سەرۆک مام جەلال نەیارەکانی وەلا نەدەنا، دەیکردن بە ھاوڕێی خۆی و کوردستان

03/10/2022
2122 جار خوێندراوەتەوە

فەرهەنگ فەرەیدون نامدار

فەرهەنگ فەرەیدوون نامدار توێژەر و نوسەری سیاسیە و نوسینەکانی لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بە چەندین زمان بڵاوبوونەتەوە.

ئەگەر گرنگترین خەسڵەتی وزە، دروستکردنی ھێز بێت ئەوا گرنگترین خەسڵەت بۆ سەرکردە، کۆکردنەوەی گەل و نیشتیمانە. 

بەھاوڕێ کردنی نەیار و دوژمنەکان، دەبێتە ھۆی نەمانی دوژمنایەتی و تێکشکاندنیان، بە شێوازێکی ئاشتیخاوازانە و بونیادنەر و بەرھەمھێنەرانە، کە دەتوانێت دۆستایەتی دروست بکات. پاشان، دوژمنایەتی نەھێلێت و ئەو وزە و کاتەی لە دوژمنایەتیدا بەھەدەر دەدرێت لە خزمەتی خەڵک و شارستانیدا دەبێت. ئەمەش کرۆکی فکری سەرۆک مام جەلالە بۆ یەکگرتووی.

وەڵامی سەرۆک مام جەلال بۆ توندوتیژی، یەکگرتووی بوو کە ئەمەش دەبووە ھۆی سەقامگیری، وەڵامێکە بۆ کۆتایھێنان بە گەندەڵی و بێ سەروبەری و پاشان دروست بوونی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی.

ھەروەھا کلتوری سیاسی "ھەمووی بۆ من،" لە سەردەمی سەرۆک مام جەلالدا کۆتایی ھات و ھەرێمی کوردستان بووە شوێنێک کە جێی ھەموو بیرو باوڕێکی تێدا دەبێتەوە. لە زۆرینەی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چەندین حزب، کتێب، سایت، فکر ھەن بە یاسا قەدەغە کراون، بەڵام لە کوردستان و عێراق ئەمە بوونی نییە. چونکە سەرۆک مام جەلال وەک پارێزەرێکی یاسای لە گرنگی ئازادی و یاسا دەگەیشت.

جیاکەرەوەی ھەموو سەرکردە مەزنەکانی مێژوو، ھەر لە جەنگیز خانەوە، ھەتاوەکو ئۆتۆ ڤۆن بیسمارک و ڤلادمیر لینین و سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، کۆکردنەوەی گەلەکەی یان ھاوبیرەکانی بووە. گرنگی جەنگیزخان لە مێژوودا داگیرکارییەکانی نیە، بەڵکو کۆکردنەوە و یەکخستنەوەی گەلەکەیەتی کە تیمۆجینی کرد بە جەنگیز خان. وەک چۆن ئەمە ڕاستە بۆ بیسمارک کە ئەڵمانیای لە ٣٠ شانشین و میرنشینەوە کرد بە ئەڵمانیا و یەکیخستنەوە.

سەرۆک مام جەلالیش بە کۆکردنەوەی یەکەم، کورد و دووەم، پێکھاتە جیاوازەکانی عێراق، ڕێگەیەکی نوێی دەست پێکرد و فکری تەبای و یەکگرتووی لە ناوچەکەدا دروست کرد.  ئەو جیاوازیەی لە نێوان خەتە ئاینی و سیکۆلار و ھێزە نیشتمانییەکاندا دروست بوو لە جەنگی ساردا، بە ڕێگەی سەرۆک مام جەلال کاڵتر کرایەوە و لە عێراقدا. چەند ھێزێک لە کوردستاندا کە تەنانەت حکومەت و پەرلەمانیان بە نەگونجا و "ناشەرعی" دەزانی بە ھەوڵی سەرۆک مام جەلال بەژداری حکومەت و پەرلەمانیان کرد و کوردستان زیاتر کۆکرایەوە.

ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە بۆچی تا ئێستا لە ئاستی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش کورد دابەشە؟

ڕێگەی سەرۆک مام جەلال بۆ یەکگرتن دورو درێژە و پرۆژەیەکی تەمەنی نیە بەڵکو وەک فکرێک و سیاسەتێک، دەبێت نەوە دوای نەوە پەرەی پێبدرێت و وەک ستراتیژێکی درێژخایەن سەیر بکرێت. ھەروەک چۆن لە کوردستان بیری یەکگرتنی سەرۆک مام جەلال بووە ھۆی دروستبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای چەنین ھەوڵ و پاش بڵاو بوونەوە و قبوڵکردنی ئەم فیکرە. دەبێت بەو شێوەیەش کار بکرێت بۆ بڵاو کردنەوەی لە ناو کورد لە ھەموو شوێنێک.

مەرج نیە یەکگرتن، یەکگرتووی جوگرافی بێت و ئەمەش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی ئەم بیرکردنەوەیە، کە زۆر زیاتر لەگەڵ ئەم سەردەمەدا دەگونجێت. ئەویش سەردەمی تەکنەلۆژیا و سۆشیال میدیا و کرانەوەی زیاتری بەربەستەکانە. بەم شێوەیە دوو گروپ دەتوانن بە ھەموو جیاوازییەکانیانە یەکبگرن و ھێزی یەکگرتوی خۆیان بەکار بھێنن بۆ خزمەتکردنی وڵات. 

سەرۆک مام جەلال کوردی ھەرچوار پارچەکەی کۆ دەکردەوە بە بێ ئەوەی ھاوکێشە جیۆپۆلەتییکیە حەساسەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تێکبدات و گەلەکۆمە لە کوردستان بکرێت.

ھەروەھا چەندین شوێن ھەن کە دابەش بوون، بەڵام بەھۆی بڵاوبوونەوەی فکرێکی لەباری یەکگرتن توانیویانە یەک بگرن. کۆریا لە سەدەی یەکی زاینییەوە چەند شانشینێکی وەک گۆگۆرییە و بایکجێ و سیلای تێدابوە و لە سەدەی حەوتدا یەکی گرتوەتەوە و پاشان لە دوای جەنگی جیھانی دووەم دابەش کرا بۆ کۆریای باکور و باشور بەڵام ھەتاوەکو ئێستاش بیرۆکەی یەگرتن لە ناو کۆرییەکاندا ھەیە ئێستا وەزارەتی یەکگرتنەوەی ھەردوو کۆریەکە لە کۆریای باشور ھەیە و ھەر ئەو فکرەیە کە یەکگرتنەوەی ئەو دوو وڵاتە لە داھاتوودا ئاسانتر دەکات.

گرنگە کەوا فکری مام جەلال کورد کۆبکاتەوە، بەڵام تێگەیشتنی جیاواز نەبێتە ھۆی دابەشکردنی. بەدۆستکردنی نەیار و دوژمنەکانمان و ئەم کارەش بە سیاسەتی ورد و پلان دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، ھەر وەک چۆن سەرۆک مام جەلال دەڵێت، ھاوڕێیەتی ئەوە دەکەین ھاوڕێیەتیمان دەکات و دوژمنایەتی ئەوە دەکەین دوژمنایەتیمان دەکات.