وتار
دابەزینی بەھای لیرەی تورکی و شتی تر
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
پێرێ سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە یادی شەڕی ساڵی ١٠٧١ی مەلازگردی نێوان بێزەنتییەکان و تورکە سەلجوقییەکاندا داوای لە ھاووڵاتیانی کرد یەکبگرن دژی « ئەو ھێرشانەی دەکرێتە سەر ئابووری وڵات». لەمەوبەریش بەرپرسەکان و ھەروەھا میدیاکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو کە پیلانێکی ئەمریکی دژی ئابووری تورکیا ھەیە و ئەمریکا سزای ئابووری بەسەر تورکیادا سەپاندووە.

میدیای تورکیا مەسەلەکە زۆر بە سادەیی باس دەکا و وای نیشان دەدا کە ھۆی پیلان و سزاکان پەیوەندیان بە گرتنی قەشە ئەندرۆ برانسۆنەوە ھەیە کە ترەمپ داوای ئازادکردنی دەکات. ئەمە بەم مانایە دێت ئەگەر تورکیا قەشە گیراوەکە ئازاد بکا، پیلانەکە ھەڵدەوەشێتەوە و سزاکان لادەبرێن لە ئەنجامدا ئابووری تورکیا چاک دەبێتەوە.

لەڕاستیدا بەرژەوەندی تورکیا لە ئازادکردنی قەشەکەدا نیە چونکە بەردەوام بوونی قەیرانی قەشە گیراوەکە چاکترین بیانووە بۆ پاکانەکردن بۆ خراپی باری ئابووری و دابەزینی بەھای لیرە.

ھەمووان دەیزانن ئازادکردنی قەشە برانسۆن ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ چونکە ئەم مەسەلەیە لە بنەرەتدا پەیوندی بە دابەزینی بەھای لیرەوە نیە. ئەوەی ئەمەش دەسەلمێنێ ئەوەیە کە قەشە برانسۆن دوو ساڵە گیراوە،لە کاتێکدا دابەزینی بەھای لیرە لە سەرەتایی ئەمساڵەوە دەستی پیکراووە.

ھەروەھا ڕاستە کە ئەمریکا گومرگی لەسەر پۆڵا و ئەلەمنیۆمی تورکیا زیاد کردووە. بەڵام زیادکردنی گومرگ لەسەر پۆڵاو ئەلەمنیۆمی تورکیا پەیوەندی بە دابەزینی بەھای لیرەوە نییە،بە تایبەتی کە ئەمریکا لەو ماوەیەدا گومرگی لەسە بەرھەمە ھاوردەکانی ئەوروپا و مەکسیک و کەنەدا و چینیشی زیاد کردووە بەبێ ئەوەی ئەم کارە ببێ بە مایەی دابەزینی بەھای یۆرۆی ئەوروپا و پیزۆی مەکسیک و دۆلاری کەنەدا و یووانی چین. ئەمەش بە ھەمان شێوەی نمونەکەی پێشوو، بەم مانایە دێت کە ئەگەر ئەمریکا گومرگ لەسەر ھاوردنی پۆڵاو ئەلەمنیۆمی تورکیا ھەڵگرێ، ھەنگاوەکە ھیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێ و نابێتە مایەی ڕاگرتنی دابەزینی بەھای لیرە.

پێویستە لەسەر تورکیا خۆیی لە راستیەکان بێ ئاگا نەکات. دابەزینی بەھای لیرە لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە،واتە بەر لەوەی کێشەی گیرانی قەشە برانسۆن بوروژێنرێ و پێش دانانی گومرگ لەسەر پۆڵاو و ئەلەمنیۆمی تورکیا. ڕاپۆرتە ئابووریەکان لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە ئاماژەیان بۆ دابەزینی بەھای لیرە کردووە و پێشبینی دۆخێکی دژواریان بۆ ئابووری تورکیا کردووە.

لە سەرەتایی ئەمساڵەوە لیرەی تورکی %٤٠ بەھای خۆی لەدەسداوە و بە دڵنیاییەوە ئەگەر قەتەر بە پێشکەشکردنی ١٥ ملیار دۆار فردیای تورکیا نەکەوتایە، دابەزینی بەھای لیرە ھەر بەردەوام دەبوو.
پانزە ملیارەکەی میری قەتەر کێشەی لیرەی پێ چارەسەر ناکرێ و ھەر ئەوەندەی پێ دەکرێ کە نەیەڵێ لیرە لەوە زیاتر بشکێ.

ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئابووری تورکیا بە شێوەیەکی گشتی لە ستراکچەردا کێشە و کەموکوڕتی ھەیە و تا ئەو کێشە و کەموکوڕیانە چارەسەر نەکرێن، دۆزی لیرە ھەر بە شلۆقی دەمێنێتەوە.

قەرزی تورکیا کە کاتی دانەوەی ھاتووە گەیشتوەتە دەوروبەری ٢١٧ ملیار دۆلار. ساڵی پار ڕێژەی گەشەی بەرھەمی خۆماڵی لە تورکیا گەشتبووە %٧، لە کاتێکدا ئەمساڵ بۆ %٤ دابەزیوە. کۆمپانیای ستاندەری ئاند بوورسی بۆ خزمەتگوزاریی دارایی پێشبینی دۆخێکی خراپتری بۆ ئابووری تورکیا کردووە و پێی وایە رێژەی ھەڵئاوسان لە تورکیا لە چوار مانگی داھاتوودا خۆی لە قەرەی %٢٢ دەدا.

ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، کە تورکیا لە بارودۆخێکی ئێجگار ھەستیاردایە و پێویستی بە چاکسازی ستراکچەری ئابووری ھەیە لەسەر ھەموو ئاستەکان، ھەروەک پێویستی بەوە ھەیە کە حکومەت چاو بە تەواوی سیاسەتی ناوخۆیی خۆیدا بگەڕێنێتەوە و چارەسەری ڕیشەیی بۆ فاکتەرەکانی گرژی کۆمەڵایەتی بدۆزێتەوە، لە سیاسەتی دەرەوەشدا کەمتر پشت بە فاکتەری دەستێوەردانی سوپایی ببەستێ و بگەڕێتەوە سەر دروشمە دێرینەکەی مستەفا کەمال ئەتاتورکی دامەزرینەری تورکیای مۆدێرن(ئاشتی لە ناوخۆدا،ئاشتی لە دەرەوەدا(

کێشەی ئابووری تورکیا بە داخستنی رێستۆرانتەکانی ماکدۆناڵد چارەسەر ناکرێن. شتی زۆر گرنگتر لە داخستنی ریستۆرانتەکانی ماکدۆناڵد ھەیە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
8/27/2018 10:39:42 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌