مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد، تینوە تاوی کوردایەتی

08/04/2024
355 جار خوێندراوەتەوە

رێبین عومەر

ئێمەی کورد ھەمیشە شانازیی بە سیمبولی نەتەوەکانی تری دنیاوە دەکەین، بەلامانەوە ئاساییە شۆڕشگێڕەکانی خۆمان بە نیلسۆن ماندێلا و چێ گیڤارا گاندی بەراوردبکەین و حەقی خۆیان نەدەینێ؛ کار بۆ ئەوە ناکەین کە وەک براندێکی گەورەی کوردایەتی بیانناسێنین، کەسایەتی راستەقینەی خۆیان ون دەکەین و بەرگری لە کەسایەتی و سیمبولی نەتەوەکانی تر دەکەین..؟!

ئەگەر مێژووی راستەقینە ھەبێت وەک خۆی وێنای راستییەکان بکات و رووداوەکان وەک گەواھی دەرێک بگێڕێتەوە، ئەوا ئێمەی کورد خاوەنی سەدان و ھەزاران چێ گیڤاراین و خاوەنی سەرکردەی سەنگینی ھاوشێوەی وەک ماندێلا و جۆرج واشنتۆن و ماوتسیتۆنگ-ین.. ھتد.

مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد کە زۆرکات مێژووی نوێی نەتەوەکەمان وەک خۆی حەقی نەداوەتێ یان وەک پێویست ئاماژەی بە وەرچەرخانی مێژوویی ئەو سەرکردەیە نەکردووە و روونی نەکردۆتەوە کە لەسەر دەستی ئەو شۆڕشی گەلەکەمان لە شۆڕشی ھۆزەوە بووە شۆڕشی شارو عەقڵ و مەنتیقی بەھاداریی ستراتیژی سیاسی و دیموکراسی و مەدەنی بۆ گەل.

لەو دیدەوە مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد، بیرمەندو گیانی پڕ بەھای نیشتمانیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی میللی کوردبووە، کە وەک باوکی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی کورد ناسراوە و لەسەر دەست و بیروباوەڕی ئەو زاتە گەورەیە گەلێک گۆڕانکاریی مەزن و ریشەیی لە رەوتی شۆڕشگێڕیی کوردیدا لەگشت بوارەکان ئەنجام دراوە.

رەنگە زۆرکات مێژوو بەھۆی ئەوەی براوەکان و ترسنۆکەکان دەینووسنەوە، حەق و راستی رووداوە مێژووییەکان وەک خۆی ئاماژە پێ نەکەن و بەلارێدابیبەن. ئەگەرنا مامۆستا برایم ئەحمەد لەو بیرمەند و سەرکردە گەورە سیاسییانەی جیھانە، کە رەوتی مێژووی گەلەکانیان گۆڕی و تا ئەندازەیەکی زۆر ھۆشی خستەوە بەر لاشەی نوستووی گەلێکی بەشمەینەت و پارچە پارچە کراوی وەک کورد.

لە مێژووی سیاسی ئێمەدا مامۆستا برایم ئەحمەد یەکەم تروسکایی خەباتی چینایەتییە کە نەتەوەو نیشتمان تێیدا سەنتەرە.

شۆڕش لە مێژووی سیاسی ئەودا توانی فۆڕمی خێڵ و دەرەبەگ و مەلا تێپەڕبکات و ببێتە شۆڕشی گەل و نەتەوەو نیشتمان بکاتە ئامانج و بۆی تێبکۆشێت. بیرو باوەری بەرزی مامۆستا بۆ کوردستان بوو.

رێبەری رووناکیی، لەو سیاسیاسەتمەدارانەی گەلەکەمانە کە زۆرینەی تەمەنی شۆڕشگێڕیی خۆی لە برەودان بە توانان و وزەی شۆڕشگێریی دژی ستەمکاری رژێمە  سەردەستەکان تەرخانکرد کە کوردیان لە سادەترین مافی نەتەوەیی بێبەشکردووە و ھەوڵی لەناوبردنیان داوە.

تا گۆچان تێکۆشا..
 مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد رۆڵی گەورەی گێڕاوە لەپێناوی ئەوەی تەواوی ھێزە سیاسییەکانی کوردستان لەژێر یەک چەتری سیاسیدا کۆببنەوە و ببنە خاوەن یەک گوتاری نیشتمانی شۆڕشگێڕیی و پێکەوە دژی داگیرکەرانی کوردستان بووەستنەوە.
لەبەرئەوەش بە بەردەوامی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لەھەر بارێکەوە تەماشای بکرێت، بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد شایستەی ئەوەیە کە لە ئاستێکی بەرزدا فیداکاریی گەورەی بۆ بکەیت و برە و بە ئاستی تێکۆشانی نەتەوەیی بدات، تا گەیشتن بە سەربەستی و رزگاریی نیشتمانی.

مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد، وەھا روانیویەتی کە کێشەی نەتەوەی کورد کێشەیەکی ئینسانییە و پەیوەستە بە مافەکانی گەلێکی دەیان ملیۆنییەوە لەسەر رووی زەوی؛ کە رژێمەکان بە بەردەوامی ھەموو رێگەیەک بۆ قەڵاچۆکردنی دەگرنەبەر و نایانەوێت کورد بەھیچ شێوەیەک بگاتە مافە رەواکانی خۆی.

لەو بارەیەوە وەھا شرۆڤەی بیرو بۆچوونەکانی کردووە دەڵێت: ھەموو کوردێک برای منە و پێیان رادەگەیەنم: کە راست-ترین رێگە رێگەی بەرخۆدان و شۆڕشگێڕییە بۆ سەرخستنی کوردایەتی، بۆیە ھەرگیز لە گرتنەبەری ئەو رێگەیە بە گومان نەبن، چونکە لەھەر بارێکەوە لێی بڕوانیت راست-ترین و ئینسانیترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە مافی گەلێکی بندەست، دیموکراتیترین رێگەیە، مارکسیانەترین رێگەیە، باشترین رێگەی ئایینییە بە ئیسلام و مەسیحییەوە، بە بۆچوونی مامۆستا برایم ئەحمەد وەھا شرۆڤە دەکرێت کە ھەموو بیروباوەڕە دنیاییەکان لە راستەوە تا چەپ، لەگەڵ ئەوەدان کە گەلان لە سێبەری خۆیاندا بژین و بن-دەست نەبن و مافخوراو و چەوساوە نەبن و بە مافی نەتەوەیی خۆیان بگەن و ببنە خاوەن کیان، بیری مامۆستا رێگەیەکی پان و بەرینی کوردایەتییەو نەوە بەنەوە رێ رووناکە.