پرسی کورد لە پرسێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە بۆ پرسێکی ناوخۆیی!

27/05/2023
3153 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

لە یادی ١٠٠ ساڵەی ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزاندا
پرسی کورد لە پرسێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە بۆ پرسێکی ناوخۆیی!

جەنگی یەکەمی جیھان بەشکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌و سەرکەوتنی ھاوپەیمانان کۆتایی ھات. بەھۆی‌ئەو شکستە گەورەیەوە عوسمانیەکان نزیکەی ٤/٥ی خاکی ژێر قەڵەمڕەوییان لەدەستدا‌و بەناچاری ملکەچی ھەموو داوا‌و مەرجەکانی ھاوپەیمانان بوون. لەو چوارچێوەیەدا لەرۆژی ١٠ی ئابی ١٩٢٠ پەیمانی سیڤەری بەنابەدڵی ئیمزا کرد. ئەم پەیمانە بە بەڵگەنامەیەکی نێو دەوڵەتی گرنگ دادەنرێت، کە نەخشەی رێگای بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد دانابوو. بەپـێی بەندەکانی (٦٢، ٦٣، ٦٤)ی ئەو پەیمانە دەبوو گەلی کوردستان لەباکور‌و باشوری کوردستان بەسەرجەم مافە نەتەوەییەکانی شاد بێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆشەوە. 

بەھۆی لاوازی کورد لەھاوکێشە سیاسییەکان‌و گۆرانی ھەلومەرجی سیاسی پەیمانی سیڤەر جێبەجـێ نەکرا‌و پەیمانی لۆزان جێگەی گرتەوەو ھەموو مافەکانی دوو توێی پەیمانی سیڤەری پووچەڵ کردەوە. 

پەیمانی لۆزان لەھەلومەرجێکی جیاواز لەپەیمانی سیڤەر ئیمزا کرا، لەکاتێکدا بوو کە حکومەتی سوڵتانەکانی عوسمانی لەگۆڕەپانی سیاسی دەرچوو بوون‌و کەمالییەکان بەھێز بوو بوون‌و وەک نوێنەری دەوڵەتی تورکیا لەسەر شانۆی سیاسی دەرکەوتبوون، ھەر ئەوەش ھاوپەیمانانی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە رێکەوتنێکی نوێی ئاشتی لەگەڵ کەمالییەکان مۆر بکات کە لەگەڵ ھەلومەرجە نوێیەکەدا بگونجـێ‌و ئەلتەرناتیڤی پەیمانی سیڤەر بێت. 

ھەر بۆیەش  گفتوگۆی نێوان ھاوپەیمانان‌و تورکیا لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩٢٢ لەشاری لۆزان دەستی پێکرد‌و لە ٤ی شوباتی ١٩٢٣ بۆ ماوەی چەند مانگێک گفتوگۆکان وەستان‌و دواتر لە ٢٣ی نیسانی ١٩٢٣ جارێکی تر گفتوگۆکان دەستی پێکردەوەو بەردەوام بوو تا لە ٢٤ی تەموزی ١٩٢٣ پەیمانی ئاشتی ئیمزاکرا‌و بە پەیمانی لۆزان ناسرا. بەپێی ئەو پەیمانە ھەموو کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان تورکیا‌و ھاوپەیمانان چارەسەر کرا تەنھا کێشەی سنوری نێوان تورکیا‌و عیراق نەبێت کە دواتر بەکێشەی ویلایەتی موسڵ ناسرا. 

ئەوەندەشی پەیوەندی بە مافەکانی گەلی کوردەوە ھەبوو، پەیمانی لۆزان ھەموو مافە نەتەوەییەکانی دوو توێی پەیمانی سیڤەری پووچەڵ کردەوەو دانینا بە سەروەری تەواوو راستەوخۆی تورکیادا بەسەر ھەموو بەشەکانی خاکەکەیدا بەخاکی کوردستانیشەوە. بەوەش ھەر مافێکی گەلی کوردستانی بۆ سەربەخۆیی یاخود ھەر شێوازێکی دیکەی حوکمڕانی تەنانەت ئۆتۆنۆمیش پێشێلکرد. 

پەیمانی لۆزان ھیچ تایبەتمەندییەکی کوردستانی لەبەرچا‌و نەگرتبوو، بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەی بەوەکردبوو کە ھەموو ھاووڵاتیانی تورکیا بەیەکسانی مافی ژیان‌و ئازادییان بەبـێ جیاوازی عرقی یاخود نەتەوەیی، زمان، ئایین ھەیە. ئەوەش لەخاکی واقعدا کاری پێنەکرا‌و وەک وشەی جوانی دوو توێی ئەو پەیمانە مایەوە. 

پەیمانی لۆزان ھەموو مافەکانی گەلی کوردستانی دوو توێی پەیمانی سیڤەری پێشێلکرد بە مافی چارەی خۆ نووسینیشەوە کە لەو پەیمانەدا ئاماژەی پێدرا بوو. 

لۆزان مەسەلەی گەلی کوردستانی لەمەسەلەیەکی دانپێدانراوی یاسایی نێودەوڵەتییەوە ھێنایەوە بۆ خاڵی سەرەتا‌و کردییەوە بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی ئیدی لەوکاتەوە مەسەلەی کورد وەک مەسەلەی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانە سەیری دەکرێت کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. 

ئێستاش کە ١٠٠ساڵ بەسەر ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزاندا تێدەپەڕێت، ئەو نەخشەی رێگایەی کە ئەو پەیمانە کێشاویەتی بۆ بەرجەستەبوونی دابەشکردنی کوردستان‌و ھێشتنەوەی بە مەسەلەیەکی ناوخۆیی ھێشتا بەرقەرارەو گەلی کوردستان وەک گەورەترین نەتەوە بەبـێ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی ماوەتەوە. ئەوە لەکاتێکدایە کە بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەموو گەلێک مافی ئاسایی خۆیەتی بە مافی چارەنووسی خۆی بگات‌و دەوڵەتی خۆی پێک بھێنێت.  . ئەم پەیماننامەیە خەونی گەلی کوردستانی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ زیندەبەچاڵ کرد وەک لەپەیمانی سیڤەردا رەنگی بۆ رێژرابوو.

ئیدی لەو کاتەوە کێشەی کورد لە پرسێکی دانپێدانراوی نێودەوڵەتییەوە بوو بەکێشەی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کرابوو.

لەوکاتەوە گەلی کوردستان لەسەرانسەری کوردستانی گەورەدا خەبات بۆ ھێنانەدی مافەکانی بەگشتی‌و مافی چارەنووس بەتایبەتی ئەکات‌و قوربانییەکی زۆری بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە داوە.

بەڵام تائێستا ئەم گەلە وەک گەورەترین گەلی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست نەبووە بەخاوەنی دەوڵەتی خۆی، بەڵام خەباتەکەی بەشێوازی جیا جیا درێژەی ھەیەو حوکمی مێژووە ئەبێ بەدوا مەنزڵی خۆی بگات.