رۆژی مورافەعەی کوبرا

09/02/2024
1536 جار خوێندراوەتەوە

ئارام سەعید

ئەوکات بەندە بەڕێوەبەری نوسینگەی کوردسات بووم لە بەغداد، ئەو رۆژە لە ئەنجومەنی حوکم بووم کە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی حوکم ھەبوو، چوونە ناو کۆشکی کۆماری زۆر قورس بوو چونکە ھێشتا ھەموو شوێنەکان بە دەست ئەمریکاوە بوو کە پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی عیراق بوو، مام جەلال ٨ ستافی ھەبوو کە ھەویەیان بۆ کرابوو لەلایەن CPAەوە کە دەیانتوانی بچنە ناو کۆشکی کۆماریەوە، من یەکێک بووم لەو ھەشت کەسە کە کاری ڕاگەیاندنم دەکرد.

لە ھۆڵی کۆبوونەوە کاک ئازادی وێنەگر کە پێمان دەگووت ئازادی گیتار وێنەگری تایبەتی مام جەلال و سکرتاریەت بوو، ئەو چووە ژوورەوە بۆ وێنەگرتن و ھەم فۆتۆ و ھەم ڤیدیۆشی دەگرت بۆ کوردسات و ڕۆژنامەی ئیتیحاد و کوردستانی نوی و تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان، واتە ھەموو میدیاکانی یەکێتی و زۆرجار میدیاکانی تریش وێنە و ڤیدیۆکانیان بەکاردەھێنا.

لە ڕاڕەوی کۆبوونەوەکە وەستابووم بینیم محەمەد بەحر علوم بە شڵەژاوی ھاتە دەرێ، دواتر د. مەحمود عوسمان کە ھەردووکیان ئەندامی ئەنجومەنی حوکم بوون. بەو پێیەی دکتۆر مەحمود ھەمیشە نێوانی باش بوو لەگەڵ میدیا و منیش دەمناسی لێم پرسی دکتۆر ئەو ھاتوچۆ و شڵەژانە چییە؟ پێی وتم "مام جەلال قەومانی" زۆر بووە مەراقم کە بزانم چییە و ئایا دەکرێتە ھەواڵ یان تێدەپەڕێت.

دواتر بۆ پاش نیوەڕۆ چوومەوە بۆ ماڵی مام جەلال لە یەکێک لە سکرتێرەکانم پرسی بۆ ئەوەی بزانم ئەو کۆبوونەوەیە بکەین بە ھەواڵ وتی بۆ ناچیتە ژورەوە ھەر خۆیەتی مام کەسی لانیە فرسەتە خۆت پێی بڵێ، ئەو بڕیارانە کاک ئازادی وێنەگریش نەیدەتوانی بیدات کە بڵاوبێتەوە یان نا و تەنھا ئەویش دەچووە کۆبوونەوەکانەوە بۆ وێنەگرتن، ئیتر چومە ژورەوە و مام جەلال چاکەتەکەی دابوو بەسەر کورسیەکدا و دانیشتبوو لەسەر کورسیەکی تر کە لە دەوری مێزێکی گەورە بوون و لەسەر ئەو مێزە زۆر ڕۆژ نان دەخورا و میوانەکانی مام جەلال کە دەھاتن لەو شوینە نانیان دەخوارد. 

کوردسات گرنگی زۆری ھەبوو لای مام جەلال و ھەروەھا بەو پێیەی ھێرۆخان سەرپەرشتی دەکرد پشت و پەنایەکی گرنگ بوو بۆ کوردسات.

پاش سڵاو لێم پرسی ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ بکەین بە ھەواڵ؟ مام جەلال ناوی منی نەدەزانی پێی دەگوتم کوردسات، وتی ئا وەرە بنوسە، مام قسەی کرد و منیش دەستم کرد بە نوسین، لە ناوەڕاستدا ھەستمکرد فریا ناکەوم بۆ نوسین و وتم ئەمە مێژووی زۆر تێدایە و دەقیقە ڕەنگە ھەڵەیەک بکەم لەو ژمارانەدا، دیاربوو ئەو ڕۆژە مام جەلال زۆر کامەران بوو کە ئەو شەڕە گەورەیەی کردبوو و بەڵگەکانی خستبووە ڕوو، وتی "باشە، ئەو قەڵەمەم بەرێ" دەستی بۆ چاکەتەکەی ڕاکێشا کە لەناو چاکەتەکەی بوو، وەرەقەکانم خستە بەردەستی و دەستیکرد بە نوسین.

مام جەلال لەو سیاسیانە بوو دەیزانی ئەگەر ھەواڵێک گرنگ بێت دەبێت خۆی بینوسێت کە یەکێکیان لەبەر ئەوەبوو پەیامەکەی وەک خۆی بگات و نەک ڕاگەیاندن دەستکاری بکەن دووەم کە دەستوخەتی خۆی بوایە ئیتر کەس لە ڕاگەیاندن دەستکاری نەدەکرد، لە ڕووی زمانەوانیەوە ورد بوو پاشان خۆی یەکێک بوو لەوانەی بەشداری گەورە بوو لە زمانی ڕاگەیاندنی یەکێتیدا، کە دیارە یەکێتی زمانی نوسینی جیاواز بوو لە حزبەکانی تر. 
مام جەلال کە لەسەر کاغەزێک بینوسیایە ئەگەر لاپەرەکە تەواوبووایە دەچووە دیوی دووەمی لاپەرەکە واتە نەیدەکرد بە پەڕەیەکی تر، جگە لەوەش دەستوخەتی زۆر جوان بوو، بە ئاسانی دەخوێندرایەوە. 

ئەو وەرەقەیەی ئەو ھەواڵەی تیا نوسرابوو من لەلای خۆم بوو پاشان سکانم کرد و کە لە کاک ئازادم پرسی بۆ وێنە و ڤیدیۆکان کە من خەمم بوو ھەواڵەکە تێکستەکەی زۆر درێژە و پێویستە وێنەی ڤیدیۆمان زۆر بێت، ئەوەی باش بوو ھەم فۆتۆی جوانی گرتبوو ھەم ڤیدیۆش لە کاتێکدا ئەو کۆبوونەوەیە شڵەژانێکی زۆری دروستکردبوو ھەم لای سوننە و شیعەکان ھەم لای ئەمریکیەکان.
دواتر کاک ئازاد وێنە و ڤیدیۆکانی بۆ ناردین و فۆتۆکانیش بۆ ڕاگەیاندنەکانی تری یەکێتی نارد، ئێمەش بە ئێس ئێن جی ناردمان بۆ کوردسات لە سلێمانی و ئەو شەوە ھەواڵەکە بڵاوبووەوە.