وتار
١٥خولەک بە کاتی ترەمپ ‌
خەڵەف غەفور‌
تۆم ماکینزی جەنەڕاڵی خانەنشینی سوپای ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی یەژێت؛ پێویستە ئەمریکا خۆی بۆ وەڵامدانەوەی توندی وێرانکەر «ردع» ئامادەبکات بۆ سەر کۆریای باکوور، سوپای ئەمریکا توانای ئەوەی ھەیە لەماوەی ١٥ خولەکدا کۆریای باکوور لەسەر زەوی بەتەواوەتی بسڕێتەوە.
دۆخی نیمچە دوورگەی کۆریا روبەڕوی قەیرانێکی مەترسیدار بووەتەوە، روونتریش رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و زۆرێک لە وڵاتانی ئاسیاش لەبەردەم دوو بژاردەی واقیعیدان:
یەکەمیان: خۆگۆڕینی سیستمی سیاسی ناوخۆیی، بەجۆرێک بگونجێت لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی بەھۆی جیھانگیرییەوە رووی لە ناوچەکە کردووە.
دووەم: خۆگونجاندن لەگەڵ سێبەری ئەو سیاسەتە شەڕئامێزەی رووی لە ناوچەکە کردووە، ھەڵبەت ئەوەش دوو لایەنی ھەیە کە بریتین لە شەڕی پیرۆز بۆ کۆتاییھاتنی سیستمە سیاسییە دیکتاتۆرەکان و رووەکەی تریشی بریتییە لە شەڕکردن لەپێناو سازشپێکردن بەوی تر.
کۆریای باکوور لەو وڵاتانەیە سیستمە سیاسییەکەی لە ناوچەکە بووەتە مەترسی، مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ژاپۆن و کۆریای باشوور بەڕاستەوخۆیی، مەترسی بۆ سەر کولتوور و سیستمی دیموکراسی و ئازادی کە تازە بە تازە لە ناوچەکە نەشونما دەکات.
بەوەی ئەمریکا تاکو ئێستا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سیاسەتی جیھانی ھەیە، ئەگەرچی بڕواش وایە تاک جەمسەر نەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەھۆی ئیدیعای بەردەوامی بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و سیستمە دیموکراسییەکان و ئازادی ژیان و وتن بەجۆرەھا رێگا دەستوەردان دەکات و ھەندێکیان بە قازانج بۆ گەلانی ناوچەکە دەشکێنەوە و ھەندێکیشیان وەکو مەترسی دەبینرێن.
دوای دەرچوونی بڕیاری زیاتر گەمارۆخستنە سەر کۆریای باکوور بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، کۆریای باکوور ھەڕەشەی ھێرشکردنە سەر ئەمریکا و دوورگەکانی کرد، ئەوەش بووە سەرەتای قۆناغێکی ترسناک لە پەیوەندیی ئەو دوو دەوڵەتە تا ئەندازەی ئەوەی جیھان لەم قۆناغەدا لەبەردەم دڵەڕاوکێیەکی گەورەدا دەژی.
کۆریای باکوور چەکی ئەتۆمی ھەیە، بەڵام خاوەن ئابوورییەکی داتەپیوە، نەبوونی ئازادی و دیموکراسی و ھەژاری و بێکاری و نزمی ئاستی زانستی لەسەر ئاستی گشتی، لەو گرفتانەن کە بەدەستییەوە دەناڵێنێت.
پێچەوانەی ئەمە ئەمریکا ھەیە کە خاوەن ئابوورییەکی بەھێز و پێشکەوتووە، لەڕووی زانستی و سیستمی سیاسییەوە پێشەنگە تا ئەندازەی ئەوەی فۆکۆیا لە کتێبـی «کۆتایی مێژوو و دوایەمین مرۆڤ» باس لە باشێتی سیستمی سیاسی ئەمریکی دەکات وەکو دوا نموونە لەم قۆناغەی مێژوودا.
ھێزی سەربازی ئەمریکا خاوەن توانایەکی بێ وێنەیە، بەپێی زانیارییەکان ئەو وڵاتە خاوەنی ١ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار سەربازی ئامادەو ٨٠٠ ھەزار سەربازی یەدەگە. یەکەم وڵاتە لە بەرھەمھێنانی فڕۆکەی جەنگی، زیاتر لە ٧٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمیی ھەیە، بودجەی پنتاگۆن زیاتر لە ٦١٥ ملیار دۆلارە.
ھەڕەشەکەی کیم جۆن ئۆن بە وێرانکردنی دوورگەیەکی ئەمریکا، وەڵامێکی رەقتری بەدوادا ھات، مەترسی ھەڕەشەی ئەمریکا ئەوەیە لە جێبەجێکردنەوە نزیکە وەک لەبانگەشە، نموونەی داگیرکردنی عیراق و ئەفغانستان، لێدانی چەکی ئەتۆمی لە ھێرۆشیما و ناکازاکی و ئەو ھەموو ئامادەییە سەربازییەی لە ھەموو کیشوەرەکانی جیھان ھەیەتی، بەتایبەتتریش دۆناڵد ترەمپ کۆمارییەکی سازش نەکاری توندڕەوەو بەھەمان شێوەی کیم جۆن ئۆن وەڵامی دایەوەو وتی «توڕەبوون و ئاگرێکی وات بەسەردا دەبارێنم لە مێژوودا وێنەی نەبێت».
جیھانی ئێستا لەبەردەم مەترسی جەنگێکی جدیدایە، سەرشێتییەکانی سەرۆکی کۆریای باکوور لەبەردەم ھێزێکی سەربازی گەورەدایە کە خاوەن ٧٥٠٠ کڵاوەی ئەتۆمییەو دەتوانێت لەماوەی ١٥ خولەکدا وڵاتێک لەسەر زەوی بسڕێتەوە.
دوور نییە ١٥ خولەک بەکاتی ترەمپ جیھان بەتەواوی بگۆڕێت.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
8/16/2017 7:32:55 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...