وتار
ئەمریکای ترەمپ پاش سەرکەوتنی دیموکراتەکانە
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
بەدەستھێنانەوەی زۆرینە لەلایەن دیموکراتەکانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کێشەیەکی گەورە بۆ سیاسەتی ترەمپ دروست دەکا، بەتایبەتی لە ناوخۆدا، چونکە لێرە بە دواوە سەرۆک دەستئاوەڵا نابێ لە بڕیاردان، جگە لەوەی کە لێرە بە دواوە دیموکراتەکان دەتوانن لێپێچینەوە لەگەڵ سەرۆک بکەن سەبارەت بە چەردەیەک بابەت کە ھەندێکی پەیوەندیی بە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە ھەیە.

ترەمپ پەی بە کاریگەریی سەرکەوتنەکەی دیموکراتەکان دەبا و بە دڵنیاییەوە ئەمە زۆر بێزاری کردووە. ئەوەی کە سایکۆلۆژیای سەرۆک لەم رووەوە ئاشکرا دەکا ئەوەیە کە ترەمپ لە یەکەم کۆنفرەنسی میدیایی پاش سەرکەوتنی دیموکراتەکان، زۆر بە توڕەییەوە قسەی کرد و جنێوی بە دوو رۆژنامەنووس داو شەڕی لەگەڵ یەکێکی تریش کرد.

ئەوروپییەکان پێشبینیی سەرکەوتنی دیموکراتەکانیان دەکرد. بۆیە بەر لەوەی ھەڵبژاردن دەست پێ بکا، خۆیان کۆکردەوە و بەرنامەیەکیان بۆ دۆزینەوەی رێوشوێنێکی گونجاو بۆ درێژەدان بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دانا. پاش راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردانەکەش، فەرەنسا لەسەر زاری ماکرۆن رایگەیاند کە ئەوروپا پێویستی بە سوپایەکی تایبەتە بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەڕەشەکانی روسیاو ئەمریکا. لە لێدوانەکەیدا ماکرۆن زۆر بە ڕاشکاوی قسەی کرد و بە ناو ناوی ئەمریکای ھێنا. باس کردنی پێشنیاری پێکھێنانی سوپایەکی ئەوروپایی خۆی لە خۆیدا مەسەلەیەکی ھەستیارە و ئاماژەیەکیشە بۆ ئەگەری ھەڵوەشانەوەی پەیمانی ناتۆ کە ئەمریکا رابەرایەتیی دەکات. 
لەھەلومەرجی ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران کە ئەمڕۆ دیموکراتەکان تێیدا زۆرینەن، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و بە بێ ھاش و ھوش سەرقاڵی پێداچونەوەیە بە سیاسەتی ترەمپ دا. سەرەتای پێداچونەوەکەش بە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە سعودیە دەست پێ دەکا. لە ئێستاوە تا دەوروبەری دوو ھەفتەی داھاتوو، دیموکراتەکان بە پشتیوانیی ژمارەیەک کۆنگرێسمانی سەر بە پارتی کۆماری سەرقاڵی دانانی بەرنامەیەکن بۆ پەکخستنی ھەر پرۆژەیەک بۆ فرۆشتنی چەک بە سعودیە لە سۆنگەی کەیسەکەی جەمال خاشقچییەوە. لە قۆناغی پێشوودا فرۆشتنی چەک بە سعودیە، ئامانجێکی سەرەکیی ترەمپ بوو. بۆیە وا دێتە بەرچاو کە دەرکردنی یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک بە سعودیە، راستەوخۆ لە دژی خودی ترەمپ دەردەچێ.

براوەی یەکەم لە سەرکەوتنی دیموکراتەکان، ئێرانە. ھەر دیموکراتەکانیش بون کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی باراک ئۆبامادا رۆڵێکی کارایان لە سەرخستنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی٥+ ١ دا گێڕاوە، بۆیە پێشبینی دەکرێ سەرکەوتنی دیموکراتەکان کاریگەریی زۆری لەسەر سیاسەتی ترەمپ سەبارەت بە گەمارۆدانی ئێران ھەبێ. گەورەترین دۆڕاویش، ئیسرائیلە کە لە سەردەمی ئۆباماوە پەیوەندیی لەگەڵ دیموکراتەکان خراپە.

ئەگەر ئەوروپییەکان، وەک بەنیازن، بتوانن سەرکەوتوو بن لە رێکخستنی کەناڵێکی دارایی سەربەخۆ لەگەڵ ئێران و بتوانن قەوارەیەکی یاسایی بۆ بەردەوامبون لەسەر مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئێران دروست بکەن، ئێران زۆر قازانج دەکا. ئەمەش نیشانی دەدا کە ئەوروپییەکان پاش سەرکەوتنی دیموکراتەکان دڵنیان کە پرۆژەکەیان دەتوانێ بە شێوەیەکی تۆکمەتر بەڕێوە بچێ.

ئەوروپییەکان بە پێچەوانەی ترەمپەوە، باوەڕیان بە پرۆژەی گرێبەستنی سەدە نیە. سەرکەوتنی دیموکراتەکان ئەوروپییەکانی ھاندا راشکاوانەتر بیروڕای خۆیان دەربڕن. لەم رووەوە خاتوو مۆگرینی، بەرپرسی کاروباری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، رایگەیاند کە چارەسەری مەسەلەی فەلەستین بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینیەکان دێتە دی. 

ترەمپ ھەر لە سەرەتاوە بەرنامەی گەمارۆدانی ئێرانی بە دژواری بەڕێوە بردوە. دواتریش ناچار بوو ھەشت دەوڵەت کە بریتین لە چین، ھیندستان، یۆنان، تورکیا، ئیتالیا، ژاپۆن، کۆریای باشور و تایوان لە کڕینی نەوت لە ئێران ببورێ. بە ھۆی ئەمەوە، ئێستا ئێران زۆر بە ئاسانی دەتوانێ رۆژانە ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت بەو دەوڵەتانە بفرۆشێ. ئەمەش داھاتێکی باشی بۆ دابین دەکات کە بە ھۆیەوە دەتوانێ بەردەوام بێ لەسەر بەرھەڵستی کردنی سزاکانی ئەمریکا. پێدەچێ ژمارەی دەوڵەتانی بووراو لە سزاکان روو لە زیادبون بکات. ھەر پاش راگەیاندنی لیستەکە، ئەفغانستان رایگەیاند کە ناتوانێ پابەند بێ بە سزاکانی ئەمریکا چونکە ناتوانێ واز لە کڕینی نەوتی ئێران بێنێ و ھەروەھا ناشتوانێ دەستبەرداری ھاوردنی کارەبا بێ لە ئێرانەوە. پاش ئەفغانستان، ترەمپ ناچار بوو رێ بە عیراقیش بدا بەردەوام بێ لەسەر مامەڵەی نەوتی لەگەڵ ئێران (نەوتی خاو بەرامبەر بە نەوتی پاڵێوراو) و ھەروەھا بەردەوام بێ لەسەر کڕینی گازی شل، سەرباری بەردەوامبون لەسەر کڕینی کارەبا لە ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی وزە. لێپرسراوە عیراقییەکان بۆ ئەمریکییەکانیان روون کردۆتەوە کە کێشەی کارەبا یەکێ لە گەورەترین ھۆکارەکانی بەرپابونی خۆپیشاندان و گێرەشێوێنی بووە لە بەسرە و چەند پارێزگایەکی دیکەی عیراق.

ترەمپ لەو جۆرە کەسانە نیە کە بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە بدا. بەڵام بە دڵنیاییەوە ترەمپی پاش سەرکەوتنی دیموکراتەکان ناتوانێ وەکو پێشوو ھەڵسوکەوت بکا، بەتایبەتی کە یەکێک لە گەورەترین ھاوپەیمانەکانی، واتە سعودیە، لە سۆنگەی کەیسی خاشقچییەوە بە قۆناغێکی ئاڵۆز و روخسار نادیاردا تێدەپەڕێ، لەو لاشەوە یەکێتیی ئەوروپا خەریکە لە سیاسەتەکەی ئەمریکا یاخی دەبێ، روسەکانیش بەردەوامن لەسەر سەقامگیرکردنی پێگەی خۆیان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

ترەمپ ھەر لە سەرەتاوە زێدەڕۆیی لە پشت بەستن بە بەکارھێنانی کارتی باڵادەستیی سوپایی کردووە. ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە کە سەرکردەکانی ئەمریکا پەی بەو راستییە ببەن کە جیھان ھەر بە ویستی یەک ھێز بەڕێوە ناچێت.‌.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
11/24/2018 6:26:35 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌