جەژن و گەشتوگوزاری ھەرێم

22/07/2021
2699 جار خوێندراوەتەوە

ســـــەرکۆ یونس

لە پشووی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، سەرەڕای بانگەوازەکانی لایەنی تەندروستی عێراق و ھەرێم و مەترسی زیاتر بڵاوبونەوەی جیلی گۆڕاوی کورۆناڤایرۆس وبەرزبونەوەی ڕێژەی مردن وتوشبووان، بەدەیان وسەدان گەشتیاری ناوخۆیی و شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، ڕوویان لەناوچەگەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە.

گەشتوگوزاری ئەم جەژنە، جیاواز لەبۆنەکانی تر، لە بارودۆخێکی جیاوازدایە، لەلایەک بەھۆی بەرزبونەوەی لە ڕادەبەدەری پلەکانی گەرما و گۆڕانکاری لە کەشوھەوا و وشکەساڵی.

لەلایەکی ترەوە بڵاوبونەوەی زیاتری کورۆناڤایرۆس و کێشە وقەیرانە سیاسی و ئابورییەکان، ھێشتا ئەم کەرتە ئومێد بەخشە و لە ھەستانەوەدایە.

خۆشبەختانە، بەشی زۆری جۆرەکانی گەشتوگوزار لە ھەرێمدا بوونی ھەیە، گەشتوگوزاری ژینگەیی، یەکێکە لە نیعمەتەکان، لەسەرووی ھەموو جۆرەکانی ترەوەیە.

بەپێ ی بڵاوکراوە ناڕەسمییەکان، چاوەڕوان دەکرێت سەرەڕای ئاستەنگەکان، ڕێژەیەکی زۆری گەشتیاران بە گشتی و گەشتیارانی عەرەبی عێراقی، سەردانی شوێن و جێگا و و سەیرانگاکانی ھەرێمی کوردستان بکەن، وا چاوەڕوان دەکرێت نزیکەی ٢٠٠ ھەزار گەشتیار بن.

یەکێک لە دەرئەنجامە باشەکانی کەرتی گەشتوگوزار، یٔەوەیە کەپارەی خەرجکراوی گەشتیاران، ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی خاوەن شوێن و سەیرانگاو چێشتخانەو میوانخانەو یٔۆتیل و مۆتێلەکان، حکومەت دەستکەوتێکی یٔەوتۆی نابێت.

تاڕادەیەک بەھۆی قەیرانی دارایی و لێبڕین و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێم، ھەروەھا بەھۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کورۆنا بەشێکی زۆری دانیشتوانی ھەرێم، بە بەراورد بە دانیشتوانی شارەکانی تری عێراق، کەمتر گەشت دەکەن و لەماڵەوە دەمێننەوە.

بەڵام بە سەیرکردنی ناوچەگەشتیارییەکانی کوردستان، دەردەکەوێت ڕێژەی ٩٠%ی گەشتیاران لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە ھاتوون، وادیارە گوێ بە لایەنی تەندروستی و خۆپارێزی نادەن، وەک بڵێ کورۆناڤایرۆس بوونی نی یە! 

زۆر گرنگە، لەم بارودۆخە قورسەی ژیانی خەڵک و قەیرانی دارایی، حکومەتی ھەرێم بە گرنگییەوە لەم کەرتە  ستراتیژییە بنواڕێت و بە پلان و بەرنامەی تۆکمە و کەسانی پسپۆڕ برەوی زیاتری پێ بدات، بۆئەوەی ھیچ نەبێت ئەم دەرفەتە وەک ڕێگاچارەی ھەندێ کێشە و قەیرانی وەک بێ بازاڕی و بێکاری و لاوازبونی ئابوری وکەمی داھات دابنرێت.

وا پێویست دەکات، بەچاوێکی ئابورییانە تەماشای گەشتیاران بکرێت، کلتوری ڕێز و بەخێرھاتنی گەرمیان لێ بکرێت، چونکە گەشتیارانی عەرەب، خاوەنی پارەن و لە شاروشارۆچکەکانی ھەرێمدا خەرجی دەکەن و گیرفانی دەیان خاوەنکارو خاوەن باخ و دواتر گیرفانی خێزانەکان پڕدەکەنەوە وباری سەرشانی دارایی حکومەت سووک دەکەن.

بەھۆی کۆرۆناڤایرۆسەوە زۆرێک لە دەروازەکانی ئێران و تورکیا بە داخراوی ماونەتەوە، ئەوەی لەئێستادا بەردەستن، گەشتیارانی عەرەبی عێراقین، کە بەھۆی گەرمای پرۆکێنی ناوچەکانیان بەناچاری گەشت دەکەن بۆ ھاوینەھەوار و شوێنەگەشتیارییەکانی ھەرێم.

ئومێدەوارین، کلتوری ڕق و کینە بەرامبەر گەشتیاران بە گشتی و گەشتیارانی عەرەب نەمێنێت، ھەموو ئاسانکارییەک بکرێت لە گواستنەوە و بەڕێکردنیان بەتایبەتی لەبازگەکان بۆئەوەی بە کەمترین کات بگەنە شوێن و جێگای خوازراوی خۆیان.

لەھەمانکاتدا، دەستەی گەشتوگوزارو بەڕێوەبەرایەتی و کادرانی گەشتوگوزاری ھەرێم، بە بەردەوامی کار بکەن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاری زیاتر، حکومەتی ھەرێم، ھەوڵی وەبەرھێنان بدات و ھاوکاری کەرتی تایبەت ببێت بۆ ھەستانەوەی ئەم کەرتە گرنگ و پڕ بایەخە.