وتار
عیراقێکی لاواز و کوردستانێکی لێکترازاو
خەڵەف غەفور‌
پێچەوانەی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت یان لێی چاوەڕواندەکرێت بەوەی کە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی یەکێک دەبێت لە باشترین حکومەتەکانی دوای روخانی رژێمەکەی سەدام حسێن، باوەڕم وایە لاوازترین حکومەت دەبێت، لە پەراوێزی ئەوەشدا زیاتر دەرفەتی بەھێزبوونەوەی میلیشیاکان و بەھێزبوونەوەی کارکتەرە شیعییەکان دەڕەخسێت، بەتایبەت لەئێستادا کەوا حەشدی شەعبی لەوپەڕی بەھێزیدایە و باس لەوەشدەکرێت حەیدەر عەبادی پۆستی سەرۆکی حەشدی شەعبی پێدەدرێت.

کێشەکانی کابینەکەی عەبدولمەھدی، بەربەستەکانی بەردەمی، ھەروەک چاوەڕوانییەکانیش لێی زۆرن، بینیمان موقتەدا سەدر پێش راگەیاندنی کابینەکەی عەبدولمەھدی وتی کە ماوەیەکی دیاریکراویان داناوە بۆ ئەوەی حکومەت کەیسی گەندەڵی بەتەواوی بباتە پێشەوە و گەندەڵکاران بداتە داداگا، ھەروەک کوردیش چاوەڕوانیی زۆری لێی ھەیە و چاوی لە باشترکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و لابردنی سزای ئابووری و دانەوەی قەرەزەکانی و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ە کە ئەستەمە کەمترینی ئەو داواکارییانە ئاسان چارەسەر بکرێن.

کێشەکانی بەردەم عادل عەبدولمەھدی لە چوار رووەوەیە:

یەکەم: لە کۆمەڵگایەکی حزبیدا، کارەکتەری سیاسی تەکنۆکرات یان بێ پاڵپشتیی سیاسی بەھێز ناتوانێت پرۆژەکەی بکاتە کردار، حزب و کەسێتی سیاسی سا ئیتر میانڕەوبن یان توندوتیژ و دیکتاتۆر کێشە لە قسە و بەرنامە سیاسییە نووسراوەکەیاندا نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی جێبەجێکردنێتی کە ئەوەش لایەنی کەمی پێویستی بەھێزێکی تۆکمە ھەیە پشتیوانی بکات. عەبدولمەھدی سیاسییەکی بێ پشت و پەنایە، تەنیا شتێک لەوانی دیکە جیای بکاتەوە ئەوەیە روئیایەکی تایبەتی ئەرێنی بۆ پرۆسەی حوکمڕانی ھەیە، دژی گەندەڵی بووە و پێشتریش ھەوڵی باشی ناسەرکەوتووی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و ھەرێم ھەبووە.

دووەم: پرسی بێلایەنی و لایەنداری لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە یەکێکی دیکە دەبێت لەو گرفتانەی عەبدولمەھدی بەریەککەوتنی لەگەڵ دەبێت، حزبەکانی عیراق بەتایبەت شیعەکان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا تێوەگلاوی چەندین کەیسی گەندەڵین، لەگەڵ ئەوەشدا گرێدراوی سیاسەتی ھەرێمایەتین، لە کەیسێکی وادا سەرۆک وەزیران دەست ئاوەڵا نابێت بۆ لێپرسینەوە، بەڵکو مەحکوم دەبێت بەلێپرسینەوەیەکی سەرەتایی کە ئەوەش دڵمەندی شەقام نییە ئەمە ھاوکاتیشە لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی گوتار کۆی لایەنە سیاسییەکانی عیراق پشتیوانی خۆیان بۆ سەرۆک وەزیران راگەیاندووە.

سێیەم: پەیوەندی عیراق لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران کێشەیە، سەرۆک وەزیران ناتوانێت بێلایەن بێت، ئەمەریکا فشاری گەورە دەکات لە رۆژی ٥/١١ەوە، ئێرانیش لەنێو عیراقدا خاوەن میلیشیایە و زەوی عیراقی بەدەستەوەیە، یەکێک لە گرفتەکانی کەسێتی عادل عەبدولمەھدی ئەوەبووە لەماوەی رابردوودا کە زوو لە بەرپرسیارێتی دەکشێتەوە، کشانەوەی لە پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار و وەزیری نەوت باشترین نموونەن کە بەرگەی فشارەکانی نەگرت.

حکومەتەکەی عەبدولمەھدی ناتوانێت بێلایەنی خۆی بپارێزێت، پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی باڵانس راگریش گرفتەکان قوڵتر دەکاتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی عیراق خاوەن ئابوورییەکی لاوازە و بەرگەی ھیچ جۆرە شڵەژانێک ناگرێت.
چوارەم: چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا یەکێکی دیکە دەبێت لە کۆسپەکانی بەردەم عەبدولمەھدی، ئەمە یەکانگیرە لەگەڵ ئەوەشدا کە کوردستان بۆ خۆی خاوەن یەک ھێزی نوێنەرایەتی نییە لە بەغدا و گوتاری کوردی گوتارێکی لێکترازاوە.

ئەو لێکترازانە چۆن کاریگەری لەسەر قوڵترکردنەوەی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان دەبێت بەھەمان شێوەیش کاریگەریی بۆ سەر شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر- بەغدا دەبێت و دیسان ھۆکارێکی نەرێنییە بۆ حکومەتەکەی عادل عەبدولمەھدی.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
10/29/2018 8:28:00 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...