وتار
ڕوسیا بەرەو قەتەر
ئازاد ئیبراھیم
دەرکەوتنی ھەردوو زلھێزی جیھان ئەمریکاو ڕوسیا پێکەوە لەئێستا.
 وێنەیەکی دوو دیوە. لەدیوێکدا ئەکرێت ھەڵگری ڕەھەندە مێژووییەکەی بێت کە پڕە لەنەیارێتی و دوژمنکاری، لەدیوی دووەمیشیدا ھەڵگری تاڕادەیەک لێکتر نزیکبوونەوەو ھێورکردنەوەی نێوان ھەردوو وڵاتە. وەک چۆن لەئێستادا ھاوکاری یەکترن لەخاکی سوریادا
ڕۆژانێک ئەم دوو زلھێزە تاتوندترین پلەی ناکۆکی و جەنگ و کوشتار لەبەرامبەر یەکتریدا وەستانەوە. وەک چۆن لەخاکی ئەفغانستانداو لەساڵانی ١٩٧٩دا کاتێک سوپای ڕوسیا چووە خاکی ئەفغانستانەوە؛ ئەمریکا دەرفەتەکەی قۆستەوەو ڕووبەڕووی ڕوسیا وەستایەوەو یەکەم بلۆکی لەدیواری یەکێتی سۆڤێت دەرھێناو دەسەڵاتە کۆمۆنیستییەکەی ئەفغانستانی دۆستی ڕوسیای گۆڕی بۆ دەسەڵاتێکی ئیسلامی توندڕەوی دژ بەڕوسیا. لەسەرو ھەموویشیانەوە "کۆمەڵی ئیسلامی"و شابەندەر.
ئەم وێنە دوو دیوە، کە دیوێکی پڕە لەپارادۆکس و دیوێکیشی تاڕادەیەک ھاوسەنگە. لەسەردەمی ئیدارەکانی ھەردوو کارەکتەری سیاسی ئەمریکی (باراک ئۆباما)و (دۆناڵد ترامپ) توشی ھەڵبەزودابەزینێک دەبێتەوە.
ھەندێکجار لەسوودی ئەمریکاو ھەندێکجاریش لەسوودی ڕوسیا. بەڵام زۆرترینی ئەم چانسە بۆ ڕوسەکان بووە.
شەش ساڵ پێش ئێستا، لەگەڵ سەرھەڵدانی ڕووداوەکانی سوریاداو لەکاتی ئیدارەکەی باراک ئۆبامادا، تاڕادەیەکی زۆر ئەم دۆخە لەسودی ڕوسیا ھەڵکشاو زۆرێکی ناوەندە گەورە جیھانییەکان پێیانوابوو ڕوسیا دەتوانێت تۆڵەی مێژوویی خۆی لەئەمریکا بکاتەوەو بەتوندی گورزی خۆی لەئەمریکا بووەشێنێت.
بەڵام لەگەڵ دەرکەوتنی کارەکتەری دۆناڵد ترامپ وەک دەرکەوتنێک لەپڕو ھەڵگری پەیامێکی توند؛ تائاستێکی زۆر خەریکە تێگەشتن لەپەیوەندی نێوان ئەم دوو زلھێزە جیھانییە قورس دەبێت؛ ئەمەش لەدوای ئەوەی ترامپ وتی "شکۆ بۆ ئەمریکا دەگێڕینەوە".
دوا پرسێک ئەم دوو زلھێزە بەڕێگای جیاواز دەگەیەنێتەوە یەکتر، پرسی "قەتەر"ە کە لەدوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداوەوە لەگەڵ قەتەر لەمانگی شەشی ڕابردووەوە. دوێنێ ٢١ی مانگی ٨، ڕووسیا ڕاستەوخۆ ھاتەنێو ناکۆکییەکەوەو وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لەپێناو دانانی خاڵێک بۆ کۆتایی ئەو چیرۆکە گەیشتە قەتەر. ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمریکا داوای لەزۆرێک لەوڵاتانی ناوچەکەو جیھانیش کردووە کە دژی قەتەر بووەستنەوە.
لەدوای نزیکەی سێ مانگ لەتێکچوونی پەیوەندییەکانی وڵاتانی کەنداوو قەتەر. ئەمریکا تاڕادەیەک بێدەنگی لەوپرسە ھەڵبژاردووەو وەک سەرەتا دەستتێوەردان لەو ناکۆکییانەدا ناکات. ئەمەش تەنھا بۆ پوکانەوەیەکی لەسەرخۆی قەتەرە وەک مەترسییەکی ئاشکرا لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناوچەکەدا.
بەڵام لەبەرامبەردا ڕوسیا دەیەوێت بێدەنگی ئەمریکا لەم پرسە بەدەرفەت وەربگرێت و بابەتی قەتەرو کەنداو لەژێردەستی ئەمریکا دەربھێنێت و بیخاتەژێر دەستی خۆیەوەو تارمایی خۆی بخاتەسەر ناوچەکە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
8/22/2017 11:03:03 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...