وتار
بۆ لەقوباد تاڵەبانی دەترسن؟
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
 لە ھەولێر پۆستەرەکانی دەدڕێنن و وێنەکانی ناشرین دەکەن، لە سلێمانیش کەناڵەکانی راگەیاندنی ژێر سێبەری ئازادی حیزبە سەوزەکە، زیاتر لەھەفتەیەک دەبێت سەری زمان و بنی زمانیان ھێرش و ھەجوی ناڕەوایە دژی قوبادی مام. بەڵام ئەم ھەموو فۆکەسە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە؟‌ یان ترسێکی گەورە؟ ئەم ھێزانە ئەوەندەی لەناوێک ئاڵاون کە قوباد تاڵەبانی یە، بەنیو ھێندە خەریکی ژمارەی لیست و ژمارە ی کاندیدەکانی خۆیان نین و ناویان ناھێنن. بەڵام ئەمە نیشانەی ترسێکی گەورەیە؟ یان تەکتیکی ھەڵبژاردن؟!.

ئەوەی بەوردی دیقەتی پروپاگەندەی لایەنە نەیارەکانی یەکێتیی بدات، بەئاسانی ترسێکی قوڵ و گەورە لە ریکلام و شێوازی بانگەشەو ئەو تەشھیر و سوکایەتیانە دەبینێت کە ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی و تیمەبەھێزەکەی ١٠٥ دەکرێت. ترسێکی گەورە کە ھەر بەتەنھا پەیوەست نییە بەھەڵمەتەکەو ئەنجامی دەنگەکانی قوباد تاڵەبانی.

ترسێک کە ھەر بەتەنھا پەیوەندی نییە بەو شێوازە مەدەنی و ئارام و سەرکەوتوەی کە قوبادی مام سەرکردایەتی تیمەکەی پێدەکات. ئەم ترسە ھەربەتەنھا ئەوە نییە کە کاندیدی ژمارە ١ ی لیستی ١٠٥ جێگەی خۆی لەناو دڵ و دەروونی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردوەتەوە و زویرو دڵگرانەکان رۆژ لەدوای رۆژ کەمەندکێشی ماڵە گەورەکە دەکات.

راستە ئەمانە ھەمووی بوونی ھەیەو لەسەر زەمینی واقع ھەستی پێدەکرێت، بەڵام ترسی راستەقینەی ئەم لایەنە پەلاماردەرانەی قوباد تاڵەبانی زیاتر و زۆرتر پەیوەندی بە دوای ھەڵبژاردنەکانەوە ھەیە و دەزانن کە سەرۆکی لیستی ١٠٥ بەوەفا دەبێت بەرامبەر بەدەنگدەرانی و بەھۆی ئەزمونی ڕابردووی دەتوانێت بەشی زۆری بەڵێنەکان بخاتە بواری جێبەجێکردن و وەک ئەوان قسەی زلی بێکردار ناکات و سەرەنجام لەچوار ساڵی ئایندە یەکێتیی دەبێتەوە حیزبە بەھێزەکەی جاران و کوردستان بەھێزتر دەبێت.

ئەوان لە قوباد تاڵەبانی دەترسن، چونکە دەزانن کوردستانی چوار ساڵی داھاتوو، کوردستانێکی (ئارام ) و سەقامگیرو ھێمن و کراوە دەبێت و لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە پێشکەوتو و گەشەسەندوو دەبێت و ھەروەھا لەم ئارامیەشدا دەتوانێت کێشەکانی لەگەڵ بەغداد چارەسەر بکات، بەتایبەتی کێشەی خاک و بودجە چونکە دەرکەوت بەھەڕەشەو گوڕەشە ھیچ بەدینایەت.

ئەوان نوکی ڕمەکە ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی دەکەن، چونکە دەترسن و دەزانن کە وەک سیستەمی بایۆمەتری کە چەندین دوو موچە و بندیواری نەھێشت و بڕێک لە دادپەرەوری گەڕاندەوە، ئەمجارەش دەرفەتی ھەزاران (ھەلی کار) بۆ گەنجان و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەڕەخسێنێت و بەمەش بەڵێنە بێ ئاکامەکانی ساڵانی ڕابردووی ھەندێک لەم لایەنە جوێندەرانە بە لاوان و نەوەی نوێ دەبێتە بڵقی سەرئاو.
ئەوان زۆربەی کاتی خۆیان بە قوبادی مام جەلالەوە دەکوژن، چونکە بەترسەوە دەزانن کە مامی بچوک لەسەر رێبازی راستەقینەی مامی باوک دەڕوات و (خزمەت)و خزمەتگوزاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی لە ئینتمای سیاسی و ئاینی و ئیتنی و ناوچەگەریەتی لە زاخۆوە بۆ کفری، لەگەرمیانەوە بۆ کوێستانی کردوەتە شاڕێگەی خەباتی چوار ساڵی ئایندە. 

قوباد تاڵەبانی، ناڵێت موچە بۆ کابانی ماڵ دەبڕینەوە و دواتر موچەی پیاوەکانیش ببڕێت ناڵێت سیستەمی سیاسی دەکەین بەپەرلەمانی، بەڵام دواتر بە عینادی و سیاسەتی کەلەرەقی پەرلەمان پەکبخرێت بەڵێن نادات و ناڵێت دەوڵەت دروست دەکەین، بەڵام دواتر شەڕ بێت لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق بەڵێن نادات و ناڵێت لە داھاتی نەوت ھەموو ماڵێک بەشدار ی پێدەکەین، بەڵام دواتر بەزستان نەوت نەبێت لەماڵەکان ئێستاش چی دەڵێن بیڵێن. چۆن تەشھیر دەکەن و کام زمان ناشرینە بەکاریبھێنن لیستی ١٠٥ ی یەکێتیی. لەسەر ھەڵمەتی ھەڵبژاردنێکی ئارام بەردەوام دەبێت و ئەو ژاوە ژاوەی ئێوەش باشترین بەڵگەیە لەسەر کاریگەریی و بەھێزی قوباد تاڵەبانی.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/21/2018 5:19:54 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌
به‌ختیار جەبار شاوه‌یس‌