وتار
کۆماری دووەم لە تورکیا
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
کۆماری دووەم لە تورکیا لەسەر دەستی ئەردۆغان دامەزرا. ئەم روداوە لەگەورەییدا ھیچ جیاوازیی لە دامەزراندنی کۆماری یەکەم نیە کە ساڵی ١٩٢٤ لەسەر دەستی مستەفا کەمال ئەتاتۆرک دامەزراوە. لێکچونی نێوان ھەردوو روداو لەوە دایە کە ھەردوو روداوەکە لەقۆناغێکی پڕ شەر‌وشۆڕ‌و گرژی ‌و وەرچەرخاندا ھاتونەتە ئاراوە.

لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری دووەمدا، کۆتایی بەو سیستمە پەرلەمانییە کۆمارییە ھێنرا کە ٩٥ ساڵە لە تورکیا کاری پێ دەکرێ و دەرگا واڵا بوو بۆ کارکردن بە سیستمی سەرۆکایەتی. جیاوازیی سیستمی سەرۆکایەتیی تورکیا لەھەر سیستمێکی سەرۆکایەتیی پەیڕەوکراوی ھەر وڵاتێکی تر لەوە دایە کە لە ھیچ سیستمێکی سەرۆکایەتیی جیھاندا سەرۆک بەقەد سەرۆکی تورکیا دەسەڵاتی نیە، بە ڕادەیەک کە سەرۆکایەتییەکەی تورکیا بە دەسەڵاتێکی «نیمچە رەھا» دەچوێندرێ. ئەمەش لێپرسراوەتیی سەر شانی سەرۆک زۆر قورس دەکا، زۆریش ماندوی دەکا.

سەرۆک لە تورکیا بەتەنھا سەرۆکی کۆمار نیە، بەڵکو سەرۆکی حزبی دەسەڵاتداریشە کە ئەمەش وا دەکا ھەم لەروی دەستورییەوە سەرۆکی ھەموو ھاووڵاتییەکان بێ، ھەم سەرۆکی ئەندامان ‌و کادیرانی حزبەکەی خۆیشی بێ. بەکردەوە، ئەم سیستمە لەپاڵ ئەوەی کە سەرۆک بە چارەسەرکردنی کێشەکانی دەوڵەتەوە سەرقاڵ دەکا، واشی لێ دەکا ھەمیشە سەرقاڵی کاروباری حزبەکەی خۆیشی بێ.

کێشەی حزب خۆی لە خۆیدا کێشەیەکی گەورەیە. لە وردەکارییەکاندا سەرکەوتنی ئەردۆغان بێگەرد نیە. لەلایەک، ئەردۆغان بەرێژەی ٥٣% ی دەنگەکان ھەڵبژاردنی بردۆتەوە، لەوە ١١% ی دەنگی ئەندامان ‌و جەماوەری مەھەپەیە کە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی نەبوەو سەرۆکەکەی، دەوڵەت باخچەلی، ئەندامانی حزبی راسپاردبوو دەنگ بە ئەردۆغان بدەن. لەلایەکی ترەوە، پارتی داد‌و پەرەپێدان بە بەراورد لەگەڵ ھەڵبژاردنی پێشوو، دەنگی کەمی کردووە. لە ھەڵبژاردنی پێشوودا پارتی داد‌و پەرەپێدان ٤٩%ی دەنگەکانی بەدەست ھێناوە، لەکاتێکدا لە ھەڵبژاردنی ئەم دواییەدا ٤٢,٥ی دەنگەکانی بەدەست ھێناوە. ئەمەش ئەردۆغان دەخاتە ژێر کاریگەریی مەھەپەوە کە لە پەرلەماندا ٤٩ کورسیی ھەیە. بۆیە لەماوەی پێنچ ساڵی داھاتودا، دەبێ ئەردۆغان ھەر بەردەوام بێ لەسەر ھاوپەیمانیی لەگەڵ مەھەپە. دەشێ بەمجۆرە سەیری سیاسەتەکانی داھاتوی تورکیا بکەین کە لێرە بە دواوە مەھەپە لە پشت پەردەوە رۆڵێکی کاریگەرتر لە داڕشتنی سیاسەتە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکانی تورکیادا دەگێڕێ.

لەراستیدا لێرە بەدواوە ئەردۆغان دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ئێجگار سەخت، چونکە ئەو لە گوتاری سیاسیی، لانی کەم لە سێ ساڵی رابردوو، ھەمیشە جەختی کردۆتە سەر ئەوەی کە تورکیا پێویستی بە سەرۆکایەتییەکی بەھێزەو ئەزمونی حکومەتە فرە حزبییەکان ئەزمونێکی خراپ‌و شکستخواردوو بووە، ھەروەک بانگەشەی بۆ ئەوەش کردبوو کە ناوەندێتیی دەسەڵات‌و سەرۆکێکی دەسترۆیشتوو لە چوارچێوەی سیستمی سەرۆکایەتیدا لێی رادەبینرێ چارەسەری ریشەیی بۆ ھەموو کێشەکانی تورکیا بدۆزێتەوە. تا پێش ھەڵبژاردن، ئەمە ھەمووی لە تیۆری بەولاوە ھیچی تر نەبوو. لێرە بەدواوە، دەبێ بەکردەوە ئەوە بسەلمێنرێ کە سیستمی سەرۆکایەتی لەتوانای دایە چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکان بدۆزێتەوەو ئەوەش کە لەمەوبەر وتراوە کە گوایە سیستمی پەرلەمانی تەگەرەیەکی گەورەیە لەبەردەم پێشکەوتن‌و پەرەسەندنی بێ سنور، تەنھا قسە نەبوە، بەڵکو راستی بووەو لەمەودواش بەکردەوە دەسەلمێنرێ.

ھەرچەند ئەستەمە لە ئێستاوە بڕیار لەسەر ئەم مەسەلەیە بدرێ، بەڵام ئەوەش راستییە کە سیستمی سەرۆکایەتی ھەر لەسەرەتاوە کۆدەنگیی لەسەر نەبوەو بەردەوامیش مشتومڕی ناوەتەوە. چارەنوسی ئەم سیستمە لەم ھەلومەرجەی ئێستادا بەندە بە سەرکەوتنی ئەردۆغان لە سەلماندنی باڵادەستیی دینامیکیای سیستمی سەرۆکایەتیدا. بەڵام لەبەر ئەوەی سیستمەکە تازەیەو ھێشتا بنچینەکانی رەگیان دانەکوتاوە، ئایندەی کۆماری دووەم، لانی کەم تا چەند ساڵێک، ھەر بە تەمومژی دەمێنێتەوە، بەتایبەتی لەو گۆشەنیگایەوە کە یەکێ لە شەش کاندیدەکەی سەرۆکایەتی لە گەرمەی بانگەشەی ھەڵبژارندا بەڵێنی دابوو کە ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بێنێ، سیستمی سەرۆکایەتی ھەڵدەوەشێنێتەوەو تورکیا دەگێڕێتەوە بۆ سەر سیستمی پەرلەمانی.
بەھەر حاڵ، تورکیایەکی سەقامگیر‌و دۆستی دراوسێکانی، لە بەرژەوەندیی ناوچەکە دایە. مەسەلەی ئەوەش کە تورکیا کار بە سیستمی پەرلەمانی دەکا یان سەرۆکایەتی، وەک مەسەلەیەکی ناوخۆیی دەمێنێتەوەو ھاووڵاتییانی تورکیا خۆیان بڕیاری لێ دەدەن.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
7/17/2018 2:52:08 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌