وتار
کێشەی نێوان قەتەرو چوار وڵاتە عەرەبیەکە لەسەر چین؟
تەحسین تەھا چۆمانی

پچڕانی پەیوەندی چوار وڵاتی عەرەبی(سعودیا، میسر، ئیمارات و بەحرەین) لەگەڵ قەتەر، ئەگەر ئاڵۆزی زیاتری تێ بکەوێت، پێ دەچێت گۆڕانکاریی گەروە لە مەسەلەی ھێز و پەیوەندی سیاسی نوێ لە ناوچەکەدا بێنە ئاراوە، کە لە سەرووی ھەموویانەوە ئەم گۆڕانکاریانە، بە فشار لە سەر خودی سعودیا و بەرژەوەندی ئێران تەواو دەبێت.
ھەنگاونانی ئەم چوار وڵاتە و پچڕاندنی پەیوەندیان لەگەڵ قەتەر، جگە لەوەی پەیوەندی بەو دڵخۆشی و متمانەیە کە ھەیە کە ئەمریکای سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ترەمپ پشتیوانی لێ دەکات، لە ھەمان کاتدا پەیوەندی بەو ویستەشەوە ھەیە لە ڕێی قەتەرەوە ئەو کارتە بە ئێران پیشان بدەن، کە فشارەکانیان بۆ سەر سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە جدی تر دەبێت.
قەتەر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە سەرەتای بەھاری عەرەبی لە رێگەی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرەوە پشتیوانی لێ دەکرد، لەم رووەوە ستراتیژی قەتەر بریتی بوو لە وەی کە ئەمەی بە فرسەتێک دەزانی بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا، لەم رووەوە قەتەر بە پشتیوانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە بزووتنەوە سێکۆلارەکان، رژێمە تیۆکراتیەکان لە ناوچەکەدا لەوانە عەرەبستانی سعودی خستبۆوە ژێر پرسیارەوە.
بەگشتی ھۆکارە سەرەکیەکانی پچڕانی ئەو پەیوەندیانە لەگەڵ قەتەر لە خوارە کورت دەکەینەوە:
١. بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدۆیی ئەمیری قەتەر، کە تیایدا ھێرشی کردبۆوە سەر پادشای سعودیاو لایەنداری خۆی بۆ ئێران دووپات کردبۆوە(ھەرچەند دواجار میدیاکانی قەتەر ئەوەیان بە درۆ خستەوە).
٢. پشتیوانی قەتەر لە ئیخوان موسلیمین و فەتحی فەلەستنی و بە مەترسی زانینی ئەو پشتیوانییە لەلایەن سعودیا و میسری سەردەمی دەسەڵاتدارێتی سیسی، سعودیا لە دەیەی ١٩٧٠ پشتیوانی لە ئیخوانەکان دەکرد و گلی دابوونەوە، بەڵام دواجار زانی کە مەترسین بۆ سەر وڵاتەکەی دەستی لەو پشتیوانییە ھەڵگرت.، مەسەلەی مەترسی میسریش بەھەمان شێوە دیارەو پێویست بە روونکردنەوە ناکات.
٣. ھێرشی توند و گومان و دلکرمێ بوونی ئەمریکا لە قەتەر بەو پێیەی کە لە رێی پشتیوانی گرووپە تیرۆریستیەکانەوە دەیەوێت پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بە ھێز بکات.
٤. پەیوەندی بەھێزی ئەم دواییەی نێوان ئێران و قەتەر و نزیکبوونەوەیان و لە سەر کۆمەڵێک مەسەلەی گرنگ، بەتایبەت مەسەلەی چارەسەر کردنی کێشەی شیعەکانی بەحرەین و کێشەی تیرۆرو ھەلومەرجی سوریا و مەسەلەی ھاوپەیمانی خەلیجی فارس.
٥. زاویە گرتنی تورکیا لەگەڵ سعودیا و نزیکایەتی لەگەڵ قەتەر دیسان خەلێکی دیکەی گرنگی دروست بوونی ئەو کێشانەیە.

بەگشتی قەتەر لە ئێستادا بە جۆرێک لە جۆرەکان محاێرە کراوە، بەڵام نزیکترین وڵات کە لە رووی لۆجستی پەیوەندی لەگەڵی دا ھەبێت ئێرانە.
بە گوێرەی شیکارێکی بی بی سی فارسی، ئەگەر قەتەر لەگەڵ ئێران ھاوکاری بکات، ئەوا دەتوانن بە پشتیوانی زیاتری ھەندێک وڵاتی دیکەی عەرەبی +تورکیا، زەربەیەکی باش لە سیاسەتی عەرەبستانی سعودی بدەن.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
6/7/2017 9:28:52 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...