وتار
عێراق لە قۆناغێکی تردا
شادمان مەلا حەسەن
١٢ی ئایار چوارەم ھەڵبژاردنی گشتی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران لە عیراق ئەنجام دەدرێ. بە ھەڵبژاردنی یەکەم بۆ دەستوور و راپرسی سەر دەستوور و ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەوە ھەشتەم جارە خەڵکی عیراق دەچێتە سەر سندوقی دەنگدان لە ساڵی ٢٠٠٥وە . ئەمەش بۆخۆی ئەزموونێکە بۆ ئاشنا بوون بە پرسی دیمۆکراسی و ھەڵبژاردن و چۆنیەتی دەنگدان و ھەڵبژاردنی نوێنەر .

ئەوەی مەبەستە لەم نووسینە، نەخشەی سیاسی عیراقە لەدوای ئەم ھەڵبژاردنە، چونکە نەخشەی سیاسی لە عیراق گۆڕانی بەسەردا دێت، گۆڕانەکە بە شێوەیەکی جیاوازتر لە جاران. جاران لیستە شیعیەکان یەکیان دەگرت و دەبوونە زۆرینە زۆرینەی پۆستە باڵاکان بەر ئەوان دەکەوت . کوردیش بەھەمان شێوە یەکی دەگرت و یەک تیم بەشی خۆی وەردەگرت .
لەھەمان کات کورد تیمی بەھێزیشی ھەبوو لە بەغدا. بەڵام ئەمجارە نەخشەی سیاسی لە عیراق شەڕی قوڕسی لەسەر دەکرێ،چونکە دوو ئاڕاستەی جیاوازی وەرگرتووە. حیدر عەبادی سەرۆک وەزیران بە لیستێکی جیاواز بەشدارە بەناوی «نێر» بەشی زۆری عەرەبی سوننەشی تێدایە. ھەروەھا لیستەکانی دەوڵەتی قانون بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی و فتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری لە لیستە دیارەکانی شیعەن، سائیرونی سەدر و تیار حیکمەی حەکیم بەدوای ئەواندا دێن .

ھەژموونی ئەمەریکا و سعودیە و وڵاتانی تر بە ئاشکرا دیارە لەسەر لیستی عەبادی و دوای ئەویش لیستی سائیرون . ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێ سەرۆکی حکومەت و پۆستە سەرەکیەکان ھەر بۆ شیعەکان دەبێ، ھەر لە حزبی دەعوەش دەبێ . ئەوجا یان مالیکیە یان عەبادی . ئەوەی دەبینرێ یەکەم جار ئایا ھەردوو لیستەکەی حزبی دەعوە دەبنەوە یە، لە ئێستادا ئەوە زەحمەتە . بۆیە ئەوەی دەبینرێ ئێران و ئەمەریکا زۆر بە توندی ھاتوونەتە سەر خەت و بەردەوامیش دەبن کەوا کێ حکومەت بگرێ بەدەستەوە.

بۆیە حکومەتی داھاتوو حکومەتی زۆرینە دەبێ، دوو بۆچوون ھەیە بۆ حکومەتی زۆرینە، یەکەم: عەبادی و سەدر و ئەوجا حەکیم ببن بە ئاراستەیەک بۆ پێکھێنانی حکومەتێک لەگەڵ گروپەکەی سەلیم جبوری لە سوننەکان، لەگەڵ بەشێک لە لیستە کوردیەکان،چونکە زەحمەتە کورد ئەم جارە یەک تیم بێت، ئەمە رێک ھەژموونی ئەمەریکا و سعودیە و وڵاتانی کەنداوە .
تەوەری دووەم: مالیکی و عامری و لە ھەندێ حالەت حەکیمیش لەگەڵ ھەندێ لیستی سوننە و کورد حکومەت پێک بھێنن،ئەوەش تەواو لە ژێر ھەژموونی ئێرانە . بۆیە بەلاداکەوتنی ئەم نەخشەیە بەدڵنیایەوە کاتی زۆری دەوێ کێشە و ململانێی زۆریشی دەوێ، بۆیە لە ھەموو حاڵەتێک شێوەی پێکھێنانی حکومەت جیاواز دەبێ لە جاری پێشوو،چونکە ھەموو حزبەکان بەشدار نابن تێیدا و ئۆپۆزیسۆن دروست دەبێ .

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
5/3/2018 6:23:52 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن
شادمان مەلا حەسەن