وتار
سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عیراق
شادمان مەلا حەسەن
عیراق ئەو وڵاتەی لە خراپترین دۆخی سیاسی دایە،چونکە نە کەسایەتییەکی سیاسی بەھێزی ھەیە بتوانێ متمانەی زۆرینەی ھێزە سیاسیەکان بەدەست بھێنێ. نە حزبێکی بەھێزی ئەوتۆی ھەیە کەوا ھیچ نەبێ یەک لەسەر سێی کورسییەکانی پەرلەمانی مسۆگەر کردبێ ،ئەوەی ھەیە لە رووی کەسایەتیەوە ھەموویان بوونیان لە بازنەیەکی بەرتەسکی پێکھاتەی نەتەوەیی و مەزھەبیە . ھیچ یەکیان لە چوارچێوەی پێکھاتەکەی خۆی بترازێ دوو بست لە پێکھاتەکەی تر پانتایی جوگرافیای جەماوەری بڕ ناکات، حزبەکانیش بەھەمان شێوە.

بۆیە ئەوەی لە داھاتوو دەبێت بەسەرۆک وەزیران ئەرکی یەکجار قوڕس دەبێت ، چونکە ناتوانێ سەرۆک وەزیرانی ھەموو عیراق بێت . ھەروەک ئەوانەی لە رابردوو بینیمان،نموونە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانێکی تا بڵێی خراپ و وابەستە بوو بە پێکھاتەیەک . پێکھاتەکەی خۆشی ئەوەندە لێی رازی نەبوو،چونکە لە زەمەنی ئەودا زۆرترین ناڕەزایی و خۆپیشاندا دژی حکومەت کراوە لە ناوچە شیعە نشینەکان ، لەبەرئەوەی ھیچ جۆرە خزمەتگوزاری و پڕۆژەیەکی ژیاری پێشکەش نەکردووە.
سەرۆک وەزیرانی داھاتوو لە نێوان چەندین ئەگەری مەرجداری قوڕسە، لە ھەموویان قوڕستر راگرتنی باڵانسی ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانە ،کە دوو وڵاتی گەورەی ھەژموونداری سەر عیراقن، ئەوانیش لە ئێستادا لەوپەڕی ناکۆکیدان . ئەم بالانسەش وائاسان نیە رابگیرێ بە ھەموو کەس ، لە ناوخۆدا پێکھاتەی کورد کۆمەڵێک مەرجی نیشتمانی و نەتەوەیی ھەیە ئەویش بۆ ئەو سەرۆک وەزیرانە وا ئاسان نییە بچێتەوە ژێر باری .

عەرەبی سوننە خۆیان بە مەزلوم دەزانن و دەرفەتەکەیان پێ باشە کەمێک فشاری خۆیان چڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە یاخود دەستیان لە بەشێکی دەسەلاتی عیراق گیر ببێتەوە. شیعەش بەھەمان شێوە خزمەتگوزاری پێویستە، لەھەمان کات لەوانەیە لەژێر کاریگەری مەرجەعی مەزھەبی بە زۆر ئاڕاستەی سیاسیدا بجوڵێنرێ 
.
کەواتە کێیە ئەو فریاد رەسەی ئەم جارە دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عیراق لە کاتێکدا ئەم ھەموو کێشە ناوخۆی و دەرەکیە ھەیە،چونکە قۆناغی داھاتوو قۆناغی خزمەتگوزاری حکومەتی عیراقیە . لە رابردوو بەھۆی بوونی شەڕی تیرۆر زۆر شت پشت گوێ دەخرا ئەم جارە وائاسان نیە،چونکە نەوەیەکی تر ھاتووە پێویستی بەخزمەتگوزاریە . لەھەمان کاتدا کۆمەک و یارمەتی وڵاتانیش نەماوە وەک جاران ، بۆیە ئەو کەسەی دەبێت بەسەرۆک وەزیران دەبێ کەسێکی بەتوانا و لێھاتووی وابێت ، یەکەم جار بەرنامەیەکی گشتگیری ھەبێت بۆ خزمەتگوزاری و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵک،ھەروەھا کەسێک بێت لە یەک مەسافە بەھۆی دەستوورەوە سەیری پێکھاتەکان بکات بۆ ئەوەی پاڵپشتی بکەن ،ھەتا رادەیەک سیاسیەکی سەربەخۆ بێت نەوەک وابەستەی ھەژژموونی وڵاتان 
.
بە ھەموو ئەومەرجانەی خستمانە روو باری ئەو کەسە قوڕسە کە دەبێتە سەرۆک وەزیران،ھەرچەندە وائاسانیش ئەو کەسە لەم زوانە دەرناکەوێت ،چونکە دەست ناکەوێت.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
8/30/2018 10:33:16 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن