وتار
سوریای پاش گورزە موشەکییەکە
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
سێ زلھێزی جیھان کە ھەرسێکیان مافی ڤیتۆیان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا ھەیە، پێکەوە ١٠٠ تا ١٢٠ موشەکیان لەدژی دەوڵەتێک بەکار ھێنا کە حەوت ساڵە لە گێژاوی شەڕی ناوخۆدا دەسورێتەوە. ھاووڵاتیانی ئەمریکا‌و بریتانیا‌و فەرەنسا بەم گورزە سوپاییە شادمان نەبون، ئەویش لەبەر ئەوەی گورزەکە ھیچی لە مەسەلەکە نەگۆڕیوەو ھیچ زیانێکی بە رژێمی ئەسەد نەگەیاندووە، بەتایبەتی کە دیمەشق پێش گورزەکە ھەموو فڕۆکەکانی بۆ تەرتوس ‌و حەمیمیم گواستبۆوە.

کاردانەوەکان جیاواز بون. پوتین گورزەکەی بەپێشێل کردنی یاسای نێودەوڵەتی ناساند، لەکاتێکدا ئەردۆغان کە ھاوپەیمانی روسیایە لە سوریا، پشتگیریی کرد. فەرەنسا‌و بریتانیا کە لە گورزەکەدا بەشدار بون، ھیچ لە گورزەکە سودمەند نەبون. وتارەکەی تریزا مای کە پاش گورزەکە خوێندییەوە ھێندەی لە پاکانەکردن دەچوو، ھێندە لە وتاری سەرکەوتن نەدەچوو. ماکرۆنیش لە یەکەم لێدوانی، باسی پێویستیی چارەسەری سیاسی کرد کە ھەمان داوای روسیا‌و سوریایە.

تەنھا دوو کەس لە گورزەکەدا ھەم دۆڕاون ھەم براوە. ئەو دوو کەسەش پوتین‌و ترەمپن. ھەرچەند پوتین لەناو روسیا خۆی بەپاڵەوانێکی نەتەوەیی دەزانێ و وای نیشان دەدا کە روسیا لەسەر دەستی ئەو دەبێتەوە روسیای سەردەمی سەروەری و زلھێزی، بەڵام لەم قەیرانەدا بەقەد ئەوەی کە پێویستە توندوتۆڵ ‌و جەربەزە نەبوو. ترەمپیش لە وتارەکانی کە لە تویتەر بڵاوی کردونەتەوە، وەک کەسێکی شپرزەو دوودڵ و بێ بڕیار دەرکەوت. 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەردووکیان براوەن چونکە ژێر بەژێر سازانێکیان لەگەڵ یەکتریدا کرد، تێیدا ترەمپ وازی لە ھەڕەشەی وێران کردنی بنکەکانی روسیا ھێنا لە سوریا، پوتینیش بەھەمان شێوە وازی لە ھەڕەشەی لێدانی ئوستولی پێنجەم و شەشەمی ئەمریکا ھێنا. ھەروەھا لەسەر ئەوەش رێککەوتن کە لە سوریا بدرێ بەو مەرجەی گورزەکە زیانی کاریگەری پێ نەگەیەنێ. ھەر واش دەرچوو. بەڵام سەرکەوتنی گەورەی ھەردووکیان لەوە دایە کە بەم سازانە ھەڕەشەی ھەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیھانیان دورخستەوە.

بەڵام ئەمە نکوڵی لەوە ناکات کە گورزوەشێنەرەکان بوێرتر دەرکەوتون، روسیاش و لەناو روسیا پوتین وەک دەستەوەستان نیشان دراوە. بۆیە دەشێ لە قۆناغی داھاتوودا پوتین جموجوڵێک بکا کە ئابڕوی تکاوی خۆی پێ بگێڕێتەوە. ئەو جموجوڵەش لە دوو کردەوە بەولاوە ھیچی تر نابێ. یەکێکیان گرتنی ئیدلیبە کە گرنگترین قەڵەمڕەوی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنە ‌و دەرھێنانی لە بن دەستی ئۆپۆزیسیۆن ھیچ بەھایەکی سیاسی بۆ ئۆپۆزیسیۆن ناھێڵێتەوەو بەتەواوی کۆتایی بە مەرجیەعەتی ژنێڤ دەھێنێ. دووەمیان، گواستنەوەی کوردی سوریایە لە سەنگەری ئەمریکاوە بۆ سەنگەری روسیا کە ئەگەر روسیا تێیدا سەرکەوتوو بێ، ئەمرکیا ھیچ ئامرازێکی جێ متمانەی لەناوخۆی سوریا بۆ نامێنێتەوەو ناچار دەبێ دەستبەجێ سوریا بۆ روسەکان بەجێ بێڵێ.

ئەوروپییەکان ھەست بەمە دەکەن. رەنگە ھەر ئەمەش بێ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسای ھاندا بێ پێشنیاری گێڕانەوەی دەستپێشخەری بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بکات و ھەر ئەوەش بێ کە سەرۆکی ئەڵمانیا فرانک ڤالتەر شتاینماری ھاندا بێ پێشنیاری ئەوە بکات کە مۆسکۆ و واشنتن پێکەوە دەسپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا رابگەیەنن.

ئەمە بەم مانایە دێت کە جیھان پاش بەسەلامەتی دەرچون لە قەیرانی گورزەکە، ئامادەترە بۆ پەسندکردنی ھەر دەستپێشخەرییەک بۆ گێڕانەوەی ئاشتی بۆ سوریا، تەنانەت ئەگەر نرخەکەش سەقامگیربونی دەسەڵاتی روسیاش بێ لە ناوچەکەدا.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
4/16/2018 2:31:25 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌