مۆدێرنیزاسیۆنی چینی: ڕێگای گەشەپێدانی

04/05/2023
890 جار خوێندراوەتەوە

لیو ژێنیۆنگ

کونسوڵی گشتی کۆماری چینی میللی بە وەکالەت لە هەولێر

"خۆشویستنی یەکتر و سوودگەیاندن بە یەکتر"

لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوودا، سکرتێری گشتی شی جینپینگ، لە ڕاپۆرتەکەیدا بۆ بیستەمین کۆنگرەی نیشتمانیی پارتی كۆمۆنیستی چین، ئاماژەی بە پێشخستنی گەنجکردنەوەی نەتەوەی چین لە هەموو بەرەکاندا لە ڕێگای ڕێبازی چینی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن كرد، کەوا نەخشەیەکی باشی بۆ گەشەپێدانی داهاتووی چین داڕشت.
 بەدیهێنانی مۆدێرنیزاسیۆن ڕەوتێکی حەتمییە لە گەشەسەندنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا، و خواستی هاوبەشی وڵاتانی تازە گەشەسەندووەكانە، هەروەها هەوڵی بەردەوامی پارتی کۆمۆنیستی چین و گەلی چینە. مێژوو لە هەموو کاتێکدا و لە هەموو جیهاندا پێمان دەڵێت کە هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا ناتوانێت ڕێبازی ئەوانەی تر بۆ بەدیهێنانی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی خۆی بگرێتەبەر، هەروەها تەنها یەک نموونەی مۆدێرنیزاسیۆن یاخود " یەك قەبارە" نییە كە لەگەڵ هەموو پێوانەكانی مۆدێرنیزاسیۆندا بگونجێت.
لە خەباتی سەختی مۆدێرنیزاسیۆندا، چین تەنها دوو موعجیزەی گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی درێژخایەنی دروستنەكرد، کە بە دەگمەن لە جیهاندا دەبینرێن، بەڵکو بە سەرکەوتوویی دەستی بە ڕێگای چینی بۆ مۆدێرنیزاسیۆن كرد، و شكاندنی ئەو ئەفسانەیەی کەوا دەڵێت مۆدێرنیزاسیۆن ڕۆژئاواییکردنە، هەروەها شێوەیەكی نوێی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی دروستكرد و سەرچاوەیەکی گرنگی ئیلهامبەخشی بۆ جیهان دابینكرد. 
هەر وەک ڕاوێژكاری دەوڵەت و وەزیری دەرەوە چین، جین گانگ ئاماژەی پێکردووە، مۆدێرنیزاسیۆنی چینی لە ڕێگای جەنگ، داگیركردن، و تاڵانکردن بەدی نایەت. بەڵكو تایبەتە بە ئاشتی، گەشەپێدان، هەماهەنگی و سوودی یەکتر. پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنی چینی، پەرەپێدانێکە بۆ هێزی ئاشتی و دادپەروەری و پێشکەوتن لە جیهاندا. وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو لە جیهاندا، هەوڵی چین بۆ مۆدێرنیزاسیۆن بۆ نمایشی یەک گوڵ نییە، و بۆ بەرژەوەندی خودی نییە، یاخود بۆ ئەوەی وەک وانەبێژێکی خۆبەزلزان مامەڵە بکات بۆ حوکمدان لەسەر ڕێڕەو و مۆدێلەکانی گەشەسەندنی وڵاتانی تر، بەڵکو بۆ گەشەپێدانی چینە، کە لە ڕێگەیەوە وزەی ئەرێنی زیاتر بۆ ئاشتی جیهانی و دەرفەتی نوێ بۆ گەشەسەندنی جیهانی زیاد دەکات. 
جیهان گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت کە لە ماوەی سەدەیەکدا نەبینراوە. مۆدێرنیزاسیۆنی چینی دڵنیایی زیاتری بە ئاشتی و سەقامگیری جیهانی داوە. چین تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە لە دەستوورەکەیدا "پابەندبوونی بە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە" جێگیر كردووە. هەروەها چین ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە زۆرترین بەشداری لە هێزەكانی ئاشتیپارێز كردووە، و تاکە وڵاتە لە نێوان پێنج وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی کە سیاسەتی ‘سەرەتا بەکارنەهێنانی’ چەکی ئەتۆمی پەیڕەو کردووە. سەرۆک شی جینپینگ دەستپێشخەری گرنگی ئاسایشی جیهانی (GSI)ی خستەڕوو، ئاماژەی بە ئاڕاستەیەكی دروست کرد بۆ جیهان بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی هاوبەش و ئاسایشی جیهانی؛ هەڵوێستێکی بابەتیانە و دادپەروەرانەی گرتەبەر، و چالاکانە کاری بۆ پێشخستنی دانوستانەکانی ئاشتی كرد، بە مەبەستی ساردکردنەوەی دۆخی قەیرانی ئۆکرانیا؛ پەرەی بە گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعودیە و ئێران دا، کە ‘شەپۆلی ئاشتەوایی’ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستپێکرد. لە بەرامبەر دۆخی شڵەژاوی جیهانی و دووبارە سەرهەڵدانی كێشەكان، چین بە بێدەنگی دانانیشێت و ئاگرەكە خۆش ناكات، و دۆخەکە بۆ بەرژیوەندی خودی بەكارناهێنێت، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی بەشداری گەورە بۆ پەروەردەکردنی جۆرێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەیەکی خاوەن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی.
ئەمساڵ هاوكاتە لەگەڵ ٦٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی چین و عێراق. دۆستایەتی نەریتی نێوان گەلی چین و گەلی عێراق بە گەلی هەرێمی كوردستانی عێراقەوە زۆر قووڵە، هەروەها ئاڵوگۆڕەکانی نێوان هەردوولا مێژوویەکی زۆر دوور و درێژی هەیە. شارستانیەتی کۆنی چینی و شارستانیەتی میزۆپۆتامیا لەسەر ڕێگای ئاوریشمی کۆن  یەکتریان ناسیووە و درەوشاوەیی و جوانییان بۆ یەکتر زیاد کردووە، چەندین چیرۆکی ئاڵوگۆڕی دۆستانە لە نێوان هەردوولادا هەیە کە لە بەڵگەنامە مێژووییەکان تۆمارکراون. لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، لە پەراوێزی یەکەمین لوتکەی چین و وڵاتانی عەرەبی، سەرۆك شی جینپینگ، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سابر سوودانی، کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەدا کە لە دوای دامەزراندنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ٢٠١٥، پەیوەندییەکانی چین وعێراق گەشەسەندنێکی دروست و سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و هەماهەنگی دوولایەنە لە بوارە جیاجیاکاندا پێشکەوتنی بەردەوامی بەخۆیەوە بینیوە. چین ئامادەیە دەست بە دەست لەگەڵ عێراق بۆ بەردەوامبوون لە قووڵکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی نێوان چین و عێراق کاربکات. چین بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی عێراق لە ئاوەدانکردنەوەی ئابووریدا، و یارمەتی عێراق دەدات بۆ گەڕاندنەوەی پیشەسازییەکەی و بژێوی خەڵک باشتر بکات و گەشەپێدانی بەردەوام بەدەستبهێنێت. وەک بەشێکی گرنگی عێراق، باوەڕ وایە كە هەرێمی كوردستانی عێراق بەشێوەیەكی بەرفراوان سوود لە هەماهەنگی نێوان چین و عێراق وەربگرێت.
گەشەسەندنی چین لە جیهان جیا ناکرێتەوە، و بەهەمان شێوە خۆشگوزەرانی جیهانیش پێویستی بە چین هەیە. لە ئێستادا، چین دەستیکردووە بە گەشتێکی نوێ بەرەو بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو ڕوویەکەوە، و لە ڕێگای ڕێڕەوی چینییەوە بەرەو مۆدێرنیزاسیۆن، گەنجبوونەوەی نەتەوەی چین لە هەموو بەرەکاندا بەرەوپێش دەبات. مۆدێرنیزاسیۆنی چینی پەرە بە چین خۆی دەدات و هەروەها سوود بە جیهان دەگەیەنێت، و بژاردەیەکی نوێ بۆ گەلی عێراق بە گەلی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە دابیندەكات کە بتوانرێت وەک سەرچاوەیەك لەسەر ڕێگای گەشەپێدان بەکاربهێنرێت. چین ئامادەیە لەگەڵ گەلی عێراق بە گەلی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە كاربكات بۆ گەڕان بەدوای ڕێگای مۆدێرنیزاسیۆندا كە لەگەڵ بارودۆخی نیشتمانی خۆیاندا بگونجێت، و هەوڵبدات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ گەشەپێدانی عێراق بە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە لەگەڵ دەستکەوتە نوێیەکانی مۆدێرنیزاسیۆنی چینی، و پێشكەش كردنی سوودی بەرجەستەتر بۆ گەلی هەردوولا.