وتار
کۆبوونەوە سارد‌و سڕەکەی نێوان ترەمپ‌و ئەردۆغان
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
لەسەردانەکەیدا بۆ واشنتن‌و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، ئەردۆغان ھیچی بەدەست نەھێنا. ھەرچەند ئەم ئەنجامە ئەنجامێکی پێشبینیکراو بوو ‌و زۆرینەی بۆچونەکان لەسەر ئەوە کۆک بون کە سەردانەکە سەرکەوتوو نابێ‌و ئەگەری سەرکەوتن لە ١% تێناپەڕێ، بەڵام ئەردۆغان ھەر سور بوو لەسەر ئەوەی کە بچێ. تائێستا کەس نازانێ ھۆی سوربونی ئەردۆغان لەسەر ئەم سەردانە چیە.
سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن ماوەی کۆبونەوەی ترەمپ-ئەردۆغان لە ٢٢ خولەک زیاتر نەبوەو ھەریەکێکیان تەنھا دەرفەتی ئەوەی ھەبوە دە خولەکی بۆ قسەکردن بەرکەوێ. لەو دە خولەکەش تەنھا پێنج خولەکی لەبەردەستدا بووە چونکە ھەر یەکێکیان بە زمانی خۆی قسەی کردووەو وەرگێڕ قسەی ھەر یەکێکیانی بۆ زمانی ئەوی تر وەرگێڕاوە، واتە، بەکردەوە، ئەردۆغان تەنھا پێنج خولەک ماوەی قسەکردنی ھەبووەو لەو پێنج خولەکەدا دەبوایە بچێتە سەر باسکردنی کێشەی فەتحوڵڵا گولەن‌و ئۆپەراسیۆنی رەققەو ھەڵوێست بەرامبەر بە کوردی سوریا‌و مەسەلەی پەکەکەو بابەتی تر.
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە ھاوبەشەش کە لەنێوان ھەردوو سەرۆکدا رێک خرا، ھەر یەکێکیان قسەی خۆی کرد‌و ھیچ کامێکیان باسی ئەو بوارانەی نەکرد کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە.
رۆژێک پاش گەڕانەوەی ئەردۆغان بۆ تورکیا، لە لێدوانێکدا کە کاریگەریی شکستی کۆبونەوەکەی واشنتۆنی بە ئاشکرا پێوە دیارە، وتی» تورکیا شان بە شانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە)‌و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بەشداری لە ھیچ ئۆپەراسیۆنێکدا ناکا‌و ھەر کات ئەم دوو رێکخراوە بوونە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر تورکیا، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لەھیچ لایەنێک دەستیان لێ دەوەشێنێ، ھەر لەم سەروبەندەشدا وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ داوای گۆڕینی بریت ماکگۆرکی کرد کە رێکخەری ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشە لە عیراق‌و سوریا. لێدوانەکەی ئۆغلۆ شتێکی وای لێ ھەڵدەکڕێندرێ کە ئەنکەرە پێی وایە راپۆرتەکانی ماکگۆرک رۆڵیان ھەبوە لە ھاندانی ترەمپ بۆ چەکدارکرنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ رزگارکردنی رەققە لە داعش. دەم‌ودەست پاش لێدوانەکەی ئۆغلۆ، ماکگۆرک رایگەیاند کە بڕیاری چەکدارکردنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ئەو نەیداوە، بەڵکو ترەمپ داوێتی.
لە کۆبونەوەکەی واشنتۆن، ئەردۆغان ھەر ئەو بەڵێنەی لە ترەمپ چنگ کەوت کە ئەو چەکەی بە ھێزەکانی سوریای دیموکرات دەدرێ، بەھیچ شێوەیەک لە دژی تورکیا بەکارناھێنرێ. سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی رەققەش، ترەمپ رونی کردەوە کە کورد پاش رزگارکردنی شارەکە، چۆڵی دەکا‌و بۆ دڵنیاکردنەوەی تورکیا، ترەمپ پێشنیازی کرد، رەققەی رزگارکراو رادەستی ھێزێکی پێکھێنراو لە چەند دەوڵەتێکی عەرەبی بکرێ. ئەم بەڵێنەش رەنگە پەیوەندیی بە سەردانەکەی ترەمپەوە بۆ سعودیە ھەبێ کە یەکێ لە بابەتە سەرەکییەکانی کارکردنە بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی عەسکەریی سووننی. دەشێ ئەو ھاوپەیمانییە ھێز بۆ رەققە بنێرێ، پاش ئەوەی کە لەسەر دەستی کورد‌و ھاوپەیمانەکانی رزگار دەکرێ.
ئەنکەرە پەی بەوە دەبا کە ئامادەیی کورد بۆ رابەرایەتی کردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی رەققە بۆ ئەوە نییە کە رەققە بخرێتە ناو سنوری کانتۆنەکان. بەدڵنیاییەوە کورد خۆیشی بیری لەوە نەکردۆتەوە. ھەموان دەزانن کە پاش ئەوەی کورد رەققە رزگار دەکا، دەبێ چۆڵی بکا. بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە ناوبانگێکی جیھانی بۆ کوردی سوریا وەک ھێزێکی داعش بەزێن پەیدا دەکا.
بۆ کورد، ئۆپەراسیۆنی رەققە لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ گرنگترە، چونکە رۆڵی کورد لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ رۆڵێکی سنوردار بوو کە لە تێکشاندنی پشتێنەی ئەمنیی دەوروبەری موسڵ تێنەدەپەڕی، لەکاتێکدا لە ئۆپەراسیۆنی رەققە کورد ھێزێکی بەشدار نییە، بەڵکو ھێزە سەرەکییەکەیەو ئەرکی، نەک تێکشاندنی پشتێنەی ئەمنیی دەوروبەری شارەکەیە، بەڵکو گرتنی سەراپای شارەکەیە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێ لەکاتی دانیشتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ دیاری کردنی ئایندەی سوریا، کورد بە پێگەیەکی بەھێزەوە لەسەر مێزەکە دەبێ.
تورکیا لە دۆخێکی نمونەییدا نییەو پێناچێ بە ئاسانی بتوانێ پەیوەندییەکانی لەگەڵ جیھانی رۆژئاوا چاک بکاتەوە، بەتایبەتی لەم ھەلومەرجەدا کە تێیدا دەنگوباسی دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤی گونجاو بۆ بنکەی ئینچەرلێک باس‌و خواسێکی گەرم‌و گوڕە. ھەرچەند تا ئێستا وەک واتەوات مامەڵە لەگەڵ ئەم ھەواڵەدا دەکرێ، بەڵام ئەگەر واتەواتەکە بوو بەڕاست یان لەوە نزیک بۆوە کە ببێ بە ڕاست، ئەوا تورکیاش ھانا بۆ بژادەکانی بەردەستی دەبا لەوانە دەستلەکارکێشانەوە لە پەیمانی ناتۆ‌و چوونە ناو گروپی نێودەوڵەتیی دیکە لەو گروپانەی کە روسیا‌و چین ئەندامن تێیدا‌و مەرجەکانی ئەندامبون تیایاندا پەیوەندیی بە دیموکراسی‌و ئاستی پاراستنی مافی مرۆڤ‌و سەلماندنی مافی کەمینە ئیتنیکییەکانەوە نییە. ئەمە ھەمووی نیشانی دەدا کە تورکیا لە قۆناغی داھاتوودا رووی لە وەرچەرخانێکە کە کاریگەریی زۆری لەسەر بژاردە ستراتیجییەکانی دەبێ‌و ئاراستەی رەفتاری نێودەوڵەتیی بەرەو گۆڕانێکی دیاریکراو دەبا.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
5/22/2017 6:07:40 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌