وتار
کوردستان لە ژینگەی بێ ئاوی دا
شادمان مەلا حەسەن
کاتێ دەگوترێ ژینگەی بێ ئاوی، واتە سنوری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە کوردستان بڕبڕەی پشتی ئەو ناوچەیە پێک دەھێنێت. رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەمترین سەرچاوەی ئاوی شیرنی ھەیە. بەشە زۆرەکەی دەکەوێتە چیاکانی کوردستان، بەتایبەت ھەردوو رووباری بەناوبانگ دیجلەو فوڕات.

رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە ٥%ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی زیاتر بەرکەوتووە، بەڵام لە ١%ئاوی شیرنی دونیای بەرکەوتووە.

ساڵ بەدوای ساڵیش بەھۆی گۆڕانی کەش و ھەواو زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و گەشەی تەکنەلۆژیا خواست لەسەر ئاو زیاد دەکات، پێدەشتەکان زیاتر بە بیابان دەبن و سەرچاوەکانی ئاو وشک دەکەن. وڵاتانی ھەوڵکەوتوو لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دەستکاری رێڕەوی رووبارەکان دەکەن یاخود عەمبار گەورە دروست دەکەن و تێیدا ئاو گڵدەدەنەوەو ھەموو ئەمانە کێشەی سەرەکین لە کەمبوونەوەی ئاو.

باشوری کوردستان یاخود کوردستانی عیراق سەرچاوەی سەرەکی ئاوی شیرنی عیراقە، چونکە ھەموو لقەکانی رووباری دیجلە بە کوردستاندا تێدەپەڕن و نیوەی داھاتەکەشی لە باشوری کوردستان سەرچاوە دەگرێ. بۆیە چەند بەنداوێکی گەورە لە کوردستان دروستکراون. 

کەواتە کوردستان سەری عیراقەو لەوێشەوە ئاو بە قوڕگیدا دەچێتە خوارەوە. لە کۆنەوە وتراوە لە موسڵەوە تاکو بەسڕا کاتێ خەڵکەکەی نزاو پاڕانەوە لەبەر خوا دەکەن بۆ ئەوەی بەفرو بارانیان بۆ ببارێنێ بۆ ئەوەنییە لەسەر زەویەکانی ئەوان ببارێ، بەڵکو بۆ ئەوەیە لە چیاکانی کوردستان ببارێ تاکو ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فوڕات زیاد بکات .

بۆیە ئەگەر لە رابردوودا نەوتی کەرکوک چەند کاریگەری لەسەر چارەسەرنەکردنی کێشەی کورد ھەبوو لە عیراق، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئاو زیاتری ھەیە کەمتری نییە. چونکە سەرچاوەی ئەو بەشە ئاوەی کە دەگاتە عیراق لە ھەردوو رووباری دیجلە و فوڕات لە لایەن ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران بەنداوی گەورەیان لەسەر دروستکراوە و دەکرێ. یاخود ھەندێکیان رێڕەوەکەیان لادەدرێ بۆ قوڵایی وڵاتەکانی خۆیان . یاخود وەک کاڵایەکی بازرگانی سەوداو مامەڵەی پێوە دەکەن.

بۆیە ئەو بەشە ئاوەی دەمێنێتەوە لە ھەرێمی کوردستانە، عیراق ھەمیشە ھەوڵدەدات ھەرێم بەلاوازی بھێڵێتەوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی سەرچاوە ئاوییەکانی بۆخۆی بەکار بھێنێ. باشوری کوردستان ئەو بەرھەمە ئاویەی کە ساڵانە ھەیەتی بەشی خۆی بەزیادەوە دەکات و دووچاری کەم ئاوی نابێت، بەڵام عیراق بێ ئاو دەبێ نزیکترین رێگا و ئاسانترین رێگا بۆ دەوڵەتی عیراق ئەو کات باشوری کوردستانە.

بۆیە ئەگەر لەماوەی رابردوو ھەرێم بەنداوی بێخمە و چەندین بەنداوی گەورەتری بکردایە، ئێستا کارتی فشاری لە گفتوگۆکردنی لەگەڵ بەغدا بەھێزتر دەبوو، چونکە عیراق ھیچ سەرچاوەیەکی ئاوی لەناوخۆی خۆی نییە، جگە لەوانەی باشوری کوردستان کێشەی ئاو کێشەیەکی ژیاریە، لە ئێستاو داھاتوودا کێشەی نێودەوڵەتی زۆر گەورەی لەسەر دەقەومێ.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
6/7/2018 9:43:34 AM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن