وتار
رۆژی تاكڕەوی پەرلەمان ‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
44
بوە رۆژی حەشر و قیامەت هەستا ، ئیتر ئەرز و ئاسمان دای لەیەك كاتێك ئاڵای كوردستان لە كەركوك بەفەرمی هەڵكرا ، سەیرەكە لەوەدایە ئەوانەی كە گۆمەكەیان شڵەقاند و مەسەلەكەیان زیاتر لەقەبارەی خۆی گەورە كرد ، هەر ئەوانەن كە بەلایەنی كەمەوە زیاتر لە دوو ساڵە لەسێبەری ئەم ئاڵایە كە پێشمەرگە هەڵیكردوە خۆیان و ماڵ و منداڵ و كەسوكار و سەروەت و سامانیان پارێزراوە لە دەستی درندەكانی داعش ، وەك ئەوەی كە نەیاندیبێ‌ ئەم ئاڵایە بەدەیانەكیلۆمەتر زیاتر لەودیو كەركوكەوە بەرزتر و سەنگینتر لەبەرامبەر  ئاڵا رەشەكەی داعش بەناخی زەویدا رۆچوەتە خوارێ‌.
رەوشەكە بەمەوە نەوەستا بەڵكو گواسترایەوە بۆ ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و دواجار بە كۆكردنەوەی كۆمەڵێك ئیمزا بابەتی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان خرایە ناوبەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان ، كە وەك رۆژی رووناك دیارە بوو  كەچی لە پشت ئەمەوە خۆی مەڵاسدا بوو.
بیانوی بنەرەتی ئەوانەی كە مەسەلەكەیان هێنایە پەرلەمان ، ئەگەر یەكەمیان ئەوە بێت كە هەڵكردنی ئاڵا نادەستووری بێت ئەوا پاساوی دووەمیان ئەوەیە كە كاتی نیە و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەكان تێك دەدات و ئێستا كاتی نیە.
هەردوو بیانوی سەرەوە ئەگەر بۆ سیاسیە بەرژەوەندیخوازەكانی توركمان و بەشێك لە عەرەبی ناوچەی كەركوك شتێكی ئاسایی بێت و جگە لەمەسەلەی بەرژەوەندی شەخسی و گەرمكردنی بازاری دەنگكرین بێت ،هەروەها  گوشاری دەوڵەتانی دەرەكیان لەسەرە و هەندێك لەبریارەكانیان بەدەست خۆیان نیە و لەدەرەوە قورمیش دەكرێن هەربۆیە بۆ ئەمان چاوەرێی ئەم هەڵوێستە توندانە دژی ئاڵای كوردستان دەكرێت ، بەڵام بۆ پەرلەمان شتێكی نائاساییەو دەكرا بە وردی مامەڵەی لەگەڵ بكرایە و هەردوو هۆكارەكە لە جوغزی تایبەتی خۆیدا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە وەربگیرایە، وەك ئەوەی كە لەخوارەوە شەن و كەوی دەكەین:
یەكەم / لەرووی دەستووریەوە:
ئەگەر هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك نادەستووریە ، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە كە لە كوێی دەستوور و كام مادە و كام خاڵدا باسی ئەمە كراوە ؟ ئەگەر وایە فەرموون ئاماژەی بۆ بكەن ؟
بەپێچەوانەوە:
1.كرۆكی كێشەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە دەستوور لەكەركوك پێشێلكراوە، لەناوەراستی تشرینی یەكەمی 2005 ەوە دەستوور لەلایەن %80 ی عیراقیەكان بەبەڵێ‌ دەنگی پێدراوە بەڵام مادەی 140 تەنها مورەكەبی سەر كاغەزە و جیبەجێنەكراوە، ئەمە لەكاتێكدا كابینەی یەكەم و دووەمی نوری مالكی جەخت لەجێبەجێكردنی ئەم مادە دەستووریە دەكاتەوە و ئەو كارنامە 22 خاڵیەی كە حكومەتی دووەمی مالیكی لەهەولێرەوە پێكهێنا ، لەخاڵی 19 بەروونی پەیمانی بە جێبەجێكردنی مادەی 140 داو هەروەك خاڵی 18 ی ئەم كابینەیەی عەبادیش هەمان پەیمانی داوە. كەواتە لێرەوە بەرلەهەر شتێك ئیشی ئەندامانی پەرلەمانە وەك ئەوەی كە چاودێری جكومەت دەكەن ، لەپەراوێزی پەیمانەكانی حكومەت بپرسنەوە بەرلەوەی بكەوینە ژێركاریگەری ئەجێندای دەرەكی. وە ئەم حاڵەتەش لەچەندین لاوە بانێكەو دوو هەوا چونكە:
2.لەلایەكەوە دەڵێن ئەم پرسە نادەستووریە بەبێ‌ بوونی بەڵگە بەڵام بۆ جێبەجێنەكردنی مادەی 140 ی دەستوور كارێكی ئاساییە ، یان:
3.بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كەلە فەسڵی 12 مادەی 71 دا هاتوە، پێویستە لیژنەیەكی تایبەتی دروست بكرێت بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 ی دەستوور ، كە ئەمە یاسایی و دەستووریشە بەڵام سێ‌ ساڵی كاری ئەم خولەی پەرلەمانمان تێپەراند و چەند جارێك داوای پێكهێنانی ئەو لیژنەیەمانكرد لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەڵام گوێمان لێنەگیرا، پرسیارەكە ئەوەیە پەرلەمانێك كەبەم ئیزدیواجیەتە مامەڵە بكات لەگەڵ كێشەی كەركوك ئایا دەتوانێت بریار وەربگرێت لەم دۆخەدا؟ هەروەك:
4.خاڵێكی دیكە كە میصداقیەت و بێلایەنی پەرلەمانی عیراق ئەخاتە ژێر پرسیارەوە، مەسەلەی دەستێوەردانی توركیایە بەوەی كە ئێستا دەوڵەتی توركیا وەك چۆن چەند ناوچەیەكی خاكی عیراق داگیركردوە و سەروەری خاكەكەشی پێشێلكردوە بە بیانووی جیاجیا، هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستانی كردوەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی زیاتر هەیمەنەی خۆی لە عیراق زیاد بكات. كە پێویستە پەرلەمان لەمەشدا هەڵوێستی هەبێت 
دووەم / لەرووی كاتەوە:
سەری زمان و بنی زمانی نەیارانی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركوك، ئەوەیە كە ئێستا كاتەكەی لەبار نیەو پێكەوە ژیان لەنێوان نەتەوەكان ئەشێوێنێ‌، ئیتر پێمان ناڵێن كەی كاتیەتی لەكاتێكدا ئەم پرسە داواكاریەكی چەماوەریەو زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە پێكهاتوون لە كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحی و كلدو ئاشووری دەنگیان بەبریارەكە داوەو ئەمەش پشتی بەستوە بەمادەی 115 ی دەستوور كەتایبەتەبە دەسەڵاتەكانی حكومەتی ئیتیحادی و هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی كەلەهەرێمێكدا رێك نەخراون.
ئاڵای كوردستان  لەكەركوك وەك سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و دهۆك ئاڵای هەموو نەتەوە و ئاینزا و ئیتنیەتە جیاوازەكانە و هەڵكردنیشی لەكەركوك شان بەشانی ئاڵای عیراق، كەناوچەی ناكۆكی لەسەرەو چارەسەرەكەشی بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە، كارێكی ئاسایی و نادەستووری نیەو پەرلەمانی عیراق بەر لەهەر شتێك پێویستە راستیەكانی سەرەوەی لەبەرچاو بگرتایە.
شەممەی رابردوو، سەرۆكی پەرلەمان بەبریارێكی هەڵەو خێرا كەپەلەپروسكێی تێدا كردو رۆژی دواتریش لەبارەگای فراكسیۆنە كوردیەكان دانی بەمەدانا، پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی كرد و لەبەرنامەی كاری دانیشتنەكە كە بڕگەی شەشەم بوو لەبری گفتوگۆ و وەرگرتنی بۆچونی ئەندامانی پەرلەمان كە زۆربەمان دەمانویست راستیەكانی سەرەوە ئاماژە پێبكەین ، بازیداو راستەوخۆ و بەتاكڕەوی دەستیكرد بە خوێندنەوەی بڕیارێك لەدژی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و خستنە دەنگدانەوە و بەمەش ئەوەندەی دیكە دۆخەكەی توندتر كردو بەهاتنە دەرەوەی ئێمەی نوێنەرانی كورد، مەسەلەكەی دایەدەستی نادیار و وەك هەمیشە دەرگای كردەوە بەدەستێوەردانی راستەوخۆی ئەنكەرە و تاران لە كاروبارەناوخۆییەكانی ئەو بەغدایەی كە بریارەكانی تەنها لای خۆیەوە دەرناچێت.
بۆئەوەی پەرلەمان بگەڕێتەوە بۆ دەستوور و یاسا، وەك سەرۆكایەتیەكەی پەیمانی داوە دەبێت بەبڕیاری نوێ‌ بریارەكەی پێشتری سڕبكات و مەسەلەكە ئاڕاستەی دادگای دەستووری بكات بەو پێیەی ئەوێ‌ شوێنی ساغكردنەوەی ناكۆكیە دەستووریەكانە نەك ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
4/10/2017 4:09:51 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌