئەوروپاو جیھان لە رێگای گروپە تیرۆریستیەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە و چەندانی تر، کوردیش لە رێگای بەرگرتن لە تیرۆریستان و پاراستن و گرتنە خۆی پێکھاتە ئاینی و نەتەوەیی و مەزھەبیەکان،ھەموو ئەمانە ووردە ووردە سەرنج و تێبینی جیھانی پێشکەوتوویان بۆ بابەتەکە گۆڕی.
 تورکیای ئاک پارتی و ئەردۆغان چۆن مامەڵە دەکات و کوردیش بەو ھێزە کەمەی چۆن مامەڵە دەکات. ئەگەر بێت و بە ھاوکێشەیەکی ماتماتێکی سەیری تورکیا و کورد بکەین لە چەند ساڵی رابردوو، تورک لەبەردەم رای گشتی جیھانی و پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان رۆژ بەڕۆژ لە ترۆپکەوە بە ئاڕاستەی نەخوازراوی دێتەخوارەوە، کوردیش رۆژ بەرۆژ سەردەکەوێ بە ئاڕاستەی خوازراوی.
کەواتە مێژوێکیش لەم نێوانەدا درۆ دەرچوو، مێژوویەکیش رووی راستی دەرکەوت. ئەوەی تورک درۆ دەرچوو ئەوەی کورد راست دەرچوو، پاڵپشتی ھێزەکانی ئەمەریکا و روسیا لە رۆژئاوا،خۆی ئاماژەیەکی یەکجار گرنگ و کاریگەرە بۆ وەرچەرخانی تێڕوانینی وڵاتانی زلھێز بۆ کورد،پشت کردنیان لە تورکیا.
 دەمینێتەوە سەر ئەوەی کورد دەبێ وەک رۆژئاوای کوردستان سیاسەت بکات، بۆ ئەوەی زۆرترین پشتیوانی بۆخۆی پەیدا بکات.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
5/6/2017 8:57:10 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن