وتار
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لەتابلۆی دیموکراسی پەرلەماندا
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
لەدانیشتنی رابردووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و لەسەروبەندی پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکانی بەڵێ و نەخێر بەمەبەستی ساغکردنەوەی رێژەی چەندایەتی قەناعەتی پەرلەمانتاران بە وەڵامەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عیراق، دیمەنێکی جوانی ململانێی دیموکراسی پەرلەمانی دەرکەوت کاتێک جیاوازی دەنگەکانی بەڵێ و نەخێر تەنھا یەک دەنگ بوو، بە ١١٩ ی نەخێر و ١١٨ ی بەڵێ.
بەرلەوەی کە دەرھاویشتەو لێکەوتەکانی ئەم مەسەلەیە ھەڵدەینەوە، ئەوەی کە گرنگە ئاماژەی بۆ بکەین کاریگەری تەنھا دەنگێکە لەسەر ئەنجامەکان و رێرەوی گۆڕانکاریەکان و لەمەش گرنگتر سەبارەت بە دەزگایەکی وەک کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان کە لەمەوە ئەدگارەکانی دەسەڵات و دەموچاوی کارەکتەرەکانی دەردەکەون، کە ئەگەر بەرێکەوتیش وا کەوتبێتەوە بەڵام ژمارە بڕیاردەری سەرەکی و دەنگ و ئیرادەی تەنھا ئەندامێک لەناو پەرلەماندا مەغزایەکی قوڵی ھەڵگرتوە و جوانترین دیمەنەکانی دیموکراسیەت لەناو ھۆڵی نوێنەرەکانی گەلەوە، ئاراستەی دنیای دەرەوە کراو و بەھەموو مانایەک و بەھەموو پێوەرێک بەھەبوونی کەموکورتی و گەندەڵی ئیداریی و دارایی و شکستی سییاسیەکان لە ئیدارەدانی دەوڵەتەکەدا، بەڵام ئەم مەسەلەیە جارێکی دیکە جەختی لەسەر ھەبوونی دیموکراسیەتێکی رێژەیی کردەوە کە لەبەغدا رێچکەی گرتوە و پێویستە ھەموان پشتیوانی لێبکەین.
پرسی گۆڕینی ئەندامانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ماوەیەکی زۆرە بوەتە شوێنی ناکۆکی نێوان ھێزە سیاسیەکان و بەتایبەتی رەوتی سەدر ئەم مەسەلەیەی کردوەتە ئەولەویەتی کارەکانی و پەیخۆری جوڵاندنی شەقام و بزوێنەری خۆپیشاندنەکان و بەبۆچوونی ئەندامانی فراکسیۆنی ئەحرار، ئەم دەستەیە لەپشت خەوشی ھەڵبژاردنەکانن و گەندەڵیەکی زۆر لەبواری پیشەیبوونی کارەکانیان کراوەو بێلایەن نەبوون و دابەشی حیزبە سیاسیەکان بوون. کەئەم دردۆنگیەش بەشێوەیەک لەشێوەکان درێژکراوەی ئەو ململانێ بەردەوام و ناکۆکیە سەختەیە کەلەنێوان دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی مالکی و رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی مقتدی سەدر بوونی ھەیە و مێژووەکەی بۆ ساڵی ٢٠٠٨ دەگەرێتەوە، ئەوکاتەی کە نوری مالکی جڵەوی حوکمی لەدەستبوو و بەھاوکاری ھێزەکانی ئەمریکا ھێرشی کردە سەر سوپای مەھدی و ناچاریکردن بەھەڵوەشاندنەوەو سەید موقتدایش بەغدای بەرەو قوم جێھێشت.
حاڵی حازر کە شەڕەکانی ئەم دوو لایەنە ھێنراوەتە ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ئاڵێنراوەتە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، لەسادەترین لێکدانەوەدا چ نییە جگە لەشەڕی دەستخستنی دەسەڵات و چنگخستنی کورسی، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە لەماوەی رابردوودا ھەرکاتێک مەسەلەی لاوازی عەبادی ئەھاتەگۆرێ و شوێنگرەوە دەھێنرایە پێشچاو ، سەدریەکان نەیاندەشاردەوە کە حیزبی دەعوە شکستی ھێناوە لە حوکمرانیدا و دەبێت ئیدارەدانی حکومەت بدرێتە کاندیدی ئێمە و ھێنانەوەی ئەحمەد سەدری برازای مقتدی لەم کاتانەدا، کە زۆرکەس بەمەلیکە چکۆلی دەیشوبھێنن ھێندەی دیکە ئەم تێروانینەی زەقکردوەتەوە.
ھەموو ئەم ھێنان و بەردنانە لەساتێکدایە کە عیراق بەقۆناغێکی سەختی سیاسی و سەربازی و دارایی و دیموکراسیدا تێدەپەرێت، لەئاستی سیاسیدا کێشمەکێشی توندی لایەن و فراکسیۆنەکان و خۆئامادەکردن بۆ ھاوپەیمانیەتی داھاتوو وە لەئاستی سەربازیدا یەکلانەبوونەوەی شەڕی داعش و کێشەی ئاوارەکان و لەرووە دارایەکەی جارێکی دیکە دابەزینەوەی نرخی نەوت وەک شادەماری ئابووری و دواجار لەجوغزە دیموکراسیەکەیدا ھەبوونی دووھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەران، کە ھەریەک لەمانە لەئەگەری سەندنەوەی متمانە لەم دەستەیەی ئێستای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان دەبنە فاکتەری دەرکەوتنی بۆشاییەکی دەستووری لەپرۆسەی سیاسیدا کە رەنگە بەئاسانی و لەم ھەلومەرجەدا پرنەکرێتەوە یان ئیرادەی پرکردنەوەی نەبێت.
گۆڕینی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان پێویستی بەرێوشوێنی قانونی ھەیە نەک سەفەقاتی نێوان سەرکردە و کوتلەکان و داش بەداشی بازرگانی پێوە بکرێت، پێویستی بە رێککەوتنی ئاشتیانەی نێوان ھێزی سیاسی  و کوتلە پەرلەمانیەکانە بەشێوەیەک کە دواھەمین ئامانج و مەبەست لێی، تەنھا و تەنھا خزمەتی دەنگدەر و پێشخستی دیموکراسی بێت.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
5/8/2017 6:05:29 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌