وتار
سەبارەت بە ھێرشە تیرۆریستیەکەی تاران
تەحسین تەھا چۆمانی
ئەوەی کە لە ھێرشە تیرۆریستیەکەی ئەمڕۆی داعش لە تاران دەخوێندرێتەوە، بەو پێیەی کە یەکەم ھێرشە و لە دوو شوێنی حەساسی تاران(پارلەمان و مەزاری ئیمام خومەینی) ئەنجام دراون، گەیاندنی جدی بوونی ئەو پەیامەیە کە داعش لە دوو سێ مانگی رابردوودا بەبڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک بە زمانی فارسی، وڵاتی ئێرانی تەھدید کرد. ئەم ھێرشانەی ئەمڕۆ گەیاندنی ئەو پەیامانە بوون لە سەر ئەرزی واقیع و لە ھەمان کاتدا بانگەشەیەک بوو بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تێکدانی فەزای ئەمنی لە ئێران.
بڕیار وایە کە وەزارەتی ناوخۆ لە ماوەی چەند سەعاتی داھاتوودا کۆببێتەوەو ھۆکارەکانی دزەکردنی ئەو گرووپە بۆ ئێران و بەتایبەت بۆ ئەو دوو شوێنە حەساسە رابگەیەنێت. ئەوەی جێگەی مەترسییە بەگشتی ئەو روانگەیەیە کە پێی وایە دوای سێ ساڵ لە شەڕی داعش لە عێڕاق و ھەروەھا بەرتەسکبوونەوەی زەمینەی کارکردنی داعش لە سوریا، ئەگەری بڵاوبوونەوەی داعشە بە شێوەی تیمی لێک دوورو دواجار مەسەلەی خەلافەت کۆتایی پێ بھێنن.
کۆتایی ھاتنی خەلافەت، لە ھەمان کاتدا بە مانای بڵاوبوونەوەی تەواوی داعشە لە سەرانسەری دنیا و کە لەگەڵ خۆیدا ترسێکی زیاتر بڵاو دەکاتەوە. نموونەی کردە تیرۆرستیەکانی(بریتانیا و کابۆڵ)لە دوو تەوقیتی جیاواز یەکێک لەو نیشانانەن. ئەگەر لە رابردوودا یەکێک لە جیاوازییەکانی داعش و ئەلقاعیدە بریتیی بووبێت لە شێوازی تێڕوانینان بۆ دوژمنی دوورو نزیک، یان باوەڕی بە دەوڵەت و بە کاری تیمی، ئەوا لە دوای بەرتەسک بوونەوەی دەسەڵاتی داعش وەک خەلافەت و مەرکەزیەت، ئیتر جیاوازییەکی ئەوتۆ لە شێوازی کارکردنی ئەو دوولایەنەدا نامێنێت، واتا بۆ لەمەو دوا داعشیش وەک ئەلقاعیدە کردەی تیمی لە تەواوی وڵاتان ئەنجام دەدات. نموونەی گرتە ڤیدیۆیەکەی ئەمڕۆ داعش لە ھێرشەکەی تاران بڵاوی کردەوە،(ئێمە ماوین لە ناو ناچین) تەواو بەو مانایە دەبێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت، کە داعش بۆ لەمەو دوا لە جیاتی خەلافەت دەیەوێت کار بۆ مانەوەی ناوی داعش وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی و تیمی بکات.
ھێرشەکەی ئەمڕۆی تاران، یەکێک لەو ئاماژانەیە کە داعش پەرتەوازە بووەو شێوازو کاری دیکەی بۆ مەسەلەی نا ئارامی لە وڵاتانی ئەورووپی و ناوچەکە گرتوەتە بەر. لەم رووەوە دروستە داعش تەرکیزی لە سەر خەڵافەتەکەی لاواز بووە، یان بەرەو لاوازی دەچێت، بەڵام دەبێت ئەو راستیە بزانین کە ئەم تەرکیزەیان لە کردەی تیرۆرستی وڵاتانی دیکە قەرەبوو دەکەنەوە.
لە ماوەی پەیدابوونی شەڕی تیرۆستی لە ناوچەکە، پرسیاری سەرەکی چاودێرانی سیاسی و زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئەوەبوو، کە بۆچی ئێران وێڕای ئەو ھەموو بەشداریەی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سوریادا، بەڵام ھێشتا وەک جزیرەیەکی ئەمن ماوەتەوەو ھیچ کردەیەکی تیرۆری تێدا روو نادات! ئەمە پرسیارێک بوو، بۆ بارودۆخێکی جیاوازتر و زووتر، واتا ئەوکاتەی کە داعش دەیەویست تەنھا تەرکیزی خۆی لە لە بەرگری خەلافەتەکەی کۆبکاتەوەو کەمتر لە بیری ھەوڵدان بۆ کاری تیرۆرستی بکات لە وڵاتانی دیکە، بە نموونە ئێران.
ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە کە، ئەم کردە تیرۆرستیەی ئەمڕۆی تاران، دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی ئیتلاعات و سوپای پاسداران بە تەرکیزو جدی بوونێکی زیاترەوە چاویان لە بارودۆخی ئەمنی ناوخۆی ئێران بێت، ھەڵبەت پێ دەچێت ئەم کردەیە لە ھەمان کاتدا ھۆکار بێت بۆ ئەوەی ئێران بەشێکی زۆری شارەزایانی ئەمنی خۆی لە عێراق و سوریا بۆ ناوخۆی ئێران بگوازێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
6/7/2017 9:24:55 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...