وتار
کورد لە پێشبڕکێی فراکسیۆنە پەرلەمانییە گەورەکەدا
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
دەستوری عیراق لە ماددەی ٧٦ دا بایەخێکی زۆری بە پێکھێنانی فراکسیۆنە پەرلەمانییە گەورەکە داوە، چونکە سەرۆکی کۆمار کاندیدی ئەو فراکسیۆنە رادەسپێرێ کابینەی تازە پێک بێنێ. ئەوەندەی مەسەلەکە پەیوەندیی بە کوردەوە ھەیە، ئەمە یەکەم جارە کورد ھەوڵ بدا بەشدار بێ لە پێکھێنانی فراکسیۆنە گەورەکەدا. لە ھەر سێ ئەزمونی پێشووی پێکھێنانی کابینەی تازەدا، کورد لە دەرەوەی پرۆسەی پێکھێنانی فراکسیۆنە پەرلەمانییە گەورەکەدا بووەو ھیچ ھەوڵێکیش لەلایەن کوردەوە بۆ بەشداری کردن لە پێکھێنانی کابینەی تازەدا نەبووە. بۆیە ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا پێویستە کورد بەشدار بێ لە پێکھێنانی فراکسیۆنە گەورەکەدا؟ ئایا پێکھێنانی ئەو فراکسیۆنە گەورەیە شایستەی ئەم ھەموو ھەوڵ‌و رەنجەیە؟ ھۆی وروژاندنی ئەم پرسیارە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشداری ‌و بەشداری نەکردنی کورد لە پێکھێنانی فراکسیۆنە گەورەکەدا ھیچ کاریگەریی لەسەر پشکی پۆستەکانی کورد نابێ. پشکی کورد بە بەشداری کردن لە فراکسیۆنە گەورەکەدا زیاد نابێ، بەشداری نەکردنیشی ھیچ لەو پشکە کەم ناکاتەوە.

لەڕاستیدا فراکسیۆنە گەورەکە ھاوپەیمانییەکی کاتییە کە بە راگەیاندنی فراکسیۆنەکە دەست پێدەکا‌و بە پێکھێنانی کابینە تازە کۆتایی دێ. ئەمەش بەم مانایە دێ کە تەمەنی ھاوپەیمانییەکە لە باری ئاساییدا تەنھا ٣٠ رۆژەو ئەگەر پرۆسەکە تەگەرەی ھاتە بەردەم، رەنگە تەمەنی ھاوپەیمانییەکە دوو مانگ بێ. پاش پێکھێنانی کابینەی تازە، فراکسیۆنەکە ھەڵدەوەشێتەوەو کەس کاری پێ نامێنێ. ئەمە ئەوە دەگەیەنێ کە فراکسیۆنە گەورەکە بەرەیەکی سیاسی نیە، ھەروەک ھاوپەیمانییەکی درێژخایەنیش نیە.

بەشێوەیەکی کردەیی، پاش ئەوەی کاندیدی فراکسیۆنە گەورەکە دەست بە جموجوڵێکی چڕ بۆ پێکھێنانی کابینەکەی دەکا، دانوستانی پێکھێنانی کابینەکە لە فراکسیۆنەکەوە بۆ کاندیدەکە دەگوێزرێتەوەو ئەو کاندیدە سەرقاڵی دانانی بەرنامەی کابینەکەی دەبێ کە پێویستە ئەو بابەتانە لە خۆ بگرێ کە پێشتر لایەنە سیاسییەکان لە دانوستانەکانیاندا لەسەری رێک کەوتون. بەڵام ھەر لەو قۆناغەدا دەشێ یاری بە رێککەوتنەکانی پێشوو بکرێ، بەتایبەتی پێکھاتە سەرەکییەکانی فراکسیۆنە گەورەکە دەستکراوەتر‌و لە پێگەیەکی بەھێزتردا دەبن.

ھەرچەند ماددەی ٧٦ ئەوەی سەپاندووە کە دەبێ زۆرینەی پەرلەمانتاران متمانە بە بەرنامەی حکومەت ببەخشن، بەڵام ماددەکە بەرامبەر بە جێبەجێ نەکردنی بەرنامەکە یان پەشیمانبونەوەی حکومەت لێی، قڕ‌و قپی لێ کردووە. ئەمەش دۆخێکی وا دەخولقێنێ کە ھیچ گەرەنتییەک بۆ جێبەجێ کردنی ئەوەی کە لایەنە سیاسییەکان پێشتر لەسەر رێک کەوتبون، لە ئارادا نەبێ.

کورد ئەگەر لە دەرەوەی فراکسیۆنە گەورەکەش بێ، ھەر دەبێ وتووێژ لەگەڵ کاندیدی فراکسیۆنە گەورەکە بکا، ھەم بۆ دیاری کردنی ئەو پۆستانەی کە بەر کورد دەکەون ھەم بۆ بردنی ھەندێ لە داواکانی کورد بۆ ناو بەرنامەی حکومەت. کاندیدەکە دەسەڵاتی ئەوەی ھەیە ھەندێ لە داواکان رەت بکاتەوە، ھەروەھا دەشێ ئەنجومەنی نوێنەران متمانە بە ھەندێ لەو داوایانە نەدات. لە کۆتاییشدا ھەر چی کورد لەگەڵ لایەنە پێکھێنەرەکانی فراکسیۆنە گەورەکە لەسەری رێک کەوتووە، دەچێتە بەردەم سەرۆکی حکومەت کە بەپێی ماددەی ٧٨ بەرپرسە لە جێبەجێ کردنی سیاسەتی گشتیی دەوڵەت، ئەویش لە چوارچێوەی یاساکاندا‌و بەو چەشنەی کە بە گونجاوی دەزانێت، مامەڵە لەگەڵ داواکان دەکات.

کورد لەو پاکیجەی کە پێشکەش بە لایەنە سیاسییەکانی کردووە، دەوروبەری ٢٥ مەرجی بۆ بەشدرای کردن لە فراکسیۆنە گەورەکەدا داناوە. ئەم ژمارە زۆرەی مەرجەکان، دەشێ ببێ بە مایەی دروست کردنی بەربەست لەبەردەم بەشداریی کورد لە پێکھێنانی فراکسیۆنە گەورەکەدا، جگە لەوەی کە دەشێ وێنەیەکی وا بۆ کورد بکێشێ کە لە ھەوڵی قۆستنەوەی ھەلی لێکترازانی ماڵی شیعەیەو خوازیارە زۆرترین دەستکەوت بۆ خۆی دابین بکات.

ئەم وێنەیە رەنگە دواتر، پاش پێکھێنانی کابینەی تازە، کاردانەوەی خراپی لێ بکەوێتەوەو بگاتە رادەی خۆ راپسکاندن لەو مەرجانەی کە شیعەکان بە نابەدڵی پەسندیان کردووە. دەشێ ئەم شێوازی مامەڵەیە بگاتە رادەی کارکردنە سەر پرۆسەی دروستکردنەوەی متمانە لەنێوان ھەردوو لادا. لە دۆخێکی تایبەتدا، رەنگە زۆریی مەرجەکان وا لە شیعەکان بکا کارتی کورد بە کارتی سازانی ناوخۆیی بگۆڕنەوەو وایان لێ بکا سەودا لەگەڵ یەکتریدا بکەن نەک لەگەڵ کورددا‌و لە دۆخێکی وادا فراکسیۆنە گەورەکە بە بێ کورد پێک دەھێنرێ، بەڵام کابینەی تازە بە بێ کورد پێک ناھێنرێ. ئەمەش نیشانی دەدا کە رەوتی پرۆسەی سیاسی ھەر لە دەستپێکەوە ئاڵۆز بووەو دیارە ھەر بە ئاڵۆزی دەمێنێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
9/3/2018 2:13:34 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌