وتار
ئال سعود لە بەردەم گەردەلولدا
یاسین تەها
باوەڕ وەھایە میرەکانی ئال سعود و وەچەکانیان لە ئێستادا دەوروبەری ٢٥ ھەزار کەس ببن، بەڵام لە سعودییە مەرج نییە ھەرکەس میر بێت باڵادەست بێت، بەڵکە لەو ژمارەیە دەوروبەری ٢٠٠ کەسایەتیی کاریگەر و دەوڵەمەندیان دەستیان بەسەر پۆست و جومگە گرنگە سیاسی و ئابوورییەکانی وڵاتدا گرتووە کە یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی دونیا و بەتەنھا ٢٦٧ ملیار بەرمیل نەوتی خاوی یەدەگی ھەیە.

دەسەڵاتی بەرفراوانی ئال سعود تەنھا بۆ زۆریی ژمارەیان ناگەڕێتەوە کە شەش ھەزاریان میری چالاکن، ھەروەھا کاریگەرییان تەنھا لەوەدا نییە کە کۆی سامانی تایبەتی بنەماڵەکەیان خۆی لە ترلیۆنێک دۆلار دەدا [بەپێی ھەندێ ڕاپۆرتی ڕۆژئاوایی]، بەڵکە بەشی سەرەکیی تواناو ھێزی ئەم بنەماڵەیە لەو پێگە ئاینییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ساڵانێکی زۆرە وەک پشتیوانی قوتابخانەی سەلەفی و دەسەڵاتداری ھەردوو حەرەمە پیرۆزەکەی ئیسلام ھەیانە کە مەککەو مەدینەی قیبلەی ملیارو نیوێک موسوڵمانە. 
کۆکردنەوەی دین و دونیا لەلایەن ئال سعودەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەرکەوتن و ریسککردنیان لە شاری درعیە وەکو بنەماڵەیەکی سەرتەڵ و حوکمڕان لە سەدەی ھەژدھی زاینی، لەم قۆناغەدا کە میرنشینێکی بچووکیان ھەبوو بەپێی "گەڵاڵەنامەی درعیە" ھەرچی دەسەڵاتی ئاینی ھەیە [فەتوا و ئەوقاف] دایان بە محەمەدی کوڕی عەبدولوەھاب کە ڕێبەری بانگەوازی سەلەفییە [١٧٤٥ ز]، لەبەرانبەریشدا ھەرچی دەسەڵاتی دونیا ھەیە تاپۆ کرا لەسەر محەمەد بن سعودی سەرکردەی دەوڵەتی سعودییەی یەکەم. بەم جۆرەش بو بە یەکێک لە گرنگترین و بەناوبانگترین ھاوپەیمانێتی و گەڵاڵەنامەکانی نێوان ڕێبەرانی دین و دەوڵەت لە ‌مێژووی نوێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

پەیوەندیی توندوتۆڵی ئال سعود و ئال-شێخ [محمد بن عبدالوھاب] تەنھا ڕێککەوتنی فەرمی دابەشکردنی دەسەلات نییە، بەڵکە پەلیکێشاوە بۆ دروستکردنی خزمایەتی و ژن و ژنخوازیی و کورێکی محەمەد بن سعود، بووەتە زاوای محەمەد بن عەبدولوەھاب، بەم ھۆیەشەوە ھەم دەسەڵاتە خێڵگەرییەکەی بن سعود ناوەڕۆکێکی ئاینیی بەھێزی لە نیوە دورگەی عەرەبدا پەیدا کردوە، ھەم بیروباوەڕەکانی محەمەدی کوڕی عەبدولوەھابیش بووە بە خاوەنی پشتیوان و سوپا و ھێزو دەسەڵات .

لە تەمەنی محەمەد بن عەبدولوەھابدا [١٧٩٢ کۆچی دوایی کردووە] زاواکەی کە کوڕی محەمەد بن سعودە و ناوی عەبدولعەزیزە، وەکو جێگرەوەی باوکی چووەتە سەر تەختی شاھانەی سعودیە و لەبەر پابەندییە سەلەفییەکەی و ھۆگریی بە رێبزای خەزووریی نازناوی "ئیمام" ی پێ بەخشراوە، لە سەردەمی عەبدولعەزیز و ١٠ ساڵ پاش مەرگی محەمەد عەبدولوەھاب لەشکری سعودیە ھاتونەتە ناو شاری کەربەلای عێراق [١٨٠٢ ز] و جگە لە شەڕی شیعەکان تەخت و تاراجی مەزارگەی ئیمام حوسێنیشیان تێکداوە.

ئەو ھێزە مادی و مەعنەویانەی لە چنگی ئال سعوددا کۆ بوونەتەوە یارمەتی داون ھۆزە ڕکابەرەکانیان تێک بشکێنن وەک [ئەشراف، ھاشمییەکان، ئال رەشید]، ھەندێک لەوانەشیان دەرپەڕاندوە ئوردن و شام و عێراق[ھاشمییەکان] لەوەش گرنگتر مەککە و مەدینە شیان خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و لەساڵی ١٩٣٢زز لەسەردەستی شا عەبدولعەزیز ئال سعود "میرنشینی عەرەبی سعودیە" یان بەم قەوارەی ئێستاوە ڕاگەیاند.
بۆ پاراستنی ئەم دەوڵەتە نوێیەش کە بەناوی بنەماڵەکەیانەوە ناونراوە شا عەبدولعەزیزی دامەزرێنەر ژمارەیەکی زۆر ھاوسەرگیریی لەگەڵ کچانی سەرۆک ھۆزە عەرەبییەکان کردووە و لەبەرھەمی ئەم زەماوەندانەش کە ژمارەیان لە ٤٥ زیاترە لە کاتی جیاجیادا، بووە بەخاوەنی ٣٦ کوڕ و ٢٧ کچ کە تائێستا یەک لەدوای یەک دەبنە پادشا و جێنشین و بڕیار بەدەست لە وڵات [٤٥ کوڕی ھەبووە _ AFP].

لە سەردەمی "دەوڵەتی سعودیەی یەکەمەوە" دەسەڵات لەناو بنەماڵەی ئال سعود پشتاوپشتە، پۆستی موفتی گشتی وڵات و بانگەواز ئەوقافیش بەھەمان دەستوری جاران بۆ ئال _ شێخە، کە ئەمەی دوایی زیاتر دەسەڵاتگەلێکی ڕۆحی و ڕەمزین و چاویان لەدەستی ئال سعودە. لەم ساڵانەی دواییشدا ئەم نەریتە بە یاسا ڕێکخرا بەجۆرێک لە یاسای بنەڕەتی وڵاتدا کە لە ١٩٩٢ دەرچووە مەرجە بەھەمیشەیی پادشای سعودیە لەوەچەکانی عەبدولعەزیز ئال سعودی دامەزرێنەر دیاریی بکرێن، ھەر لەم مەرسومەشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "ئەو بانگەوازە ئیسلاحییەی لە ‌سعودیەدا سەریھەڵداوە ـ مەبەست بزووتنەوەی سەلەفییە ـ پایەی حوکمڕانی وڵاتە.

ساڵی پار بە ھاتنی محەمەد بن سەلمان بۆ پێگەی شازادەی جێنشین لە کاتێکدا کە باوکە ھەشتا ساڵەکەی نەخۆشییەکانی پیریی ھەیە [زھایمەر]‌، دەسەڵاتی ڕەھا لە کوڕانی عەبدولعەزیزەوە گواسترایەوە بۆ وەچەکان و لە ناو ئەوانیشدا بۆ بن سەلمانی تەمەن ٣٣ ساڵ کە ئێستا فەرماندەی تاقانەو ڕەھای ئێستای سعودیەیەو بە بێ بوونی پەرلەمانێک و لەغیابی ھەموو چەشنە چاودێرییەک و بەبێ سیستمێکی قەزایی یان رێکخراوەکانی چاودێریی، خۆی بکوژو ببڕی سعودییەو پشتیوانی گەورەشی لەم تاکڕەوییە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمەریکاو لۆبییە بەھێزەکانی ئەمەریکان.
محەمەد بن سەلمان لە پەنا شەڕی یەمەن و گەمارۆی قەتەردا لەماوەی ساڵێکدا ھەنگاوی زۆر گەورەو مێژویی ناوە لە سعودییە لەبوارەکانی نوێگەریی و پەرەپێدان و خەریکبوو وەک باوکی عەرەبستانی نوێ و مۆدیرن ناو دەربکات شان بەشانی باوک و دامەزرێنەری یەکەم کە باپیرەیەتی [عبدالعزیز آل سعود].

بەپێی خەمڵاندنە ئەمەریکییەکان ٧٠% ئەو سعودیانەی تەمەنیان لە ٣٠ ساڵدا بوو، گومانی ئەوەیان لێدەکرا بچنە ریزەکانی داعش و ئەلقاعیدە، لەڕووی ئابورییەوە ٨٧% داھاتی عەرەبستان لەسەر فڕۆشتنی نەوتەو ٨٠% ھەلەکانی کاریش لەو وڵاتە ھی کەرتی گشتی و وەزیفەی حکومی بوون، ئەمە جگە لەنزمی ئاستی فەرمانبەرەکان و کۆنی سیستمی بەرێوەبردن و کێشەو گرفتەکانیتری وەک ھەڵکشانی سەیری رێژەکانی قەڵەوی و شەکرە لەوڵات بەھۆی تەمەڵی و نەجوڵانەوە، بەڵام بن سەلمان پلانێکی گشتگیری راگەیاند کە تا ٢٠٣٠ ھەموو ئەمانە بخاتە بەردەم پێداچوونەوەو گۆڕان.

لە چوارچێوەی دیدگای ٢٠٣٠ دا بن سەلمان، بەخێرایی دەرگای کردەوە ژن سەیارە لێبخوڕن و کۆتایی بەمشتومڕێکی ئاینی کۆمەڵایەتی چەندین ساڵە ھێنا، بۆ یەکەمجار سینەمای کردوە لە سعودیە، رێگەی بە ژنان دا بچن بۆ یاریگاکان و ببەنە ھاندەری تیپە وەرزشییەکان، چەندین سەیرانگای کردەوە کە بەناوبانگترینیان بودجەکەی ٥٠٠ ملیار دۆلارە لەڕۆخی دەریای سوورەو چوار دەوڵەت بەیەکترەوە دەبەستێت [نیوم] بۆ ئەوەی سعودییەکان پارەکانیان نەبەنە دەرەوەی وڵات بۆ کەیف و سەفاو لەناوخۆدا خەرجی بکەن، لەگەڵ زۆر ھەنگاویتری ئابووری بەئامانجی گۆڕینی شکڵ و شێوازی دەوڵەت لەڕەگ و ریشەوە.

سەرەڕای ئەم دەسکەوتانە لە ئێستا‌دا بەھۆی کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی و شوێن بزرکردنی تەرمەکەی بە مشارو تێزاب لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە لە تورکیا، بن سەلمان و ھەموو سعودییە دووچاری ئیحراجییەکی زۆر بوونەتەوەو کە ڕەنگە دوای ١١ سێبتەمبەری ٢٠٠١ گەورەترین ڕووداوی پەیوەست بە سعودییە بەێت کە دەرفەتی ڕەخساندوە بۆ ڕکابەر و وڵاتانی تەماعکار لە پێگەو سامانی سعودیە کە ھەوڵ بدەن بەم کارتە شازادە بکەنە یاریچەی دەستی خۆیان، بەڵام لە ئێستادا ئال سعود لە ھەوڵی گێڕانەوەی شکۆی جاران و نینۆککردنی بن سەلماندان و بۆ ئەو مەبەستەش میر ئەحمەدی برا بچووکی شا سەلمان لە لەندەنەوە گەڕاوەتەوە بۆ ڕیاز، بەڵام ھێشتا ڕوون نییە تڕەمپ و جارید کۆشنەری زاوای و لە پشت ئەوانیشەوە نەتانیاھۆ ڕێگە بە سزادانی شازادە دەدەن کە زیاتر تورکیا و ئێران لێی سودمەندن یان نا؟!
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
11/3/2018 11:36:57 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...