وتار
کەمین پۆڵەتیکمەترسییەکانی گەڕانەوەی روسیا بۆ عیراق
خەڵەف غەفور‌
 روسیاو ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوودا ململانێی توند لەنێوانیاندا ھەبووە، شەڕی سارد کە لە نەوەدەکانی سەدەی بیست لە بەرژەوەندیی ئەمریکا کۆتاییھات، نەبووە ھۆی کۆتایی ململانێکانی نێوانیان. ھەرچی ئەمریکایە رۆڵ و پێگەی خۆی لە ناوچەکە فراوانتر کرد، روسیاش وردە وردە خۆی بۆ گێمی نوێی ململانێیەکە سازو ئامادەکرد. 
 روسیای سەردەمی بۆریس یەڵسن کە ساڵی ١٩٩٩ کۆتاییھات، جیاوازە لە روسیای سەردەمی ڤلادمیر پۆتین، لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازییەوە گەشەی کرد، تەنانەت پێگەی لەسەر ئاستی ھەرێمایەتی ھێندەی تر بەھێزبوو بەشێوەیەک ھەندێک چاودێری سیاسی و شارەزا پێیان وایە چیتر جیھان تاک جەمسەر نییە و لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەنابرێ، بەڵکو جیھانی ئێستا جیھانی جەمسەربەندیی جۆراوجۆرە. 
 ئازادکردنی عیراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە شەرعیەتێکی یاسایی و سیاسی وەرنەگرت، تەنانەت دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بۆ تاوتوێکردنی پلانی ئەمریکا بۆ چۆنیەتی روخانی سەدام حسێن بەستی، کۆڵن پاوڵی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمریکا ئامادەی نەبوو، روسیا ناڕازی و دژی لایەنی فراوانخوازیی ئەمریکا بوو لە ناوچەکە، بەتایبەت کە بیرکردنەوەی لە داگیرکردنی عیراق لە پەراوێزی بەھەڕەشە ناساندنی، ھۆکاری ئابووری و نزیکبوونەوەی زیاتری لە سەرچاوەکانی وزەوە بوو. 
 بەھاری عەرەبی و راپەڕینی گەلانی سوریا، دەستتێوەردانی تورکیا لە کاروباری سوریا، ھەڕەشەکردنی زیاتر لە ئێران و خۆدوورگرتنی باراک ئۆباما لە دەستتێوەردانی راستەوخۆی سەربازی لە کێشەکانی ناوچەکە، ھانی  زیاتری روسیایدا بۆ گەڕانەوەی کاریگەرانەی بۆ ناوچەکە، لەو نێوەشدا عیراق ھەیە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عیراق خواستی نزیکبوونەوەی زیاتری لە ئەمریکا ھەیە، نوری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراقیش زیاتر مەیلی بەلای ئێران و روسیا و سوریا ھەیە و ئەوەش لەئێستا دوو ھاوکێشەی پێچەوانەی دروستکردووە. 
 نوری مالکی جێگری سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆکی حزبی دەعوەیە، ھەشت ساڵ سەرۆک وەزیران بووە و لەئێستاشدا وەکو باسدەکرێت خۆی ئامادە دەکات بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران، ئەمەش جگە لە ئامادەسازیی ناوخۆیی پێویستی بەپشتیوانی نێودەوڵەتی وەکو روسیا، پشتیوانی ھەرێمایەتی وەکو ئێران ھەیە. 
 ئەو خواستەی مالکی (کە بریتییە لە رۆڵ بینینی زیاتری روسیا لە عیراق و قوڵترکردنەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان بەتایبەت لە کەرتی وزە) ئەگەر ببێتە کردار، ئەوە دیسانەوە عیراق دەبێتەوە شوێنی ململانێی ئەمریکا و روسیا و ئێران لەلایەکی ترەوە. 
 کاریگەری ئەو ململانێیە پەیوەندیی بە کوردیشەوە ھەیە، بەوەی نوری مالکی ھەم دژی راپرسییە لە مانگی نۆی ئەمساڵ، ھەم خواستی چوارچێوەدارکردنی ھەرێمی کوردستانی ھەیە، ھەرچی پەیوەندیی بە وەبەرھێنانی روسی لە کەرتی نەوت لە کوردستان ھەیە، ئەوا دەکەوێتە بەردەم مەترسی گەورە. 
 ئەو مەترسیانەی لەسەر ھەرێمی کوردستان دەردەکەون لە سێ خاڵدا خۆیان دەبیننەوە: 
یەکەم: لە ئەگەری بەھێزبوونەوەی نوری مالکی بەھۆی پشتیوانی روسیا و ئێرانەوە، ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی فشاری زیاتری حکومەتی ناوەندی دەبێتەوە. 
دووەم: بەھۆی بوونی بەرژەوەندییە زۆرەکانی عیراق لەگەڵ روسیا بەتایبەت نەوت، ھەرێمی کوردستان ئەو سەنگە گرنگەی لە بازاڕی وزەی روسیا نامێنێت. 
سێیەم: لە ئەگەری رێککەوتنی روسیا و ئەمریکا لەسەر بەرژەوەندییەکانیان لە عیراق و ناوچەکە، بەھۆی ئەوەی کورد کارەکتەرێکی نادەوڵەتییە، بۆیە مەترسیی گەورە لەسەر پێگە و سەنگە سیاسییەکەی دروست دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
7/24/2017 9:07:15 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...