وتار
‌ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت یان نا لەسوودی یەکێتییە
ئازاد ئیبراھیم
کەسێکی تایبەت لە گردی زەرگەتە پێیوتم "ھەڵبژاردن ناکرێت و پارتی و گۆڕان، بە ناوی پێویستی دۆخەکەوە ھەڵبژاردن دوادەخەن”.

ئیدی من بەدواداچونی زیاترم نەکردووە بزانین ھەڵبژاردن دەکرێت یان نا. بەڵام ئەوەندەی لە یەکێتییەوە نزیکم و لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانیدا کاردەکەم یان قسە دەکەم، دەزانم یەکێتی بۆ ھەردوو ئەگەرەکە خۆی حازرکردووە.

نازانم سوودی ئەنجامدان یان ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن بۆ ھەرلایەنێکی تر چۆنە. بەڵام دەزانم ئەم ھەڵبژاردنە لەھەردوو بارەکەدا بۆ یەکێتی سوودبەخشە و بە قازانجێکی گەورەی یەکێتی دەشکێتەوە.
لە ئەگەری ئەنجامدانی ھەڵبژاردندا، سوودەکانی بۆ یەکێتی چییە؟

یەکەم/ یەکێتی ئێستا لەڕووی کێشەو ئاریشە ناوخۆییەکانیەوە بارودۆخی زۆرباشەو وەک تیمێکی دڵسۆز بۆ سەرخستنی لیستی ۱۰٥ کاردەکەن. لەھەڵبژاردنی ۱۲ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا ئەمەمان بەباشی بینی.

دووەم/ کەسێکی گونجاو و خۆشەویستی ناو یەکێتییەکان سەرۆکی لیستەکەیە و کاریگەرییەکی باشی لەسەر دەنگدەر دەبێت. جگە لەڕێژەیەکی باشی کاندیدەکان کە ناسراون و لەناو دەستەی ڕۆشنبیران و زانستخوازاندان.

سێیەم/ یەکێتی و یەکێتییەکان لە دوای ھەڵبژاردنی ۱۲ی ئایارەوە لەدۆخێکی دەروونی باشدان و ھەمووان پێمانوایە ئیتر قۆناغی سەرکەوتن و بەھێزبوونەوەی یەکێتی دەستی پێکردوەو پەلەی سەرکەوتنی نوێمانە.

چوارەم/ لە ئێستادا ژمارەیەک کەسایەتی باشی سیاسی! یان کۆمەڵایەتی گەڕاونەتەوەناو یەکێتی کە کاریگەری باشی لەسەر دەنگدەری یەکێتی دەبێت و لەم ھەڵبژاردنەدا کێرڤی دەنگەکانی یەکێتی بەرزدەکەنەوە
بەم چوار خاڵەی سەرەوە لە سوودی یەکێتییە ھەڵبژاردن بکرێت. وەک چۆن لە۱۲ی ئایار شەپۆلە سەوزەکە گەیشت، ئەم ھەڵبژاردنەیش کاروانە! سەوزەکە دەگات.

ئەگەر ھەڵبژاردنیش ئەنجامنەدرێت، ئەوا ھەر لەسوودی یەکێتی دەبێت. چۆن؟

یەکەم/ پێش ھەر شتێک یەکێتی دەرفەتێکی تری دێتەپێش بۆ پرسی کۆنگرە. یەکێتی دەتوانێت لە ماوەی دواخستنی ھەڵبژاردندا پەیامی نوێبوونەوە بداتە یەکێتییەکان و دەنگدەرانی کوردستان و ھەوڵەکانی بۆ بەستنی کۆنگرە دەست پێبکاتەوە.

دووەم/ لەم ئەگەرەدا یەکێتی سەرقاڵ نابێت بەھەڵبژاردنی ناوخۆی ھەرێمەوەو فۆکس دەخاتەسەر تواناو قورسایی یەکێتی لە بەغدادو بەدەستھێنانی مافی زیاتری کورد.

سێیەم/ ھەرچی چیرۆکی یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکانی یەکێتییە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار "ئەگەر بەرھەم ساڵحیش ھەژمار بکەین” لەم دۆخەدا ئاسان دەبێت و یەکێتی دەتوانێت ئاسانتر یەک کێشەی پۆست لە بەغداد چارەسەر بکات، وەک لەوەی کێشەی پۆستەکانی ھەرێمیشی لەگەڵدا بێت.

ئێستا قسەکە ئەوەیە؛ ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت، ئەوا دڵنیام یەکێتی خۆی بۆ ھەڵبژاردن حازرکردووە. بۆ دڵنیایی زیاتر لەم بۆچونەمان، ئێمە دوو نمونە دێنینەوە:

۱ــ کاتێک قوباد تاڵەبانی لەگەڵ تیمێکی باشی یەکێتیدا ناوچەکانی کوردستان دەگەڕێت، لایەنەکانی تری دەرەوەی یەکێتی دەڵێت: قوباد تاڵەبانی بانگەشەی ھەڵبژاردن دەکات. ئەی کەواتە بەپێی ئەم بۆچونە یەکێتی خۆی بۆ ھەڵبژاردن ئامادەکردووەو ناترسێت.

۲ــ ئەم خاڵە ئێستاو پێش ھەڵبژاردن دەیدرکێنم و بەڵگەیە لەسەر ئامادەیی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردن ئەویش ئەوەیە؛ من دووجار ئاگادارکراومەتەوە کە یەکێکم لەتیمەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ ھەڵبژارن لەگوندەکانی گەرمیاندا.

بەڵێ و دووبارەی دەکەمەوە کە یەکێتی کێشەی لەگەڵ ھیچ ئەگەرێکیان نییەو دەیەوێت لەھەردوو ئەگەرەکەش قازانج بکات و دەرفەتەکان لەدەست نەدات.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/5/2018 1:50:10 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...