وتار
بۆچی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان شکستیان ھێنا؟
تەحسین تەھا چۆمانی
لە دوای کۆتایی ھاتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکان لە کوردستان، ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەدا بوون کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەرەنجامێکی زۆر باشەوە پڕۆسەکەی بەرێکرد، بەڵام ئەمە بۆ یەکێتی بەس نەبوو بۆ ئەوەی تامی سەرکەوتنەکانی بکات، بەڵکو ھەر زوو کەوتە بەرھێرشی مێدیایی تەواوی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و رەخنەی ئەوەی لێگیرا، گوایە یەکێتی دەستکاری ئەنجامەکانی کردووە. 

ئەم رەخنە گشتگیرانە، دواجار ھەموو لیستە بەشدارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، بە پارتی دیموکراتیشەوە ھاوڕاکرد، بۆ ئەوەی زۆرترین تانە لە ئەنجامە بەدەستھاتووەکانی ئەم ھەڵبژاردنە بکەن و رێگری بکەن لەوەی تەنانەت سندووقەکانیش بگوازرێنەوە. 

ئەم نیگەرانی و پەنجە راکێشانە بۆ یەکێتی بەردەوامی ھەیە و ھەموو لایەنەکان دەیانەوێت ئەنجامەکان رەت بکەنەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرامبەر ئەوەدا وەک وتەبێژەکەیان دەڵێت: بێمنەتین لە ھەر تانە و تەنانەت ھەژمارکردنەوەی دەنگەکانیش.

پێ ناچێت قسەکە ھەر بەتەنیا بریتیی بێت لە دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکان و ئەو شۆکەی کە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان تووشی ھاتن، بۆ ئەوەی بزانین کێشەکە لە کوێدایە دەبێت ھەلومەرجێک لە بەرچاو بگرین کە تیایدا ھەم یەکێتی و ھەم سەرجەم لایەنەکانی تر تیایدا نمایشی گوتاری خۆیان دەکرد. 

بۆیە گرنگترین شت لەم ھەڵبژاردنەدا بەریەککەوتنی دوو گوتاری لێکتر جیاواز بوو، گوتارێک کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە روئیایەکی کوردستانیانە و جەختکردنەوە لە سەر دووبارە کارکردن و گەڕانەوە بۆ سەر سیاسەت و دنیابینی سیاسی مام جەلال لە عێراق کاری دەکرد بۆ ئەوەی جارێکی تر لە رێگەی تیمە نوێکەیەوە، ئەوە بە دەنگدەران و ھاووڵاتیانی کوردستان بڵێت، کە ئەگەر لە دوای دوورکەوتنەوەی جەنابی مام جەلال لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق، کورد و بە تەیایبەت یەکێتی نەتوانی بێت لە سەر ئەو روئیا و سیاسەتە بڕوات کە مام جەلال لە سەری دەڕۆیشت، ئەوا لە خولی داھاتوو کار بۆ گەڕانەوە سەر ئەو رێبازو دنیابینیە سیاسیە دەکەن.

یەکێتی لەم رووەوە دوو ئامانجی گرنگی پێکا، کە لایەنەکانی تر لەو رووەوە بێبەش بوون، ئەویش ئەوە بوو، کە یەکێتی لە رێگەی جەخت کردنەوەی ئەو پەیامە توانی زۆرترین ھەڵەو کەموڕییەکانی رابردوو لە سەر خۆی بڕەوێنێتەوە، واتە بە رەخنە لە خۆگرتن توانی سیحری ئەو گوتارە بەتاڵبکاتەوە کە لە لایەن ھێزەکانی دیکەوە سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی یەکێتی دەگیرا. دووەم خاڵی گرنگ ئەوە بوو کە ئەوان لە رێگەی ئەم پەیامانەوە، نەڕۆشتنە ناو ململانێیەکەوە کە ھێزەکانی تر لە ئەندازەی خۆیان زیاتر گەورە بکەن. ھەر وەک چۆن ئەمە لە رابردوودا یەکێتی بە خزمەتی لایەنەکانی تر ئەنجامی دا!

لە لایەکی ترەوە ئەگەر لە گوتاری ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی کۆی ھێزەکانی تر بەتایبەت ئۆپۆزیسیۆن بڕوانین، دەبینین ئەوان لە رێی کۆمەڵێک کارتی سوتاوەوە دەیانویست لەم ململانێیەدا سەرکەوتن بەدەستبھێنن و رووبەڕووی ھێزە دەسەڵاتدارەکان ببنەوە. ئەمە یەکێک لەو فاکتەرە گرنگانە بوو کە ھەندێک لەو ھێزە ئۆپۆزیسیۆنە نەتوانن وەک ئەوەی چاوەڕێیان دەکرد ببنە براوەی ھەڵبژاردن.

بزووتنەوەی گۆڕان، کە لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک ھێزی دووەم دەرکەوت، لەم ھەڵبژاردنەدا نەیتوانی پارێزگاری لە دەنگ و پێگەی خۆی وەک دووەم ھێزی سیاسی بکات. بۆ ئەمەش ھۆکارگەلێک ھەن کە ئاماژەن بوون بۆ ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان پێمان وابێت کە شتێکی چاوەڕوانکراو بوو کە گۆڕان شەمەندۆفێرەکەی وەک رابردوو بەردەوام نابێت. 

رەنگ بێت گرنگ ترین خاڵ لەو چاوەڕوانییە، وەفاتی نەوشێروان مستەفابێت وەک رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە. کە لە رابردوودا چ وەک بکەری سیاسی و چ وەک ئاڕاستەکەری گوتاری سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان توانیبووی ھێزێکی زۆر بداتە بەر بزووتنەوەوکە. بەڵام بە وەفاتی نەوشێروان مستەفا، بزووتنەوەی گۆڕان رووبەڕووی گەورەترین کێشە بوویەوە کە ئەویش غیابی کارەکتەری سیاسییە لە رابەرایەتی کردنی بزووتنەوەکە، غیابی کارەکتەر بەو مانایەی کە بتوانێت ھەمان رۆلی رێکخەری پێشوو ببنینێت. بەتایبەت لە دروستکردنی (رئدا) لە شەقام.

جگە لەمە کێشەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان و بەریەککەوتنی دوو نەوەی جیاواز، ئەرکی گۆڕانی بۆ خۆئامادەکردن و چوونە ناو ھەڵبژاردنەوە قورستر کردبوو. بە جۆرێک ئەم کێشەو ململانێیە بەتایبەت کاریگەری زۆری بە سەر گوتاری بزووتنەوەکە ھەبوو، کە بۆ ئەم ھەڵبژاردنە وەک کارتی سوتاو وابوو. چونکە لەمەدا گوتارەکان تەنھا دەتوانن لە کات و سەردەمێکی دیاریکراودا رۆڵی خۆیان بگێڕن، واتە گوتارەکان بە ئەندازەی ئەوەی کاتین رێژەییشن. ئەم رێژەیی بوونە بە مانای ئەوە دێت کە گوتارەکان ناتوانن حوکمی سەردەمێکی دوورتر بکەن. گۆڕان بێ لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە وەک خۆیان دەڵێن لە(تۆپخانەکەوە) کەوتنەوە دووبارەکردنەوەی ھەمان گوتاری رابردوو.

ئەگەر بەگشتی سەیری کۆی ھێزە ئۆپۆزیسیۆن و گوتارەکانیان بکەین، ئەوە راستییە روونتر دەبێتەوە کە لە دوای دوو خولی رابردووی بەشداری ھێزی ئۆپۆزیسیۆن بەم ھێزە زۆرەوە، جارێکی تر ھێزی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو دەنگە زۆرە و کاریگەریە بەھێزەی ھەبێت لە کوردستان، بۆچی؟ یەکەم ئەوە چیتر گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی نین خۆیان بەو ھێزە بزانن، بەڵکو لەم ھەڵبژاردنەوە ئەمان وەک دەر دەکەوێت کەوتوونەتە بەر مەترسی پاشەکشێی جەماوەر، دووم سیحری گوتاری ئۆپۆزیسیۆن وەک چۆن لە ئێستادا دابەشی سەر چەند ھێزێک بووە، بەھەمان شێوەش کاریگەری نەماوە. تەنانەت لەم ھەڵمەتی بانگەشەی ئەمجارەدا ھیچ شتێک نەمان لە مێدیاکانیانەوە بە کتری نەڵێن.

ئێستا و لە کاتی ئەو دەرەنجامە خراپانەی کە لەم ھەڵبژاردنە رووبەڕووی بوونەتەوە، کۆی ئەم ھێزانە پڕۆسەکەیان وا بە ئاسانی پێ ھەزم ناکرێت، بەڵکو لە بەرامبەردا ھەموویان بەیەکەوە پەنجەی تۆمەت بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژ دەکەن و پێیان وایە کە یەکێتی دەستکاری دەرەنجامەکانی کردووە، یەکێتی جگە لەوەی ئەم تۆمەتانە رەت دەکاتەوە، ھاوکات پێی وایە کە ئێمە خاوەن لایەنگرو دەنگدەری تایبەت بەخۆمانین و ئەوان متمانەیان پێمانە.

لە دوا ساتەکانی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیشدا، یەکێتی بە ئاشکرا ئەوەی راگەیاند بێ ئەوەی ھێرش بکەینە سەر ھیچ لایەنێک و تۆمەت بۆ کەس دروست بکەین، کارمان بۆ بەرنامەو ستراتیژی خۆمان دەکرد بۆ ئەوەی ئەوە لە لایەنگرانمان بگەیەنین کە دەمانەوێت بە چ تیمێکەوە دەچینە بەغداد و کاری داھاتوومان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و پەرلەمان چی دەبێت.

لایەکی ترەوە ئەو ھێزانە لە ئێستادا رووبەڕووی پاردۆکسێکی جدی بوونەتەوە، لەکاتێکدا بەر لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، ھەموو لایەکیان بە مەبەستی کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ، ئەوەیان دەوت کە سیستمی نوێی دەنگدان، بێ کەموکوڕییەو ھیچ ئەگەرێکی بۆ تەزویرو کاری ساختەکاری تر تێدا نەماوەتەوە. بەڵام لە دوای شۆکی دەرەنجامەکان ئەوان بەر لە ھەر شتێک ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد گوایە(سیستمەکە ھاک کراوە!!).

خاڵی گرنگ لە پەیوەندیدا بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەو رێژە زۆرە کورسیەی کە بە دەستی ھێناوە ئەوەیە کە، کەمترین کەس لە ھێزو لایەنەکان گومان لەوە دەکرد یەکێتی بەھۆی چەند شتێکەوە بتوانێت ئەو رێژە کورسیە بھێنێتەوە. لەوانە کێشەکانی ناو یەکێتی و دواجاریش جیابوونەوەی دکتۆر بەرھەم ساڵح و بردنی بەشێکی زۆر لە بەر پرس و ئەندامانی یەکێتی یەکێک بوو لەو ئەگەرانەی کە یەکێتی دەخاتە دۆخێکی خراپی ھەڵبژاردنەوە، بەو پێیە بەرھەم ساڵح جگە لە کادرو ئەندامانی یەکێتی ناتوانێت کاریگەری لە سەر دەنگ و لایەنگرانی حزبەکانی تر ھەبێت، دکتۆر بەرھەم ئەم کارەی کرد و تاڕادەیەکی زۆر توانی ئەو کاریگەرییە دروست بکات. بەڵام نەک وەک کاتی جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان؟.

خاڵێکی تر پەویوەندی بەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانە ھەبوو کە لە سنووری پارێزگای سلێمانی روویان دەدا، بەتایبەت خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە کە بە ساتەوەختی زێرینی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان دادەنرا. 
بەڵام دەرەنجامەکان شتێکی تریان وت، ئەویش رووبەڕووبوونەوەی ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بوو بەو ئەنجامە خراپانەوە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
5/19/2018 8:01:39 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...