یەکێتی سەری گەورەی گەرەک بوو

25/12/2023
297 جار خوێندراوەتەوە

دەلیل جەمال

دوای ژیانئاوایی مام جەلال یەکێتی پێویستی بەسەرێکی بەھێز و گەورە ھەبووە تا جەستەگەورەکەی ڕاگرێت، سەرێک کە توانای باڵانس و کارلێکی ڕۆحی ھەبێت لەگەڵ جەستە و تەواوی خانەوشانەکانیدا، سەرێک کە قودرەتی ئاراستەکردن و کۆکەرەوەی بیر و جوڵەکانی تەواوی خانەکانی جەستەی بێت، ئێستا کەیەکێتی سەرکردە و ڕابەرێکی ھەیە، بڕیار و کۆدەنگی و سیاسەتی ڕوونی ھەیە.

ئێستا کە یەکێتی ئەم سەرەی ھەیە خۆی کۆک و کۆکراوەیە، دەتوانێت بەڕوونی سیاسەت بکات و پێگەو سەنگی خۆی بپارێزێت، خاڵێکی دیکەی یەکێتی کە ڕوونە، ئەویش نەخەوتن لەسەر مێژوو ڕابردووی خۆی بەڵکوو ھەوڵدەدات بەئاراستەی نوێ و سیاسەتی دیفاکتۆی ئەمڕۆ ھەنگاو بنێت، ئەمەش وایکردووە لەنێوان گووتاری نەتەوەیی و گووتاری مۆدێرن و سەردەمی باڵانس ڕاگرێت، بەجۆرێک کە خاوەندارییەتی گووتاری نەتەوەیش بۆخۆی مسۆگەرکردووە، لەھەڵبژاردنی ٢٠٢٣/١٢/١٨ ی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕوونی دەرکەوت. 

خاڵێکی دیکە یەکێتی تەواوی وتاری پۆپۆلستی پوچەڵکردەوە و توانیشی لەناو گێژنگی پەرتەوازەیی ماڵی کورد، سیاسەتی خۆی بکات و گرەویش بباتەوە و بەجۆرێکی تر کورد بباتەوە سەر ھەرەمی ھاوکێشەی سەرکەوتنەکان، لە کەرکوک و ناوچەکانی تر، یەکێتی پەیامی ئەوەیدا کە شەڕی کوردبوون و خاک میراتی خۆیەتی و دەبێت ژیرانە و حەکیمانە ئەنجامبدرێت. گرفتی ڕابردووی یەکێتی نەبوونی سەرێکی بەھێز و کارێگەر بووە، ئێستا کەخاوەنی ڕابەر و سەرۆکە، بێگومان خاوەنی سەراو جوگرافیای گەورەی سیاسییە، ھەڵبژاردنی ئەم جارە بۆیەکێتی دوو ڕەھەندی ھەیە، یەکەم ڕەھەندی نیشتمانی دووەم ڕەھەندی باڵانسی ھێز و خاوەندارییەتی، لەئێستادا ڕابەرایەتی گووتاری نەتەوەیی بەفعلی لای یەکێتییەو دەبێت لەئاست ئەو خاوەندارییەتیەدا بێت. شەڕی خاک و خەڵک یەکێتی دەبێت بیکات، باری لاری سیاسەت و ئابووری و ھتد ڕاست بکاتەوە لەناوەچەکە.

یەکێتی کەتوانی لەبەرژەوەندی چاکەی گشتی ھەنگاوبنێت، ڕای گشتیش وەڵامی دایەوە ئەمڕۆ بەرھەمی ئەو ھەنگاو و سیاسەتەیە کە لەماوەیەکی کەمدا سەرۆک و یەکێتی ھەڵیانگرتوون. پێشموایە کاتی ئەوەیە ھەموان بەدەوری گوتار و سیاسەتی یەکێتیدا کۆببنەوە، بەتایبەتی ئەو ھێز وگروپانەی عەوداڵی ھاوسەنگی ھێز و یەکڕیزی کوردن. دوای ئەو ھەموو ململانێ و ترازانە یەکێتی دەتوانێت کۆکەرەوەی ھەموانبێت. لەئایندەیەکی نزیکدا بەشی دووەمی پانۆرامای ڕووداوەکان دەبینین و کورد دەتوانێت یاریکەرێکی بەھێزبێت و یەکێتیش ئەو ھێزە دەبێت کە ھاوکێشەکان بۆ مەسڵەحەتی کورد بگۆڕێت. 
کات و ڕۆژەکانی ئەم دواییەی یەکێتی و ھەنگاو و بڕیار و سیاسەتەکەی ئەوەی پێوتین یەکێتی ھەمیشە ھێزی کاریگەربووە، وەلێ نەبوونی سەرێکی بەھێز و بڕیاردەر گرفتی گەورەی بۆ دروستکردووە ئێستا کە سەرۆکی بڕیار و سیاسەت و ژیری ھەیە یەکێتیش ھێزی ھاوکێشە گەورەکان و براوەی چۆنایەتییە لەناوچەکە...