وتار
ئاگرە گەورەکە
لەشکر حەمە ساڵح
لە دوای ھاتنی داعشەوە، شنگال بۆتە گرێیەکی سیاسی و ستراتیجی گەورە لە سەر ئاستی کوردستان و تەواوی ناوچەکە، بە ھاتنی حەشدی شەعبی و پەیوەندیکردنی ژمارەیەک کوردی ئێزدی بەو ھێزانەوە، ئەوەندەی تر شنگال رووی لە ئاڵۆزی و گرژییە.
لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە، شنگال بەشێکی گرنگی کوردستانە. بە ھۆی ھەڵکەوتەی پێگەکەیەوە، گرنگییەکی ستراتیجی و سەربازی ھەیە و بە پردی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستان دادەنرێت، ھەروەک بەرەی پێشەوەی خاکی کوردستانە لە بەردەم ناوچەیەکی فراوان و قووڵی عەرەبی سوننە لە ھەردوو دیوی عیراق و سوریادا.
ئەو کاتەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ھێزی پەیدا کرد و موسڵ و ناوچەیەکی فراوانی عیراق و سوریای داگیرکرد و سنووری نێوان ئەو دوو دەوڵەتەی سڕییەوە، شنگال بووە ئامانجی داھاتووی داعش. سەرەڕای ھۆشداری و نیگەرانییەکان لە نزیکبوونەوەی داعش لە کوردستان، بەڵام گرنگی ئەوتۆ بۆ ھۆشداری و نیگەرانیانە نەدرا، تا ئەو کاتەی چەکدارانی داعش لە ٣-٨-٢٠١٤ دا بەرەو ئەو شارە بەڕێکەوتن و ئەوەشی بووە مایەی شۆک و نیگەرانی و داخی گەورە، پاشەکشەی خێرای لایەنی دەسەڵاتداری کورد بوو لەو ناوچانە، بە بێ بەرگری و شەڕکردن لەگەڵ داعش، بێگومان ئەو پاشەکشەیەی کوردیش، ھەزاران ھاووڵاتی کوردیی ئێزدیی کردە قوربان و سەدان کچ و ژنی ئەو پێکھاتە ئاینییەی کورد کەوتنە دەست داعش.
ئێستا کاتی ئەوە نییە برینەکان بکولێنینەوە و کاتی ئەوەش نییە ھەوڵ بدەین یان ئومێد بخوازین دۆخی شنگال بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش ھاتنی داعش، بەڵام بێگومان کاتی ئەوەیە باسی برینەکان بکەینەوە بۆ ئەوەی ھۆشیار تر و ورد تر لە دۆخی داھاتووی ناوچەکە بڕوانین و برینەکان رێگایەک بۆ خۆ ساڕێژکردن بدۆزنەوە. برینی ٣-٨-٢٠١٤ ببێتە پەندێکی مێژوویی گرنگ و رێگە نەدەین دووبارە ببێتەوە.
ئەگەر لەگەڵ ھاتنی داعشدا ھەڵە کرابێت و بە باشی مامەڵە نەکرابێت تا ئەو کارەساتە کەوتەوە، کە کەوتەوە، ئیتر کاتی ئەوەیە ھەڵەکە راست بکەینەوە. بەڵام بە گوێرەی ئەو پێدراو و پێشھاتانەی لە ناوچەکەدا ھەستیان پێدەکرێت پێناچێت دۆخی شنگال رووی لە باشی بێت.
ئەگەر کورد، یان راستتر لایەنێکی سیاسی، کە تا پێش ٣-٨-٢٠١٤ دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە بووە، بیەوێت ئەوەندەی تر برینی بەسوێی ئەو ناوچەیە قووڵ نەبێتەوە، پێویستە بە دوای چارەسەرێکی گونجاودا بگەڕێت و خۆشی لەو گرێیە دەرباز بکات کە ناوچەکە بە موڵکی خۆی بزانێت، بۆ بەدیھێنانی ئەو خەونەش لە کەڵکەڵەی ئەوەدا بێت حساباتی ھەرێمایەتی، بە تایبەتی ھەستیاریی تورکیا بەرامبەر یەپەگە و یەبەشە تێکەڵی بابەتەکە بکات، چونکە وەک پێدەچێت، ھاتنی حەشدی شەعبی و جێگیربوونیان لە بەعاج و قەحتانییە و کۆجۆ و ھێڵی سنووریی سوریا و عیراق دۆخەکە لە رەگەوە بگۆڕێت.
کاتێک دەوترێت حەشدی شەعبی رێکەوتنی ھەرێم و ئەمریکا و بەغدای پێشێل کردووە و لە شنگال نزیک بۆتەوە قسەیەکی سیاسی بێدەسەڵاتانەی بێباکانەیە. چونکە ئەوەی ئەو بۆشایی و ئەو دۆخەی دروستکردووە کە حەشدی شەعبی و پێشتر چەکدارانی داعش بیقۆزنەوە، خۆمانین. مامەڵەکردن و بیرکردنەوەی خۆمانە، تێڕوانینی خۆمانە بۆ خاوەنداریی ناوچەکان.
بە ھەر حاڵ، ئێستا دۆخێکی تازە و تایبەت لە شنگال و دەوروبەری ھاتۆتە کایەوە. بۆیە پێویستە ئێمەش بیرکردنەوە و پلانی تازەمان ھەبێت. لانی کەم دەبێت واز لەو کینەیەی نێوان براکان بھێنین کە تورکیا و حەشدی شەعبی و داعش سوودی لێدەبینن. ناکرێت پێمان وابێت ئاساییە لەگەڵ تورکیا رێکبکەوین یان لەگەڵ حەشدی شەعبی خۆڕاگرین، بۆچی ناتوانین لەگەڵ یەبەشە و یەپەگە و یەکتریدا رێکبکەوین؟
ئەو ئاماژانەی لە شنگالەوە دەستیان بە دەرکەوتن کردووە ئاماژەی مژدەبەخش نین، چونکە ھاتنی نفوزی ئێرانی یان تورکی یان عیراقی بۆ ناوچەیەکی کوردستانیی وەک شنگال، بەر لەوەی ببێتە مایەی ھێوربوونەوەی ناوچەکە و کردنی بە دۆسێیەکی ھەرێمایەتی، نیشانەی ئەوەیە کە ئەگەری لە دەستدانی شنگال بۆ کورد لە جاران نزیکترە.
کە دۆخی تایبەتی شنگال بە دۆخی گشتی کوردستان و ناوچەکەوە دەبەستینەوە شتی زۆر دژ بە یەک و پێچەوانە ھەست پێدەکەین. بۆ نموونە، لەو کاتەی لایەنەکانی کوردستان تەماشای ئەوە دەکەن کە لە شنگال و کۆجۆ روودەدات، دەمیان لە جاران گەرمتر دەبێت بۆ باسکردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان. بێگومان ئەوەش شتێکی باشە بۆ ئەوەی روونتر تێبگەین ھیچ پلانێکمان نییە بۆ سوود وەرگرتن لەو دەرفەتەی لە ناوچەکە و جیھاندا ھاتۆتە ئاراوە بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووسی خۆمان، ھەر وەک چۆن ھیچ پلانێکمان نییە بۆ شنگال، ھەم بۆ ئەوەی ئایندە و چارەنووسی یەکلایی بکەینەوە و ھەڕەشەکانی لێدوور بخەینەوە، ھەمیش بۆ ئەوەی زامی ٣-٨-٢٠١٤ بەرەو ساڕێژکردن بەرین.
جا ئەگەر رای ئێمەت دەوێت، لایەنێکی سیاسی کە تا ھاتنی داعش دەسەڵاتداری ناوچەکە بوو و بە بێ تەقە رادەستی چەکدارانی دەوڵەتی خەلافەی کرد، رەنگە پێی خۆش بێت دۆخی شنگال بەرەو خراپتر بچێت، دەیەوێت وامان تێبگەیەنێت، ئەگەر شنگال بۆ من نەبێت ئەوا بۆ ھیچ کوردێک نابێت.. بۆ حەشدی شەعبی بێت باشترە وەک لە یەبەشە کە زۆرینەی شەڕڤانەکانی خەڵکی رەسەنی ناوچەکەن.

ئەم وتارە دەربڕی ڕاوبۆچونی نوسەر خۆیەتی و کوردسات نیوز لێی بەرپرس نیە
6/7/2017 9:27:38 PM
‌‌ بابەتەکانی تری نوسەر ...