عەقیبەتی ئەم ناتەباییە خێربێت

12/09/2023
2153 جار خوێندراوەتەوە

رێبین عومەر

گەورەترین ئاواتی میللی گەلەکەمان تەبایی و یەکێتیی ناوخۆییە کە بۆتە خەونی شاعیرانە تەنھا لە دێرەکاندا باس دەکرێت؛ یان وەک سلۆگان ماوەتەوەو لە بواری کرداریدا بێ ووزەیە و ئیشی پێناکرێت. دۆخی ھەرێمی کوردستان، دوای سەدەیەک لە دابەشکاری لەبەردەم غەرەندێکی گەورە ھەنگاو دەنێت.

ئاڵەنگاری گەورە ئێخەی ئەم ھەرێمەی گرتووە؛ بە ھۆکاری ناتەبایی زیاتر بوار بۆ دوژمنانی میللەتەکەمان دروستبووە کە ھێدی.. ھێدی بەڕەکە لەژێر پێی ئەم ئەزموونە خۆبەرێوبەرییەدا دەربکەن.

لەئاستی ھەرێمی کورد ھەرمەترسییە لەسەر پێگەو سەنگی وڵاتانی ناوچە؛ تا ئەم سەردەمەش دۆستەکانی کورد دۆستی رۆژن و کاتین؛ وەک ئەو کابرایە دێنە بەرچاو کە گەرەنتی پەرینەوەت لەرووبار پێدەداو لە ناوەراستی رێ چاوی بۆ خنکانت حازرە؛ وڵاتانی ناوچە چاوەرێی پەرینەوە نین و دەیانەوێ کورد و ئەزموونەکەی جگەلە لاوازی نەمێنێت!

لەگەڵ دۆخ و رۆژگاری بەرژەوەندی مامەڵە ئەکەن. بەشی زۆر نەگبەتی و بەڵای سەر سەرمان دردۆنگی، سپڵەیی و ناتەبایی ناوخۆییە کە لەمێژەوە بۆتە عورفی ناوخۆییان تەنانەت دوژمنەکانمان بە ناتەبا باسمان دەکەن.

 دۆخی ناوخۆیی جگەلە درز، شەبەقی تێکەوتووە. لەئێستادا جگەلەوەی تەنگەژەی ئابوری ئێخەی ئەم ئەزموونەی گرتووەو بارگرانی بۆ ژیانی خەڵکی دروستکردووە؛ بەڵام ئاراستەکردنی ھەڵە لە سیاسەتی ئابوری و حکومرانی و تاک رەویی و دەستگۆرینی سیاسی؛ کارێکی کردووە کە مەترسی جدی لەسەر ئەم ئەزموونە دروستبێت. ئەگەر ھەروا بروات و کێشەکان لە بنەچەوە چارەنەکرێن ئەوا بێشک دەردی دوو فاقی کێشەکانی ھەریم و ناوەند دەباتە قۆناغێکی مەترسیدارو ئیرادەی فەرزکردن بەسەر چارەنوسدا زاڵدەبێت.