وتار
داھاتووی ھەرێم لە سێبەری ناوەنددا
شادمان مەلا حەسەن
ھەرێمی کوردستان ئەو ئیدارە سەربەخۆیە بوو لە ئەنجامی بۆشایەکی دەستکردی رژێمی بەعس لە ساڵی ١٩٩٢ دروستکرا. ھەر ئەم ھەرێمە لە دوای رووخانی ڕژێمی بەعس ساڵی ٢٠٠٣ بەپێی خۆی بۆوە بەشێکی رەسمی لە دەوڵەتی عیراق، سەکردەکانی کورد ئەوکات لەوپەڕی پێگەی بەھێزی جوگرافی و سیاسی و سەربازی و دیپلۆماتی گفتوگۆی دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عیراقیان کرد، ئەنجام ھەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی فیدڕاڵ خرایە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدڕاڵ.

ھەرێم لە واقعێکی دیفاکتۆوە گۆڕدرا بۆ واقعێکی قانوونی و دەستووری، دۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق و ھەڵە ستراتیجیەکانی عەرەبی سوننەی عیراق زۆر لە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و جوگرافیای کورد و ھەرێمی کوردستاندا بوو. لە ئەنجامدا ھەرێم گەشەیەکی دیاری ئابووری بەخۆیەوە بینی. بەڵام خراپ سیاسەت کردنی بەشێک لە بڕیار بەدەستەکانی ھەرێم وای کرد دۆخی سیاسی و ئابووری و جوگرافی ھەرێم بەرەو پوکانەوە بڕوت، ئەم خراپ شکانەوەیە جارێ لەسەرەتایە و داھاتوو لەوانەیە زیاتر ھەرێم لە قاڵب بدت بە پێی دەستووری عیراق، دەوڵەتی عیراق لە رووی سیاسی و سەربازیەوە باشتر ھەنگاو دەنێ.

تەنانەت لە رووی پڕۆسەی دیمۆکراسی و دەستاودەست کردنی دەسەلاتیش تەندروستتترە، ھەرێم نەیتوانی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی کە ھەیبوو لەم دۆخە رەخساوەی بەھۆی دۆخی سەربازی و ئەمنیەوە بۆی ھاتبووە پێش چارەسەر بکات و دامەزراوەکانی خۆی باشتر رێک بخات و سیماو رووخساری زیاتر نیشتمانیان پێ ببەخشێ. لە داھاتوودا حکومەتی عیراق بەھێزتر دێتەوە مەیدان. ناوەند سێبەری زیاتر دەبێت و ئەو سێبەرە دەگاتە سەر خاکی ھەرێمی کوردستان و یەک بەدوای یەک دۆسیەکان لەدەست ھەرێم دەردەھێنرێ و لە قاڵبی دەستووردا رێک دەخرێ. لەوانەیە مەسەلەی دارایی و ئابووری ناوەند رێکی بخاتەوە. مەسەلەی سەربازی ناوەند بەپێێ دەستوور و بەشێوەی خۆی کە پاسەوانی ھەرێمە رێکی دەخات لە رووی چۆنایەتی و چەندایەتی. ھەروەھا دیبلۆماسیەتی وڵات تەنھا لە پایتەختی فیدڕاڵ قەتیس دەکرێ و رێگا نادرێ دوو ناوەندی دیبلۆماسیەت ھەبێ، ناوەند و ھەرێم ھەریەکەی بە ئاراستەیەک.

بۆیە کورد لە سێبەری ناوەند وەکو دەسەڵات لە قاڵب دەدرێ و جێبەجێکردنی ماددەکانی دەستور بەسەریدا لە بەرژەوەندی دەسەلاتداران نیە، لەوانیە لە بەرژەوەندی گشتی بێت، چونکە ھەرێم سەرچاوەکانی دارایی و سووتەمەنی زۆر خراپ بەکار ھێناوە و بەکەمی لەبەرژەوەندی زۆرینەدایە. بۆیە کورد بەم شێوەی ئێستا کە لێکترازاوە نایگەێنتە ھیچ وێستگەیەکی ئارام و سەرکەوتوو بۆ بەرژەوەندی کورد، لەماوەی یەک ساڵی رابردوو دوای ریفراندۆم کورد ئەوەندی لەسەر لێکترازان کاری کردووە ئەوەندە لەسەر یەکخستنەوە و یەکگرتنەوە کاری نەکردووە بۆیە دۆخی خراپ دەبێت باشتر نابێت.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
10/17/2018 10:10:17 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن