وتار
ریفراندۆمی یاسایی بەبێ ریفراندۆم نابێ
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
هەندێ لایەن لە هەرێمی كوردستان بەقەد ئەوەی كە سورن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لە نزیكترین دەرفەتدا، كە ئەمە خۆی لە خۆیدا مافێكی دیموكراتییە، سوریشن لەسەر ئەوەی كە هیچ رۆڵێك لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بۆ پەرلەمان نەهێڵدرێتەوە. گومانی تێدا نییە كە ئەم هەڵوێستە، لە فاكتەری سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێ، لەكاتێكدا مەسەلەكە لە ناوەڕۆكدا مەسەلەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو یاساییە، چونكە پرۆسەی ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان شەرعیەت وەرناگرێ‌و زۆر بە ئاسانی تانەی لێ دەدرێ.
ئەم مەسەلەیە زۆرتر پەیوەندیی بە یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014 ی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە هەیە كە لە ماددەی سێیەم دا كۆمیسیۆنی كردۆتە دەستەیەكی پیشەیی سەربەخۆ ‌و بێلایەنی سەر بە پەرلەمانی كوردستان‌و بەرپرسیار لەبەرامبەر پەرلەمان. ئەمە بەم واتایە دێت كە هیچ دامەزراوەیەك لە هەرێمی كوردستان، نە سەرۆكایەتی هەرێم‌و نە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران‌و نە هیچ وەزارەتێك، جگە لە پەرلەمان، دەسەڵاتی ئەوەی نییە فەرمانی ئەنجامدانی ریفراندۆم یان هەڵبژاردن بۆ كۆمیسیۆن دەر بكات. واتە تاكە لایەن، بەپێی یاسا، كە داوا لە كۆمیسیۆن دەكا دەست بە خۆئامادەكردن بۆ رێكخستنی ریفراندۆم بكا، تەنها‌و تەنها پەرلەمانە. ئەمەش لە گۆشەنیگایەكی دیكەوە، بەم واتایە كە پرۆسەی ریفراندۆم لە پەرلەمانەوە دەست پێدەكا. 
رۆڵی پەرلەمان لە بابەتەكەدا زۆر گرنگە. ئەمەش لەوەدا دەردەكەوێ كە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران كە لە 9 ئەندام پێكدێ، لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێن. یاساكە كاتێك دەچێتە سەر دیاری كردنی هۆكانی دەركردنی یاساكە، دامەزراندنی كۆمیسیۆنەكە بە»پێویستییەكی نیشتمانی» دەزانێ‌و سپاردنی ئەم كۆمیسیۆنە بە «دەستەیەكی باڵای بێلایەن‌و سەربەخۆ‌و  پەیوەست بە پەرلەمانی كوردستان» بە گرنگ دادەنێ. 
بەڵام ئەمە سەروبەری مەسەلەكە نییە. ریفراندۆم، هەر ریفراندۆمێك، پێویستی بە یاسایەكی تایبەتە كە تەنها یەك جار سودی لێ وەردەگیرێ‌و تەنها بۆ یەك ریفراندۆم بەكار دێ. ریفراندۆم لە هەڵبژاردن جیاوازە. پەرلەمان یەك یاسا بۆ هەڵبژاردن دەردەكا‌و ئەم یاسایە هەر چوار ساڵ جارێك بەكار دێ‌و لەكاتی پێویستدا هەموار دەكرێتەوە، لەكاتێكدا بۆ هەر ریفراندۆمێك دەبێ یاسایەكی تایبەت هەبێ كە تێیدا بابەتە سەرەكییەكە دیاری دەكرێ‌و دەنگدەر بە «بەڵێ» یان بە «:نەخێر» وەڵامی پرسیارێكی دیاریكراو دەداتەوە. لەبەرئەوەی بابەتی ریفراندۆم لەسەر كراو، لە هەر ریفراندۆمێكدا جیاوازە لە بابەتی ریفراندۆمێكی دی، هیچ یاسایەكی تایبەتی ریفراندۆم بە كەڵكی ریفراندۆمێكی تر نایە‌و دواجار پەرلەمان بۆ هەر ریفراندۆمێك دەبێ یاسایەكی تایبەت دەر بكات.
 لەبەرەنجامی كۆتاییدا ئەگەر پەرلەمان یاسایەكی تایبەت بۆ ریفراندۆم دەر نەكات، ریفراندۆمی ئەنجامدراو وەك پرۆسە‌و بەبێ گوێدانە ئەنجامەكەی، هیچ شەرعیەتێكی نابێ. لەڕاستیشدا پرۆسەیەكی گرنگی وەك ریفراندۆم هەر دەبێ پشت بە یاسایەكی تایبەت ببەستێ‌و بەبێ یاسا پرۆسەكە وەك پرۆسەیەكی یاسایی بەڕێوە ناچێ.
هەوڵی دورخستنەوەی پەرلەمان لە پرۆسەی ریفراندۆم كە هەوڵێكە شایستەی ئەوەیە بەگومانەوە لێی بڕوانرێ، لە ناوەڕۆكدا هەوڵێكە بۆ تەگەرەدان لە هێنانە دیی ئاشتبونەوەی گشتی، ئاشتبونەویەك كە رێ بۆ رێكخستنەوەی ناو ماڵی كورد ‌و  بەهێزكردنی بەكڕیزیی ناوخۆیی خۆش دەكا، ئەمەش یەكاویەك ئەو شتەیە كە هەر گەلێكی هۆگری سەربەخۆیی لە دۆخێكی وادا پێویستی پێیەتی.
پەراوێز خستنی پەرلەمان‌و دورخستنەوەی ریفراندۆم، شەرعیەت بۆ ریفراندۆم ناهێڵێتەوە. ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان وەك دروست كردنی مزگەوتە بە پارەی حەرام.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
4/10/2017 4:04:17 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌