وتار
بژاردەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عیراق
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فەرید ئەسەسەرد 

ھێشتا ھیچ کام لە دوو جەمسەرە گەورەکەی عیراق، واتە سەدر-عەبادی ‌و مالیکی-عامری، ھاوپەیمانییەکی گەورەیان پێ دروست نەکراوەو ھێشتا ھەردووکیان لە قۆناغی چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان دان بۆ پێکھێنانی فراکسیونە گەورەکەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران.

گەورەترین کێشەی بەردەم پێکھێنانی فراکسیۆنە گەورەکە ئەوەیە کە جیاوازییەکی کەم لە ژمارەی کورسییدا لەنێوان ھەردوو جەمسەردا ھەیە کە ئەمەش ھەردوولا ناچار دەکا ھەوڵی راکێشانی لیستەکانی تر بەلای خۆیاندا بدەن. بەڵام کێشەی لیستەکانی تر لەوە دایە کە پشتگیری کردنی ھەر کام لەم دوو جەمسەرە دەشێ ببێتە مایەی تێوەگلانیان لە گیروگرفتی گەورە. ئەمەش ھانیان دەدا پەلە نەکەن تا ئەو کاتەی بەرچاویان بە باشی روون دەبێتەوە.

دۆخێکی نزیک لە ھاوسەنگی‌و ترس لە نێوان ھەردوو جەمسەردا ھەیە کە نیگەرانیی ھەردوولا لە ئەگەری پێکدادان بەرەو ھەڵکشان دەبات. ئەمە دەستەواژەکەی «ھاوسەنگیی ترس" دێنێتەوە یاد کە لیستەر پێرسن لە ساڵی ١٩٥٥ دا لە گەرمەی ململانێی نێوان ئەمریکا‌و یەکێتیی سۆڤێتدا بەکاری ھێناوەو بەو جۆرە گوزارشتی کردووە کە» ھاوسەنگیی ترس جێی ھاوسەنگیی ھێزی گرتۆتەوە".

ئەوەی کە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، جیاوازیی تێڕوانینی ئێران‌و ئەمریکایە بۆ مەسەلەی عیراق. عیراق بۆ ھەردوولا گرنگە ‌و ھیچ لایەکیان نایەوێ عیراق بۆ لایەنەکەی تر بەجێ بێڵێ. لەھەمووی خراپتر ئەوەیە کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ھاوکات بوو لەگەڵ خراپترین قۆناغی ململانێی نێوان ئێران ‌و ئەمریکا‌و بەدڵنیاییەوە ئەم ململانێیە رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی عیراق دەبێ.

ھێزی سەدر لە شەقام دایە، لەکاتێکدا ھێزی عامری لە حەشدی شەعبی دایە. ئەمە بەم مانایە دێت کە ھەر حکومەتێک جەمسەری مالیکی- عامری پێکی بھێنێ، روبەروی خۆپیشاندانە ملیۆنییەکانی سەدر دەبێتەوەو وڵات تا ماوەیەکی دورودرێژ لە دۆخێکی ناجۆردا دەژی. ھەر حکومەتێکیش سەدر-عەبادی پێکی بھێنن، دەبێ چاوەڕێی یاخیبونی حەشدی شەعبی‌و پێکدادانی چەکدار بکات. لە ھەردوو سیناریۆدا عیراق سەقامگیریی خۆی لەدەست دەدا‌و دەرفەتێک بۆ سەرھەڵدانەوەی پاشاگەردانی‌و پەیدابونی گروپە چەکدارەکانی داعش دێتە ئاراوە.

ھەردولا دەزانن لایەنەکەی تر لێ ناگەڕێ بە ئاسودەیی حوکمڕانی بکات. ئەمەش خۆی لە خۆیدا رەنگە ببێ بە ھاندەر بۆ کارکردن بۆ گەیشتن بۆ چارەسەرێکی مامناوەنجێ. کەس نازانێ ئەو چارەسەرە مامناوەنجییە چۆن دەبێ، بەڵام دەشێ بگەن بە جۆرە دابەش کردنێکی دەسەڵات کە ھەردوولا تێیدا لەژێر چەتری یەک حکومەتدا کۆ ببنەوەو ھەر یەکێکیان بۆ دوو ساڵ پۆستی سەرۆکی حکومەتی لەلا بێ. ھەروەھا دەشێ ھەردوو جەمسەر لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت رێک بکەون کە سەر بە ھیچ یەکێ لە دوو جەمسەرەکە نەبێ.

ھەرچەند عەبادی‌و سەدر لە جەمسەرێکدا کۆبونەتەوە، بەڵام ھێشتا ئەوە رون نەبۆتەوە کە ئاخۆر سەدر پشتگیریی عەبادی دەکات بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرەک وەزیران یان نا. رەنگە کێشەکە لەوەدا بێ کە عەبادی وەک کاندیدی ئەمریکا ناوی دەرکردووە، لەکاتێکدا سەدر خراپترین پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکادا ھەیە. بەڵام ئێستا عەبادی، بە بەراورد لەگەڵ پێشبینیەکانی پێشتر، چانسێکی کەمتری بۆ بەدەست ھێنانی پۆستی سەرەک وەزیران ھەیە و زۆرتر پێویستیی بە پشتیوانیی سەدر ھەیە.

لەلایەکی ترەوە، زۆر ئەستەمە حکومەتی داھاتوو بەبێ بەشداریی فراکسیۆنی سەدر پێک بھێنرێ. لەراستیشدا بەرژەوەندیی عیراق لەوە دایە کە فراکسیۆنەکەی سەدر لە کابینەی تازەدا بێ، نەک ھەر لەبەر ئەوەی فراکسیۆنی سەدر گەورەترین لیستی براوەی ھەڵبژاردنە، بەڵکو ھەروەھا لەبەر ئەوەی بونی ئەو فراکسیۆنە لە حکومەتدا مەرجێکی سەرەکیی دابین کردنی سەقامگیرییە لەماوەی چوار ساڵی داھاتوودا، بەرەچاوکرنی پێویستی جێبەجێ کردنی ھەندێ لە مەرجەکانی سەدر. بونی نوێنەرانی سەدر لە ناو حکومەت، دەشێ رۆڵی ھەبێ لە ھیۆرکردنەوەی دۆخی نێوان حکومەت‌و شەقامدا.

چاوەڕوان دەکرا عیراق لە چوار ساڵی داھاتوودا بەشێکی زۆری کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی چارەسەر کات، بەڵام ئەمە بەبێ دابین کردنی سەقامگیری نایەتە دی. رەنگە ئەمەش ببێ بە مایەی ھاندانی لایەنە سیاسییەکان بۆ کەمکردنەوەی دووبەرەکییەکانیان بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەقامگیری.
ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
6/4/2018 4:38:05 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌