وتار
بەرەو دابینکردنی پێداویستییەکانی ریفراندۆمێکی تەواو سەرکەوتوو
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
لە ٧ی حوزەیرانی رابردوو کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە پیرمام ھەنگاوێکی گرنگی ھەڵھێنا، ئەویش دیاریکردنی کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییە لە ٢٥ی ئەیلولی داھاتوو، لەپاڵ ئەم ھەنگاوە گرنگەدا، لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە گیرسانەوە کە بەردەوام بن لەسەر ھەوڵەکانیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ھەروەھا بڕیارێکی گرنگیشیاندا، ئەویش درێژکردنەوەی جوگرافیای ڕیفراندۆمە، بە جۆرێک کە ناوچە جیناکۆکەکانیش بگرێتەوە، بەم پێیە ڕیفراندۆم سەرتاسەری کوردستان دەگرێتەوە، لە زاخۆوە تا خوار خانەقین، بە شنگال و مەخمور و کەرکوک و دوزخورماتوو و جەلەولاوە، بڕیارەکە مانگێکی تەواو نەکرد، جۆرێک پاشەکشە دەستی پێکرد. 
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان، ھێشتا مەسەلەکە لە شوێنی خۆی چەقیوە، پێشنیارەکانی کاراکردنەوە ھێشتا رەنگدانەوەی کردارەکییان نییەو کۆدەنگیشیان لەسەر دروست نەبووە. بەردەوامبوون لەسەر دیاردەی بە کەسایەتیکردنی کاراکردنەوەکە "personalization"، وەک کۆسپێکی گەورە ماوەتەوەو تا واز لەم دیاردە زیانبەخشە نەھێندرێت، ئەستەمە تەنگژەکە کرانەوە بەخۆیەوە ببینێ. 
کاراکردنەوەی پەرلەمان بە کۆدەنگیی پێنج لایەنە سەرەکییەکە، دوو قازانجی گرنگی ھەیە. 

یەکەمیان، دابینکردنی چەترێکی یاساییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە چوارچێوەی یاسا پەیڕەوکراوەکانی ھەرێم و دووەمیان، دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و کۆدەنگیی گەلە، کە بۆ پرسێکی نیشتمانیی وەک پرسی سەربەخۆیی، مەرجێکی گرنگ‌و پێویستە. 
مەسەلەکان لێک جیا ناکرێنەوە و ھەموویان بەیەکترییەوە بەستراونەتەوە، ڕیفراندۆم بە بێ پەرلەمان ھیچ چەترێکی یاسایی نابێت، پەرلەمانیش بەبێ ئاشتبوونەوەی گشتی و دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی، کارا ناکرێتەوە، ھەروەک یەکڕیزیی نیشتمانیش لەم قۆناغەدا پێویستی بە کۆدەنگییە لەسەر کۆی مەسەلەکان، بەم پێیە، ھاوکێشەکە بەم جۆرەیە، کە کارا کردنەوەی پەرلەمان بە پێی رێکاری یاسایی‌و لە چوارچێوەی دابینکردنی یەکڕیزیی نیشتمانیدا، یەکسانە بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی سەرکەوتوو. ئەمەش بەم واتایە دێت کە کورتترین رێگا بەرەو ڕیفراندۆم لە کارا کردنەوەی پەرلەمانەوە دەست پێ دەکا‌و بە دابینکردنی یەکڕیزیی نیشتمانیدا تێدەپەڕێ. مەسەلەیەکی تر کە خەریکە نیگەرانیی لێدەکەوێتەوە، ھەوڵی ھەندێ لایەنە بۆ دابەشکردنی ڕیفراندۆم بەسەر دوو قۆناغدا، لە قۆناغی یەکەمدا ڕیفراندۆم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم ئەنجامبدرێ و لە قۆناغی دووەمدا ناوچەکانی تر بگرێتەوە، دیارە ئەمەش لەگەڵ بڕیارەکەی کۆبوونەوەی ٧ی حوزەیراندا ناگونجێت، چونکە کۆبوونەوەکە بڕیاریداوە ڕیفراندۆم ھەموو کوردستان بگرێتەوەو بەھیچ شێوەیەک ئاماژەی بۆ دوو قۆناغ نەکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا ٢٥ی ئەیلول وەک رۆژی ڕیفراندۆم لەسەرتاسەری کوردستان دیاری کراوە، نەک لە بەشێکی کوردستان. دابەشکردنی ڕیفراندۆم بەسەر دوو قۆناغدا بیرۆکەیەکە لە کۆبوونەوەکەی پیرمام بڕیاری لێ نەدراوە. ئەگەر لە پیرمام بڕیار لەسەر دوو قۆناغ بدرایە، دەبووایە بۆ ھەر قۆناغێک رۆژێک دیاری بکرایە، لە کاتێکدا بڕیارەکە باس لە یەک رۆژ دەکات نەک دوو. 
مەترسیی ئەم بیرۆکەیە لەوەدایە کە ڕیفراندۆمی یەکەم، واتە ڕیفراندۆم لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم، بە کردەوە کێشەیەکی زۆری لەبەردەمدا نییە، بە تایبەتی پاش کاراکردنەوەی پەرلەمان، لە کاتێکدا ڕیفراندۆمی دووەم، لە دەرەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم، سەرباری ئەوەی کە نە جوگرافیاکەی بە ڕوونی دیاری کراوەو نە کاتی ئەنجامدانی، ئەگەر لە یەک کاتدا لەگەڵ ڕیفراندۆمی یەکەم ئەنجام نەدرێ، رەنگە چانسی ئەوەی نەبێ دواتر ئەنجام بدرێ، ئەگەر بەغدا بە کردەوە نەتوانێ ڕیفراندۆمی یەکەم پەک بخا، دەتوانێ ڕیفراندۆمی دووەم پەک بخا. 
تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە کە بەغدا پاش ڕیفراندۆم رازی دەبێ وتووێژ لەسەر مەرجەکانی جیابوونەوە، لەگەڵ ھەولێر بکا، ئەمەش ئەو ئەگەرە بەھێز دەکا کە بەغدا پاش ریفراندۆمی یەکەم وتووێژ لەگەڵ ھەولێر ناکا‌و بە کردەوەش رێ نادا ڕیفراندۆمی دووەم ساز بکرێ. ئەمەش کورد لە نێوان ڕیفراندۆمی یەکەم و ڕیفراندۆمی دووەمدا لە دۆخێکی تێوەگلاودا بە قەتیسی دەھێڵێتەوە. 
بەکراوەیی ھێشتنەوەی کاتی سازکردنی ڕیفراندۆمی ناوچە جێناکۆکەکان رەنگدانەوەی خراپی لەسەر چارەنووسیان بەجێ دیڵێ و رەنگە بشبێتە مایەی لەدەستدانی پانتاییەکی فراوانی زەوی. کێشەکە لەوەدایە کە لە ھەموو ئەزمونەکانی جیابوونەوەدا، لەوانە ئەزموونی باشووری سودان کە دوایین ئەزموونی جیھانە لەم بارەیەوە، ڕیفراندۆم، نەک وتووێژ لەگەڵ ناوەند، دوایین ھەنگاوی جیابوونەوەیە، کەچی مەسەلەکە لە ھەرێم لنگاوقووچ کراوەو وتووێژ لەگەڵ ناوەند، نەک ڕیفراندۆم، کراوەتە دوایین ھەنگاوی جیابوونەوە، لە کاتێکدا زانستی سیاسەت بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی گەرەنتیی سەرکەوتنی وتووێژ ناکات. 
وەک ئاماژەکان نیشانی دەدەن، دەستەبژێری سیاسیی فەرمانڕەوای کوردستان لە شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، لە تێڕوانیندا ناڕۆشنی‌و لە ھەڵسوکەوتدا جۆرێک سەرلێشێواوی بەسەریدا زاڵە، سەرباری پەی نەبردن بە ڕاستیی ڕەوشەکە، ئەمەش خراپترین لایەنی مەسەلەکەیەو دەشێ گرفتی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
7/20/2017 10:41:56 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد‌