وتار
رۆحانی و کەمپەینەکەی نیگەرانی چین؟
تەحسین تەھا چۆمانی

رۆژی ھەینی داھاتوو١٩/٥/٢٠١٧، ھەڵبژاردنی خوولی دوانزەھەمی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران بەڕێوە دەچێت، بۆ ئەم ھەڵبژاردنە پەرێزی کارکردن و ململانێکان بۆ ھەر یەکە لە حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری چوار ساڵی رابردوو و سەید ئیبراھیم رەیسی کە بۆ ماوەیەکی زۆر دادوەری گشتی ئیڕان و تا بەر لە کاندیدبوونیشی بەرێوەبەری دەزگای وەقفی ئیمام رەزای پاریزگای خوراسان بوو، ماوەتەوە.
تا ئەو شوێنەی کە پێویستی قسە لە سەر کردنە، یەکلایی بوونەوەی یەکێک لەم دوو کاندیدەیە بۆ چوار ساڵی داھاتووی سەرۆکایەتی ئێران، بەتایبەت کە ھەر یەکە لە محەمەد باقر قالیباف لە رەوتی ئوسوڵگەراکان و ئیسحاق جیھانگیری لە رەوتی ئیسڵاحەکان لە کاندید بوونیان پاشەکشەیان کرد.
بە ھەر حاڵ، ھەڵبژاردنی رۆژی ھەینی دەری دەخات کە ھاووڵاتیانی ئێران لە ژێر ھەژموونی کام یەک لە گوتاری(Discourse) ئەو دوو کاندیدە سەرۆکی چوار ساڵی داھاتوویان دیاری دەکەن. بەتایبەت کە ھەردوو کاندیدەکە بە بەرنامەو گوتاری نوێ لە نێو زەمینەی بانگەشەکاندا لە بەرامبەر یەکتردا وەستاونەتەوە.
حەسەن رۆحانی لە کۆبوونەوەکانیدا بۆ مانا بەخشین بە سیاسەتی کارکردنی لە کابینەکەیدا لە چوار ساڵی رابردوودا، جگە لەوەی باس لە مەسەلەی ئازادی و ئازادی رادەربڕین و چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری و مەسەلەی پەرە پێدانی سەرمایەی دەرەکی لە ئێران و فراوانکردنی حەوزەی سیاسەتی دەرەکی وڵاتەکەی، یەکێک لەو دەستەواژانەی کە وەک داڵی مەرکەزی بەکاری دەھێنێت و دووبارەی دەکاتەوە، ئەوەیە کە دەڵێت: (بەعقب برنمی گردیم)، لێکدانەوەی ئەم دەستەواژەیە لە چەند لایەکەوە دەتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین. یەکەم، ئەوەی کە ئێمە وەک دەوڵەتی ئیسلاح کردوومانە ھەنگاوێکی نوێی سیاسی و سیاسەت کردنە کە نامانەوێت پاشەکشەی نەخشە رێگەکەمان بکەین. دووەم، وەک ئاماژەیەکە بە سیاسەت و کارکردی سیاسی ٨ ساڵی سەرۆکایەتی ئەحمەدی نەژاد، کە جگە لە سیاسەتی ناوخۆی ئێران، لە سەر ئاستی دەرەکیش گەمارۆکانی سەر ئێران زیاتر کران. سێیەم، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە رێگەی ئەو نەگەڕانەوەیە بۆ دواوە، تەنھا بەھۆی دەنگدانەوە دەبێت بە خودی کابینەکەی خۆی. 
پەنابردنی رۆحانی بۆ ئەم جۆرە لە گوتارە، لە راستیدا بینینی کاندیدە بەھێزەکەیە لە بەرامبەر خۆیدا، بەتایبەت کە ئیراھیم رەیسی لە شەخسی رابەری ئێران نزیکەو ھەر وەک چۆن باس لە جێنشین بوونی رابەری ئێرانیش لە بارەیەوە دەکرێت، بۆیە رۆحانی و راوێژکارەکانی بەباشی لەوە دەگەن کە ھاتن و مانەوەی رەیسی، ناکرێت ھەروا بە ئاسانی نادیدە بگیرێت. بەتایبەت کە دەبینین کەسێکی وەک محەمەد خاتەمی و حەسەن خومەینی و ژمارەیەکی زۆر لە سینەماکارو ھونەرمەند و سیاسی...تاد، بەدەنگ دروشمەکەی رۆحانییەوە دێن، بەدڵنیاییەوە لەوە گەیشتوون کە گەڕانەوە بۆ رابردوو پێ دەچێت ئێران تەسلیم بە کۆمەڵێک رووداوی نەخوازراو بکات. بۆیە لەم رووەوە جۆرێک لە نیگەرانیان پێوە دیارە.
خاڵێکی گرنگتر لەم پڕۆسەیەدا ھەوڵی ئیسڵاحەگەرەکانە بۆ ئەوەی کە رۆزترین رێژەی ھاووڵاتیان بەشداری ھەڵبژاردنی رۆژی ھەینی بکەن، چونکە بەرژەوەندی ئەوان لە لەوە دایە کە زۆرترین خەڵک بەشداری بکات، چونکە مەترسی ئەوە لە ئارا دایە لە بەھۆی پێگەی ئیبراھیم رەیسی و ئەو پشتیوانیانەی کە لێی دەکرێت، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بڕواتە قۆناغی دووەم-ەوە، کە لەم رووەوە قۆناغی دووەم بە ھیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی و سوودی ئەوان دا نییە، ھەروەک دەنگێکیش لە ئارادایە کە ئەگەر بێت و ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بڕواتە قۆناغی دووەمەوە، ئەوا بێ گومان شانسی ئیبراھیم رەیسی بۆ بوون بە سەرۆک کۆمار زیاتر دەبێت. چونکە لە قۆناغی دووەم بەھۆی ئەوەی کە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانیەکانی لەگەڵ دا نابێت، چاوەڕوان دەکرێت خەڵکێکی ئەتۆ بەشداری ئەو قۆناغە ناکات. لەم رووەوە محەمەد جەواد زەریف لە بەیاننامەیەکیدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردۆتەوە، جگە لەوەی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەر ھەڵبژاردنی چوار ساڵ لەمەو پێش نەبوایە، کە مەبەست لێی سەرکەوتنی رۆحانیە، مەسەلەی رێککەوتنی ئەتۆمی و گەمارۆی ئابووری لە سەر ئێران لا نەدەچوو، داوای ئەوە دەکات کە ھاووڵاتیانی ئێران لە ناوخۆو دەرەوەی وڵات زۆرترین بەشداری بکەن لە ھەڵبژاردنی رۆژی ھەیندا. 
خاڵێکی تر کە نیگەرانییەکی زۆری پێوە دیارە، بەیاننامەی ئەمڕۆی حەسەن رۆحانییە کە بەھۆی ھێرشی لایەنگرانی ئیبراھیم رەیسی بڵاویکردەوە، بەیاننامەکەی رۆحانی جگە لەوەی کە پەلەییەکی زۆری پێوە دیارە لە ھەمان کاتدا دەیەوێت وەک شتێک قەرەبووی ھەموو ئەو شوێنانەی پێ بکاتەوە کە لەم ماوەیەدا بۆ مەسەلەی بانگەشەی ھەڵبژاردن سەردانی نەکردوون. 
لەم رووە رۆحانی بە ئاماژە دان بە ھەموو ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی دەکرێنەوە بەتایبەت لە مەسەلەی چارەسەر نەکردنی کێشەی بێکاری ئاماژە بەوە دەکات کە ھەوڵی چارسەری بۆ نەمانی بێکاری تەواوەتی دەکات، بەڵام ئەو شتەی کە رۆحانی لەم رووەوە زۆر نیگەرانە ئەو خاڵەیە کە لایەنی بەرامبەر بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەویش بڕینی دەرماڵەی نەخد (یاران)ی مانگانەیە لەلایەن کابینەکەی رۆحانیەوە کە بۆ ھەر سەر خێزانێک بڕی ٤٥ھەزار تومەنە، بۆیە رۆحانی لە بەیاننامەکەیدا جگە لەوەی داوای ئەوە دەکات کە وڵات بەرەو چەواشەکاری نەبردرێت، لە ھەمان کاتدا داوا لە خوێندکاران و مامۆستایان و کاسبکاران دەکات کە رۆڵیان ھەبێت لە بە ئاگاھێنانەوەی خەڵک بۆ ئەوەی فریوی چەواشەکاری رکابەرانی نەخۆن.
بۆیە دەکرێت وەک خاڵی کۆتایی ئاماژە بەوە بدەین، کە رۆحانی لایەنگرانی ئەگەرچی تا ئاستێک لە سەرکەوتنیان جۆرێک لە دڵنیاییان پێوە دیارە، بەڵام دیسانەوە نیگەرانی و پەلەپڕوزەیەکی زۆریان پیوە دیارە لە رەتکردنەوەی ئەو ھێرشانەی کە دەیان کرێنە سەر، چونکە بە رەچاوکردنی بارودۆخی گوزەرانی ھاووڵاتیانی ئێران ئەوان لەوە تێ دەگەن کە بە بچووکترین شت تەراوزووی ھەڵبژاردنەکان پێ دەچێت لە زەرەری ئەواندا لاسەنگ بێت. بەتایبەت لە شارە بچووک و گوندە دوورە دەستەکاندا کە زیاتر لە ژێر سەیتەرەو کاریگەری ئسوڵگەراکاندان.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
5/17/2017 8:12:34 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...