وتار
کاریگەریی فیکری و ئایدۆلۆژیی مام جەلال لە سەر یەکێتی
تەحسین تەھا چۆمانی
باسکردن لە ئەندێشەی سیاسی یەکێتی بەبێ باسکردن لە کارەکتەری مام جەلال بابەتێکی نا تەواو و نا کامڵ دەبێت، بەتایبەت لە وەدا کە ئەندیشەی سیاسی یەکێتی لە سەرەتاوە لایەنگری لە بزووتنەوە سۆسیالیست و شۆڕشی گەلان و هاوکات هەڵگری بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕانەی چەپ بۆ خستنە خزمەتی ڕزگاری نیشتمانیی بوو.

لە بەر ئەوە باسکردنی ئەدەبیاتی سیاسی قۆناغی سەرەتای دەرکەوتنی یەکێتی بەبێ باسکردن لە شێوازی بیرکردنەوە و زەمینەی بەدی هاتنی دیدو جیهانبینی مام جەلال کە کاریگەرییەکی گرنگی لە سەر ئاڕاستەکردنی گوتاری سیاسی یەکێتی-وەک نیمچە بەرەیەک لە سەرەتاوە هەبوو ناتوانین بە ئاسانی دەستنیشانی لایەنە گرنگەکانی گوتاری یەکێتی وەک گوتارێکی نوێ و  پێشکەوتنخواز بکەین.

خاڵێکی گرنگ لێرەدا دەبێت باسی لێوە بکرێت ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا جیاوازی و بۆچوونی ناکۆک هەیە لەوەی کە ئایا یەکێتی بە دوو قۆناغ لە رێبازو ئایدۆلۆژی تێپەڕیوە، یان بە تەنها دەتوانین دەستنیشانی یەک قۆناغ لەو بارەیەوە بکەین. ئەوانەی کە لەو باوەڕەدان یەکێتی لە سەرەتاوە هەڵگری تفکری چەپ یان مارکسیزم، نەبووەو بنەماکانی مارکسیزمی بەسەردا ناسەپەێنرێن، بەشێکی زۆری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەرەتاوە تاوەکوکۆنگرەی یەکەم یەکێتی وەک نیمچە بەرە ماوەتەوە و نەچۆتە قۆناغی حزبی بوونی خۆی. 

لەبەر ئەوە کاتێک لە ساڵی 1992کاتێک هەر دوو هێڵەکەی تری واتە (کۆمەڵەو شۆڕشگێڕان) لەگەڵ یەکێتی تێکەڵ دەبنەوە. جگە لەوەی کە یەکێتی قۆناغی نیمچە بەرەیی خۆی تێدەپەڕێنێت، بەهەمان شێوە ئایدۆلۆژیاو رێبازی فیکری خۆی کە (سۆسیال دیموکراتە) رادەگەیەنێت. 

لێرەدا ئەوەی گرنگە لە پەیوەندی نێوان مام جەلال و یەکێتیی باسی بکەین ئەوەیە کە وەک چۆن مام جەلال یەکەمین کەس بوو کە لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هاتە دی، بەهەمان شێوەش یەکێتی کە دروست دەبێت زادەی بیرو سیاسەت وتوانایی ئەو بوو. لەم رووەوە بۆ ئەوەی کە دەستنیشانی ئەو زەمینەیە بکەین کە تیایدا مام جەلال لە ڕووی بیروباوەڕ و جیهانبینیەوە وەک کارەکتەرێکی سیاسی دەر دەکەوێت پێویستە ئاوڕێک لە هەندێ لە سەرچاوە فیکریەکانی مام جەلال وەک جۆرێک لە پەروەردەی سیاسی بدەینەوە.

یەکێک لەو فاکتەرە گرنگانەی کە لە سەرەتای دەیەی چلی سەدەی رابردوودا ئەوەی کە وای لە بەشێکی زۆری ڕۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسیەکانی ئەو کات کردبوو، لە ڕووی هاوهەڵوێستی و ئایدۆلۆژییەوە خۆیان لە سەر بلۆکی شوورەوی و ڕێبازو جیهاندیدی مارکسیزم-لینینزم، ساغ بکەنەوە، جگە لەوەی کە ئەو کات لە نێوان کەسانی رۆشنبیرو هەندێک لە ڕێکخراو و گرووپی بچووک بچووک مەسەلەی هاوهەڵوێستی بۆ شورەوی وەک  جۆرێک لە مۆدێلێکی باوی لێ هاتبوو. بەڵام لە سەرێکی ترەوە بۆ کورد بەتایبەتی مەسەلەی پشتیوانی کردنی یەکێتیی سۆڤێت لە کێشەی کوردو دامەزراندنی کۆماری مهاباد، هاسۆزی رۆشنبیرە ناسیۆنالیستەکانی زیاتر جووڵاند کە باوەڕی تەواو بە سیاسەتەکانی سۆڤێت بهێنن و لەو بڕوایە دابن کە کورد بەبێ سۆڤێت هیچ کاتێک ڕزگاری نابێت. ئەمە جگە لەو تێزانەی (مارکس و لینین) سەبارەت بە (مافی نەتەوەکان). "لە بنەڕەتدا لینین چارەسەری مەسەلەی نەتەوایەتی بە ئەرکێکی گرنگ و سەرەکی داناوە لە پێناو زامنکردنی یەکسانی کۆمەڵایەتی و پتەوبوونی ڕیزەکان و بەرەی زەحمەتکێشان" . ئەم جۆرە دیدو جیهانبینیەی لینین کاریگەری زۆری لە سەر بیروبۆچوونی ئەو کەسانە دانابوو، چونکە بەشێکی زۆری ئەو کەسایەتیە سیاسی و ڕۆشنبیرانە لە نێو جەدەلێکی چڕ دابوون  بۆ ئەوەی ساغی بکەنەوە کە ئایا کورد(گەل)ە. یان نا.

بەهەر حاڵ خاڵی گرنگ و پەیوەست بە مام جەلال کە دەمەوێت بیخەمە ڕوو ئەوەیە کە مام جەلال ئەو کاتەی کە هێشتا لە شاری کۆیە خوێندکاری سەرەتاییە لەو کاتەوە بەهۆی پشتیوانیەکانی سۆڤێت لە کۆماری مهاباد دەچێتە ژێر کاریگەری سۆڤێتەوە. وەک خۆی دەڵێت: "زۆر لە ژێر کاریگەریی سۆڤێت و سەرکەوتنەکانی سۆڤێت و یارمەتییەکانی بووم بۆ کۆماری مهاباد" . بەڵام دەبێت ئەوە لە بیر نەکەین کاریگەری سۆڤێت لە سەر مام جەلال لەو کاتدا بە تەنها لەبەر ئەوە بووە کە سۆڤێتی وەک وڵاتێکی ڕزگارکەری کورد تەماشا کردووە، نەک ئەوەی کە کەوتبێتە ژێر رێبازو ئایدۆلۆژیای مارکسزم-لینیزم. 
لە سەرێکی ترەوە شاری کۆیە وەک مام جەلال دەڵێت: "مەڵبەندێکی ئەدەبی و ئایینیی ئیسلامی و سیاسی بوو. جگە لەوەش هەستی خەڵکی ئەم شارە نیشتمانپەروەرانە و شۆڕشگێڕانەیە لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی بیری سۆسیالیستی تێدا بڵاوبوەوە، ڕووێکی چەپڕەوانەو مارکسی وەرگرت" 

لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین لە ساڵی 1947بە دیاریکراوی و دوای ڕووخانی کۆماری مهاباد، بە سەرەتای پەروەردەی سیاسی و ئاشنایی مام جەلال بە مارکسیزم-لینینزم دادەنرێت، وەک لە چاوپێکەوتنە گرنگەکەیدا لەگەڵ عومەر شێخ موسدا ئاماژەی پێ دەدات:"ئەو کتێبانەی کە وا باو بوو لای ئێمە کتێبی کوردی نەبوو، یەک کتێب کە ئەوەڵ جار دایانمێ بینخوێنمەوە، ناوی(صدیقتان الاتحاد السوفیتی) بوو.... زۆریش لێی تێ نەدەگەیشتم" . لە دوای ئەو کتێبە، مام جەلال بە سێ کتێبی دیکە لە چوارچێوەی هەمان مۆدێلی فیکری باو ئاشنا دەبێت، لەوانە(المسالە الوطنیە)-ی ستالین. (المادە الدیالکتیکیە)-ی ستالین، لەگەڵ (اسس اللنینیە).

مانەوەی مام جەلال لەم پەروەردە فیکرییە(مارکسیزم) دواجار بە دوو کتێبی دیکەی دەگەیەنێت کە کاریگەری زۆریان لە سەر جیهاندیدی مام جەلال بەتایبەت لە دامەزراندی کۆمەڵەی مارکسیستی-لینینی کوردستان و دامەزراندنی یەکێتی-یش هەبووە، کە بریتیین لە(الدیمقراطیە الحدیث) لەگەڵ(رجل آسیا) کە لەسەر ماوتسی تۆنگ بوو، مام جەلال لەم کتێبەوە(رجل آسیا) بەدیاریکراوی دەکەوێتە دەکەوێتە ژێر هەژموونی بیروباوەڕو رێبازی ماوتسی تۆنگیەوە، یان راستر بڵێین دەکەوێتە ژێر خەتی مارکسیزم-لینینزم-بیروبۆچوونی ماوتسی تۆنگی."دەتوانم بڵێم کاریگەری ماوستی تۆنگم لەو کتێبەوە کەوتە سەر، چونکە لە سەر ئەوە بوو، باسی خەبات و کاروانی گەورەو ئەوانە بوو کە هێشتا لە چین سەرنەکەوتبوون و لە شاخ بوون. ئەو کتێبە زۆر کاریگەری هەبوو" . لە دوای ئەمەوە واتا لە ساڵی 1948 مام جەلال دوو کتێبی گرنگی تر دەخوێنێتەوە، (ستالین ئۆن لینین) لەگەڵ (مێژووی حزبی بۆلشەویک).

لە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبابە، مام جەلال پێی وایە لە ساڵی 1948 بیروباوەڕی چەپ بووەو کەوتۆتە ژێرکاریگەری ئەم بیروباوەڕە، بەتایبەت لە سەر ئاستی کرداریش وەک خۆی دەلێت کە لە هەمان ساڵدا بیریان لە دامەزراندنی کۆمەڵە جوتیارانی کوردستان کردۆتەوە. بەڵام پێ ناجێت مام جەلال بە تەنها لە ژێر کاریگەری ئەو کێتبانە هەستی بەوە کردبێت کە بیروباوەڕی چەپە، یان بەرەو چەپ بوون دەچێت، بەڵکو پەیوەندی بە ژینگەی دەوروبەری مام جەلال خۆیەوە هەیە کە تیایدا وەک کارەکتەرێکی چالاک تیایدا دەرکەوتووە.

قۆناغێکی تر لە زیاتر تێکەڵاوی مام جەلال بە ئەندێشەی مارکسیستی، یان وەک خۆی دەڵێت بیروباوەڕی چەپ، ئەگەرچی خۆی هیچ کۆمێنتێکی لە سەر ئەوە نییە، بەڵام لە دوای بوون بە ئەندامێتیەتی لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1947 و کارکردنی لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لە ساڵی 1955 سەفەر بۆ وارشۆ و مۆسکۆ و چین بۆ بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی لاوان و رێکخراوە چەپەکان دەکات. بێگومان وەک وتم ئەگەر چی مام جەلال خۆی لە سەر ئەو سەفەرانە جگە لەوەی باسی چالاکیەکانی دەکات، باسی ئەوە ناکات کە هیچ کاریگەریی و تێکەڵاوییەکی فیکری بەسەرەوە بێت، بەڵام بەو پێیەی کە ئەمە یەکەم سەفەری مام جەلال بووە بۆ دەرەوەی وڵات، بەتایبەتیش کە ئەو سێ وڵاتە لە ژێر کاریگەری بیروباوەڕی مارکسی-لینینی بوون. یان بڵێین سۆسیالیستی بوون و خۆیشی لە نێو هەمان زەمینەو ئایدۆلۆژیادا بیری کردۆتەوە، بێگومان لەو چالاکیانەی کە بەشداری تێداکردووە، کاریگەری خۆیان بە سەر بیروباوەڕی مام جەلال هەبووە کە وەک کەسێکی چەپ بمێنێتەوە.

لە ناوخۆی کوردستانیشدا، بێگومان کاریگەری پارتی دیموکراتی کورد بە سکرتێرێتی ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵی 1953 بەدواوە کە تەواو وابەستە بوو بە بلۆکی سۆسیالیستی و بیروباوەڕی مارکسی-لینینی. قۆناغێکی گرنگە لە کامڵتربوونی بیرورباوەڕ و فیکری مام جەلال بەتایبەت کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەد هەبوو. "مێژووی دەرکەوتنی برایم ئەحمەد وەک جەمسەرێکی سیاسی لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستان وکورددا بۆ ساڵی 1951 دەگەڕێتەوە"  بەتایبەت کە "لەسەر دەستی برایم ئەحمەد، پارتی دیموکرات لە ڕووی تیۆرییەوە بەرگی ناسیۆنالیزمی لە خۆی داماڵی و لە ساڵی 1953 دا بوو بە حیزبێکی مارکسیست" . باوەڕبوونی ئیبراهیم ئەحمەد مەسەلەی سۆسیالیزم لە ماوەی سەرکردایەتیکردنی پارتی دیموکراتیدا"پارتی هاندا خاڵێکی وا بخاتە ناو بەرنامەی سیاسییەوە کە هەر کات بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتی سۆسیالیزم وێک نەهاتەوە، پارتی بەرژەوەندی نەتەوەیی بە قوربانی بەرژەوەندی سۆسیالیزم دەکات" . ئەم قۆناغە بەجۆرێک کاریگەر دەبێت کە پەیوەندییەکی پەتەو لە نێوان ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال دێنێتە کایەوە، بە جۆرێک لە داهاتووشدا ئەم پەیوەندییە لە دوای ئینشیقاقی باڵی مەلا مستەفاو مەکتەبی سیاسی، بەردەوامی دەبێت. 

مانەوەی مام جەلال لە سەر ئەم ڕەوتە فیکریە بەتایبەت لە ناوەڕاست و کۆتایی دەیەی شەستی سەدەی رابردوو زیاتر بەدیار دەکەوێت، بەتایبەت کە لە ناو باڵی مەکتەبی سیاسی (تەیاری چەپ) سەر بە بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگی دروست دەکەن. وەک مام جەلال خۆی دەڵێت:"ئێمەی گەنجانی ناو پارتی، لە ئەنجامدا هەموومان بوین بەو تەیارە چەپەی ناو پارتی و کەوتینە بن کاریگەری خەتی چینەوە، ماوتسی تۆنگمان خۆش ئەویست، کار گەیشتبوە ئەوەی ئێمە لە بارەگاکانی خۆمان لە بەکرەجۆ و لە قەرەداغ وێنەی ماوتسی تۆنگمان هەڵواسی بوو" .

خاڵێکی تر کە کاریگەری زیاتری بە سەر پتەوتر بوونی بیروبۆچوونی مام جەلال بە چەپ هەبوو، هاتنی رێکخراوی(سازمانی ئینقلابی حزبی تودەی ئێران) بوو، وەک لە زۆر شوێن و مام جەلال خۆشی ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوان کاریگەرییەکی زۆریان لە ڕووی فیکرییەوە بە سەر ئەو گرووپەوە هەبوو کە لە بەکرەجۆ کۆبوونەوەو بیربۆچوونی چەپیان هەبوو، مام جەلال وەک خۆی ئاماژەی پێ دەدات، لە یەکەم دیداری لەگەڵ (کورشی لاشایی) لە بەغدا لەوە تێدەگات کە بیروبۆچوونیان زۆر لێکەوە نزیک بووە. هەروەک (کورشی لاشایی) سەبارەت بیرو تێگەیشتنی مام جەلال لە چاو پێکەوتنێکدا دەڵێت؛ "مام جەلال شارەزایی باشی دەربارەی بیری مارکسی، ناکۆکییەکانی نێو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی، خاڵە تیۆرییەکان هەبووەو بەرگریکارێکی سەرسەختی رێبازی ماوی بووە" . لە سەرەتای ناکۆکییەکانی نێوان مارکسیەتی شێوەی سۆڤێت و شێوەی چین و دوای قووڵبوونەوەشیان، مام جەلال بەزوویی بەلای مارکسیەتی شێوەی چینی دا دایدەشکێنێت، وەک خۆی دەڵێت:"خۆم لەو کەسانە بووم، بۆچوونی چینیەکانم پێ باش بوو، لە ساڵی 1961وە گوێم لە رایدیۆکانی مۆسکۆ و پەکین ئەگرت و ئاگاداری ناکۆکییەکان بووم، بەتایبەت بەهۆی ئەحمەد عەبدوڵڵاوە بڵاوکراوەی چینیەکانم پێدەگەیشت، ئەو لەو رەئیەدا بوو بۆچوونی چینیەکان ڕاستترن لە هی سۆڤێتیەکان" .

لێرەدا بەگرنگی دەزانم کە هۆکاری ئەوەی کە مام جەلال بۆچی زیاتر لە ژێر گرنگی مارکسیەتی شێوەی بە ڕاستتر زانیوە لە بەر دوو هۆکار بخەمە روو؛ یەکەم لەبەر ئەوەی کە وەڵامی ئەوە روونتر بێتەوە کە بۆچی مام جەلال لەگەڵ خوێندنەوەی کتێبی(رجل آسیا) کە دەربارەی ماوتسی تۆنگ نووسراوە دەکەوێتە ژێر کاریگەری مارکسیەتی چینی. دووەم وەک وەڵامێکیش بۆ ئیبراهیم جەلال کە لە کتێبی(چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە)دا ئاماژە بەوە دەکات، کە مام جەلال لە ژێر کاریگەری بۆچوونەکانی رێکخراوی(سازمانی ئینقلابی حزبی تودەی ئێران) و بەتایبەت کورشی لاشایی هەوڵیداوە رێکخراوێکی چەپ لە سەر بیروبۆچوونی ماوی دابمەزرێنێت. هەر وەک ئیبراهیم جەلال دوو خاڵێکی خستۆتە روو وەک جۆرێک لەو راستیەی کە مام جەلال بەتایبەت لە دامەزڕاندنی کۆمەڵەی مارکسی-لینینی- بیروبۆچوونی ماوتسی تۆنگی لە ژێر کاریگەری کورشی لاشایی بووە. بەڵام ئەم دەقە لە کێبێتی دیداری تەمەن کە دەربارەی تەواوی قۆناغەکانی مام جەلالە. بەو دەرەنجامە دەگەین کە مام جەلال بەر لە هاتنی رێکخراوی(سازمانی ئینقلابی حزبی تودەی ئێران) بۆ بەکرەجۆ، خۆی باوەڕی بە مارکسیەتی شێوەی چینی هەبووە. 

"* هۆی چی بوو، ئێوە زیاتر بەلای چینیەکاندا داتانشکاند؟
- ئەوەی کە سەرنجی ئێمەی زۆر راکیشا لە ناکۆکی نێوان چین و سۆڤێتیەکان، مەسەلەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی شۆڕش بو دژ بە ئیپمریالیزم و پشت ئەستور بە جوڵانەوەی جەماوەر، هەروەها مەسەلەی گرنگیدان بە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلان. 

ئەو کاتە خرۆشۆفیزم، ئەوانەی هەموو بەلاوە نا، یان ڕاستر ئەیخەنە ژێر لێوەوە، لەبەر ئەوەی لە ناو پارتیدا ئەو زەمینەی تەیارە مارکسیە لینینیە شۆڕشگێڕە لە باربو و باسی لێوە دەکرا. بۆیە زۆربەمان کەوتینە ژێر کاریگەریی بیروباوەڕەکانی چین بەگشتی بیروباوەڕەکانی ماوتسی تۆنگ بەتایبەتی.

لەسەرەتادا بیروباوەڕەکانی ماوتسی تۆنگ و جێبەجێکردنی مارکسیزم لینینزم لە وڵاتێکی نیمچە دەرەبەگی نیمچە موستەعمەرەی دواکەوتوودا، لە وڵاتێکی دنیای سێ کە زۆرتر لە بارودۆخی کوردستانەوە نزیک بوو، هەروەها خەباتی چینیەکانیش لە گوێزانەوەی خەباتی چەکدارانە لە لادێوە دەستی پێکردبوو بۆ شاخ و دۆڵەکان و دوایی شارەکانی ڕزگار کرد بوو. ئەمەش زیاتر لەگەڵ خەباتی کوردستاندا ئەگونجا" .

ئەم وەڵامەی مام جەلال، لە پرسیاری ئەوەی کە بۆچی زیاتر بەلای مارکسیەتی شێوەی چینیدا دایانشکاندووە، پێمان دەڵێت کە زووتر و بەر لە هاتنی کورشی لاشایی مام جەلال لەو باوەڕە دابووە کە بارودۆخی کوردستان ئەو لە باریەی تێدایە بۆ ئەوەی رێکخراوێکی چەپی شۆڕشگێڕی شێوەی چینی تێدا دابمەزرێت. ئەگەر چی مام جەلال ئەوە ناشارێتەوە کە بە هاتنی رێکخراوی(سازمانی ئینقلابی حزبی تودەی ئێران) بۆچوونیان زیاتر گەشەی کردووە سەبارەت بە مارکسیزم و تیۆری ماوتسی تۆنگی. هەر ئەم شێوە بیرکردنەوەی مام جەلالیشە کە دواجار لە سەرەتای دامەزراندنی یەکێتییەوە خۆی مانیفێست دەکات. 



 .دلێر محەمەد شەریف. گۆڤاری کەلتور. ژمارە ١. ساڵی یەکەم 2010. ل88
.   سەڵاح رەشید. دیداری تەمەن. بەشی یەکەم. ل30 
  .مەعد فەیاز. بەشێک لە بیرەوەرییەکانی مام جەلال. وەرگێڕانی. سۆران عەلی. چاپی یەکەم، کەرکوک 2009. ل96
 . نەوزاد عەلی ئەحمەد. دیداری دوو دۆست. چاوپێکەوتنی هومەر شێخ موس لەگەڵ مام جەلال. رۆژنامەی کوردستانی نوێ.ژمارە7382. 6-7/10/2017 
 . هەمان سەرچاوە.
 . فەرید ئەسەسەرد. رەهەندەکانی بیری سیاسیی کورد پاش جەنگی دووەمی جیهانی. دەزگای چاپ و پەخشی حەمدی. سلێمانی2012.ل55
 . هەمان سەرچاوە. ل55
 . هەمان سەرچاوە. ل57
 . سەڵاح رەشید. دیداری تەمەن. بەشی یەکەم. ل335
 .  . دکتۆر ئەحمەد حەمە ئەمین. رەوتی چەپ لە باشووری کوردستان. چاپخانەی رۆژهەڵات، چاپی یەکەم، هەوڵیر2016. ل47-48

 . سەڵاح رەشید. دیداری تەمەن. بەشی یەکەم. ل420
 . هەمان سەرچاوە.ل420

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
10/3/2018 9:08:14 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...