وتار
لەپێناوی دەستبەرکردنی مەرجەکانی ریفراندۆمێکی سەرکەوتوودا
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
ئەگەر ساڵی ٢٠٠٩ ریفراندۆمی پرۆژەی دەستوری ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرایە، ئەم ریفراندۆمەی کە ئێستا بۆ سەربەخۆیی ھەمومان سەرقاڵی ئەنجام دانین، دەبوو بە دووەم ریفراندۆم لە مێژووی سیاسیماندا. ئەگەر ئامادەکارییەکانی ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ریفراندۆمی دەستور لەگەڵ ئامادەکارییەکانی ئێستای سەربەخۆیی بەراوردی یەکتری بکرێن، بۆمان دەردەکەوێ کە ساڵی ٢٠٠٩ پرۆسەکە لەڕوی یاساییەوە بە ڕێچکەی ئاسایی خۆیدا تێپەڕیوەوھیچ کەموکوڕییەکی یاسایی نەبوە. 
ساڵی ٢٠٠٨ سەرۆکی ھەرێم یاسای ژمارە ١٦ی دەرکرد، تێیدا بڕیار درا پرۆژەی دەستور بخرێتە راپرسییەوەو لە ماددەی شەشەم ئەو پرسیارەی تێدا دیاری کرا کە دەبێ بە (بەڵێ) یان «نەخێر» وەڵام بدرێتەوەو لە ماددەی ٨ دا ئەرکی سەرپەرشتی کردنی پرۆسەی راپرسییەکە بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن سپێردرا.
ساڵی ٢٠٠٩ سەرۆکی ھەرێم یاسای ژمارە ٩ ی ھەموارکردنەوەی یاسای ژمارە ١٦ ی دەرکرد‌و تێیدا لە ماددەی یەکەمدا رۆژی ریفراندۆم دیاری کرا کە ٢٥ ی تەموزی ئەو ساڵە بوو. بەدوای ئەمەوە، یاسای ژمارە ١٠ دەرچوو کە تێیدا پێداچونەوە بە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆم کرا‌و لە بڕگەی دووەمی ماددەی یەکەمدا وا دانرا کە ھەردوو سەرۆکایەتیی پەرلەمان‌و حکومەتی ھەرێم پێکەوە رۆژێک بۆ ریفراندۆم دیاری دەکەن.
ساڵی ٢٠٠٩ رەوتی یاسایی لە ھەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا باشتر بەڕێوە دەچوو. لە کەسمان نەبیستووە رایەکی نایاسایی وا دەربڕێ کە گوایە ریفراندۆمی دەستور پێویستی بە پەرلەمان نییەو نابێ پەرلەمان ھیچ رۆڵێکی لە پرۆسەکەدا ھەبێ یاخود ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان بەڕێوە دەچێ. گومانی تێدا نییە کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا یاسا لە کوردستان سەروەرتر بوو، ھیچ دامودەزگایەکی شەرعیش پەکی نەخرا بوو. ئەمە لە بەرەنجامی کۆتاییدا، بەڕونی پیشانی دەدا کە سەروەریی یاسا لە کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٠٩ لە پاشەکشە دایە.
ئەگەر لەڕوی لۆجیکەوە، ریفراندۆمی ئەنجامنەدراوی ساڵی ٢٠٠٩ی دەستور‌و ریفراندۆمی ئەمساڵی سەربەخۆیی بەراوردی یەکتری بکەین، بۆمان دەردەکەوێ کە لەڕوی بایەخی سیاسییەوە ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ریفراندۆمی دەستور کاریگەرتر‌و گرنگترەو زۆرتریش پێویستی بە پەرلەمانە. لەڕاستیدا ریفراندۆم ھەر ریفراندۆمە. دوو جۆر ریفراندۆم نییە کە یەکێکیان پێویستی بە یاسا‌و رێسا‌و پەرلەمان بێ(وەک ریفراندۆمی دەستور) ‌و جۆرێکی تر کە ھیچ پێویستی بە یاسا‌و رێسا‌و پەلەمان نەبێ (وەک ریفراندۆمی سەربەخۆیی). لەڕاستیشدا باشترین گوزارشت لە ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی، بە ڕێزگرتن لە یاسا‌و رێساکان دەست پێ دەکا. ئەگەر یەکەم ھەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بە پێشێل کردنی یاسا دەست پێ بکا، نابێ کەس ئومێد لەسەر ئەوە ھەڵچنێ کە سەربەخۆییەکە دەوڵەتی یاسای لێ بەرھەم دێ.
تیۆریی دورخستنەوەی پەرلەمان لە ریفراندۆم تیۆرییەکی گوماناوییەو تەنانەت مەترسیی بۆ سەر ھەموو پرۆسەکە ھەیە. ئەمە بەم واتایە دێت کە مەسەلەکە پێویستی بە ڕەواندنەوەی گومانەکانەو بەبێ ئەوە زۆر ئەستەمە پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە بچێ. پەرۆشی بۆ سەربەخۆیی‌و بەڕێوەچوونی پرۆسەیەکی بێ کەموکوڕی، دەبێ بە کردار رەنگ بداتەوەو دڵنیایی بداتەوەو ھاووڵاتیان کە بارودۆخی پاش سەربەخۆیی زۆر لە بارودۆخی پێش سەربەخۆیی باشتر دەبێ. ئەمەش پێویست بە ڕێککەوتنی سیاسیی ھەموو لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان دەکات. 
ساڵی پار، بەر لەوەی ئۆپەراسیونی رزگارکردنی موسڵ دەست پێ بکا، ئاراستەیەکی بەھێز لە ھەرێمدا ھەبوو، بەتایبەتی لە ھەولێر، سەبارەت بەوەی کە نابێ ھێزی پێشمەرگە بەبێ مەرج بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بکا. مەرجەکەش ئەوە بوو کە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، دەبێ رێککەوتنی سیاسی دەربارەی شێوەی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا پاش رزگارکردنی، لەنێوان لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەکاندا بێتە دی. بە ھەمان ئەو پێودانگە، ئەگەر بەڕێوەبردنی پارێزگایەک، پاش رزگارکردنی، پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسی بێ، بەدڵنیاییەوە بەڕێوەبردنی وڵاتێک، پاش سەربەخۆبونی، زۆرتر پێویستی بە ڕێککەوتنی سیاسییە لەسەر ھەموو مەسەلەکان، لە دەستور‌و سیستمی سیاسییەوە تا وردەکارییە بچوکەکان. رێکەوتنی سیاسیی پێشوەخت، ریفراندۆمێکی بێ کێشەو سەربەخۆییەکی بێ گێچەڵ ‌و بێ ئاڵۆزی بۆ کوردستان دەستەبەر دەکات‌و لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەو رێککەوتنە کوردستانی سەربەخۆ لە سیناریۆ زیانبەخشەکەی باشوری سودان دوور دەخاتەوەو سەقامگیرییەکی موتوربەکراو بە شادی‌و ئاشتی‌و تەبایی دەچەسپێنێ.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
5/2/2017 11:00:38 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌