وتار
دوا ٤٢ ساڵ، بۆ یەکێتی بەبەھێزی ماوەتەوە؟
ئازاد ئیبراھیم
ھیچ ھێزێک ھێندەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەڕی دوژمنانی کوردی نەکردووە، ھیچ ھێزێک ھێندەی یەکێتی بەناو سیناریۆو پیلانی نەیارەکانیدا تێنەپەڕیوە، ھیچ ھێزێک ھێندەی یەکێتی ھێڵی سوری دوژمنی تێنەپەڕاندووە. 
ماوەی ٤٢ ساڵە یەکێتی لەژێر چاودێریی وردی ناحەزان و نەیارەکانیدایە تاکو بتوانن لەزەوی بدەن و لەشکۆی کەم بکەنەوە.
بەڵام ئەگەر لەجوڵەو سیاسەتەکانی یەکێتی بڕوانین، "سەرەڕای ھەر کەموکورتییەک" کەچی یەکێتی ھەر ھێزە کاریگەرو بەھێزەکەی ناو گۆڕەپانی سیاسی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیەو دوژمنان نەگەشتوون بەئاواتەکانیان.
لێرەدا پرسیاری جەوھەری ئەوەیە دوای چل و دوو ساڵ لەدامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای چل و دوو ساڵ لەدانانی پیلان و سیناریۆ لەبەردەم سەرکەوتنەکانی یەکێتیدا، بۆچی یەکێتی ھەر بەبەھێزی ماوەتەوە؟

لەچەند ڕوانگەیەوە دەکرێت وەڵامێکی گونجاوی ئەم پرسیارە بدەینەوە:

یەکەم/ ھەبوونی پێشەواو سەرکردەو باوکێکی ڕۆحی کە بەردەوام ڕۆحی یەکێتیبوون لەجەستەی لایەنگران و ئەندامانی یەکێتیدا جۆش دەداتەوەو ھەمیشە پەیامی نوێ و فەلسەفەی نوێی پێیە بۆ یەکێتی و یەکێتییەکان.

دووەم/ پرسی نیشتمانی و نەتەوەیی، یەکێکە لەو خاڵە بەھێزانەی کە یەکێتی بەبەھێزی ھێشتووەتەوە. 
ھەموومان ئەم خەمە گەورەیە دەبینین لەخەباتی سەربازی و سیاسی و دپلۆماتی یەکێتیداو کاری لەسەر دەکات و تاکو ھەنوکە، ھەژدە ھەزار شەھیدی لەو پێناوەدا بەخشیوە.

سێیەم/ ھێزی گەنجان و ژنان، ھەمیشە یەکێتی دەستپێشخەر بووە لەکاری نوێ و داھێنەرانەدا، لەو چوارچێوەیەیشدا تاکە ھێزی سیاسییە توانیویەتی بۆ یەکەمجار دەرگای خۆی بەڕووی نەوەی نوێ و خوێنی تازەی گەنجان و ژناندا بکاتەوەو لەئۆرگانە جیاوازەکاندا شوێنیان بۆ بکاتەوەو پۆست و وەزیفەی جیاوازیان پێببەخشێت. 

چوارەم/میدیا، بەیەکێک لەفاکتەرە ئەساسییەکانی بەھێزی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دادەنرێت کە چ لەسەردەمی ڕادیۆی (گەلی کوردستان) و چ لەسەردەمی ئێستای میدیا بینراوەکانیدا وەک (کەناڵی پێشمەرگە) توانیویەتی پەستانی گەورە بخاتەسەر دوژمنان لەپاڵ ورەی پۆڵاینی پێشمەرگەکانیدا. 
میدیاکانی یەکێتی درێغیان نەکردووە لەگەیاندنی پەیامی ڕاست و مۆراڵی و نەتەوەیی بەھاوڵاتیانی کوردستان. ھەر ئەمەش وایکردووە میدیاکانی یەکێتی بەشێک نەبێت لەفەوزای میدیایی لەکوردستاندا.

پێنجەم/ پرسی ئازادی و دیموکراسی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان تاکە ھێزی کوردییە لەبەرەبەیانی مێژووەکەیەوە تائەمڕۆ کاری جدی لەسەر پرسەکانی ئازادی و دیموکراسی کردووەو ھەمیشە لەپەیامەکانی مامدا، ئەم پرسە پێداگری لێکراوەتەوە.
تەنانەت بەردەوام ناکۆکییەکانی مامیش لەگەڵ نەیارانی کورددا بۆ پرسی ئازادی و مافی کورد بووە لەوڵاتێکی ئازادو دیموکراتیدا.

شەشەم/ ھێزی سەربازی (پێشمەرگە)، لەگەڵ ھێزی سیاسی و دپلۆماتی خۆیدا، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕێگەی ھێزی پێشمەرگەی خۆیەوە پەیامێکی توندو بەھێزی ھەبووە بۆ نەیارەکانی.
ھێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەڕابردوودا بۆ نەیارێکی وەک بەعسی فاشیست و لەئێستایشدا بۆ داعشی تیرۆریستی سەلماندووە کە یەکێتی لەپێناو کوردستاندا ئامادەیە سەرکردەو قارەمانەکانی خۆی بەکوردستان ببەخشێت.

حەوتەم/ دڵسۆزی لایەنگرانی یەکێتی، ھەر ھێزێک لەجیھاندا شم و چەشەی بۆ دەستەمۆکردنی ھاوڵاتیان بەکارنەھێنا، ئەو ھێزە بەئاسانی لاوازنابێت و ناڕووخێت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستانی یەکێکە لەھێزانەی پارەو دەستکەوتی نەبەخشیوەتەوە لەپێناو بەدەستێنانی دڵی ھاوڵاتیاندا، بەپێچەوانەوە خۆشەویستی ھاوڵاتیان بۆ یەکێتی ھەمیشە خۆڕسک و سروشتی بووە. بۆیە بەردەوام دەبینین یەکێتی لەنوێبوونەوەو بەھێزبوون و گەورەبووندایە.

ھەتا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەم ڕۆح و ھێزو توانایەوە لەپێناو گەل و نیشتماندا بجەنگێت و قوربانی مادی و مەعنەوی بدات و کار بۆ ژیانێکی شایستەتر بۆ ڕۆڵەکانی بکات، یەکێتی لەدڵی ھەموواندا بەبەھێزی دەمێنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
6/1/2017 10:10:04 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...