بۆ ئه‌وه‌ی ژنکوشتن و مرۆڤ کوشتن بوه‌ستێنین...

03/05/2022
904 جار خوێندراوەتەوە

لەتیف حسێن

بە ‌داخەوە کۆمەڵگە بە جۆرێک ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە ‌دەست چەک بەدەستەکانەوە تێکچووە، کە کورد وتەنی کات و ناکات نازانێت، بە ھەموو پێوەرەکان جەژن ڕۆژی لێبوردەیی و خۆشی مرۆڤەکانە، کەچی لای ئێمە چەک دەبێتە زمانی ھەموو کات و ساتێکی ئێمە، ھەر بۆیە بەردەوام دەنگی فیشەک و نەعرەتەی چەک بە دەستەکان، بۆ کوشتن و ڕشتنی خوێنی نزیک و دوورەکان، گوێمانی ئاخنیوە و لە دڵەخورپە و شۆکیشمان تێپەڕاندووە، ئەوەتا لە یەکەم ڕۆژی جەژندا مرۆڤ لە ‌بری نیشاندانی مرۆڤبوونی خۆی، دڕەندەیی خۆی نمایش دەکات و بە جارێک وەک ئەوەی لە قۆناغێکدا ژیان دەکەین خوێنی مرۆڤەکان ھێندە ھەرزان بووە، بێ ئەوەی لە ھیچ بسڵەمێینەوە، کۆمەڵ کوژی دەکەین، ئەوەی لە چەمچەماڵی ئەنفالستان ڕوودەدات، پەیوەندی بە چەمچەماڵەوە نییە وەک ناوچەو شوێن، بەڵکو پەیوەندی بە خەسڵەتی مرۆڤەکانەوە ھەیە، کاتێک ژینگەیەکی بۆ فەراھەم دەبێت، دڕەندەیی خۆی تێدا نمایش دەکات، ھەر وەک ئەوەی بۆمان بسەلمێنێتەوە کە لە سایەی ئەو ژینگەیەدا کە ھیچ بەھایەک بۆ ژیانکردن تێیدا نەماوە، بڕیاری کوشتن و مردنی مرۆڤەکان دەدات.
ئەوەی لە چەمچەماڵ ڕوویدا و جەژنی ھەمووانی شێواند و ھەمووانی نیگەران کرد، ڕووداوێکی ھەر وا سانا و ئاسایی نییە، وەک ھەموو ئەو کارەسات و ڕووداوانەی تر کە ھاتن و بە کەفوکوڵێک تێپەڕین و ھەمووان دادەنیشین بەدیار ھەواڵێکی دڵتەزێن و کارەساتبارترەوە، ئەوەی لەچەمچەماڵ بەسەر ئەو خێزانەدا ھاتووە، گەر بە زوویی فریای نەکەوین لە ‌دەرگای تاک بە ‌تاکمان دەدرێت و چەک بە دەستەکان و ئەوانەی پێیانوایە دەتوانن بە ئاسانی بڕیاری کوشتنی ئێمە دەرکەن، دەبنە ھەڕەشەی لەناوبردنی یەکجارەکی ئەو کەمە بەھایەی کە لەم کۆمەڵگەیەدا بوونی ماوە...
بەندە بەشبەحاڵی خۆم بەدواداچوونە ورد و ڕاستەخۆکانی ھەڤاڵ قوباد، بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و ژنکوژان و مرۆڤ کوژان، ھەوڵێکی گرنگە ‌و جێی دەستخۆشییە و ئەو ھەڵمەتەشی کە ڕایگەیاندووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژنکوژان، پێویستی بەوەیە ھەمووان پشتگیریی لێ بکەین و لەگەڵیدا ھەڵمەتێکی گەورە و گرنگ دروست بکرێت و بەڕێزیشیان وەک کەسێکی خاوەن بڕیار و لایەنی جێبەجێکردن، دەست بکات بە نیشاندانی چارەنووسی ئەوانەی کە ئەم تاوانانە دەکەن و تەنانەت ئەوانەشی کە داڵدەی تاوان و تاوانکاریی دەدەن، تا ھەمووان بزانن، بەکارھێنانی چەک و کوشتنی مرۆڤەکان چ چارەنووسێکی ڕەش چاوەڕێی دەکات، ئەمە جگە لەوەی پێویستمان بەوەیە لەگەڵ پشتگیریی ھەڤاڵ قوباد، بۆ ئەوەی ژنکوشتن و مرۆڤ کوستن بوەستێنین پێویستە:
- پەروەردە بە ‌تەواوی بخەینە خزمەتی ئەم بوارەوە و لە پەروەردەوە ژنکوشتن و زمانی چەک ناشرین و قێزەون بکەین، لە ‌پەروەردە و مرۆڤ فێری ژیاندۆستی و لێبوردەیی بکەین، جیلێک پەروەردە بکەین، کە لەسەر سەرچۆپی و فول لایت و مۆڕە کردن و ھیچ پاساوێک دەستیان نەچێتە خوێنی یەکتری..
- لە پەروەردەوە کار بکەین بۆ ئەوەی لە نەوەی داھاتوومانی بگەیەنین ژنان و کچان، دایک و خوشک و ھاوسەرەکانمان کۆیلەی نێرەکان نین و ئەوانیش وەک پیاو و کوڕەکان مافی ژیانیان ھەیە و ئەوانیش وەک ئێمە و بگرە زیاتریش مرۆڤتر و میھرەبانترن.
- ھەرچی زووە بە بڕیاری یەکلاکەرەوە چەکی مۆڵەت و بێ مۆڵەت سزای بۆ دابێن و چیتر بیری تەسکی (چەکێک حەوت کوڕ دەھێنێت) لە ھزر و مێشکی پیاوی کورددا بسڕێتەوە.
- سەروەربوونی یاسا، بە ‌تەواوی جێبەجێ بکرێت و ھیچ کەسێک بە ‌بێ ھیچ جیاوازی و جیاکارییەک، لە یاسا نەبوردرێت، کاتێک تاوانێک دەکات، یان دەبێتە ھۆی پاراستنی تاوانکارەکان و یان دەبنە پشت و پەنای تاوانکارەکان، لەگەڵیشیدا چارەنووسیان بۆ خەڵکی بخرێتەڕوو، تا کەسی تر جورئەتی ئەوە نەکات دەستی بچێتە خوێنی کەسی ترەوە، یان ھیچ کەسێک داڵدە نەدات و قەڵەویان نەکەن بۆ تاوانکاریی گەورەتر، ڕاگەیاندن و ئەنجامدانی سزای خێرا، یەکێک دەبێت لە ھۆکارەکانی ژنکوشتن و مرۆڤ کوشتن..
- پێویستە چیتر حکومەت ڕێگە نەدات، ھۆکار و پاڵنەرەکانی مرۆڤ کوشتن بەردەوام بێت، چیتر نابێت ڕێگەبدرێت ئەم ژینگە کۆمەڵایەتییە سیاسییە ئابوورییەی، کە بوونەتە ھۆی ئەوەی مرۆڤەکان لە ‌بری مرۆڤدۆستی، دەبنە مەرگدۆست و کوشتنی مرۆڤ و ئاوخواردنەوە ھاوشان بوونەتەوە بۆ ھەندێک کەس، چیتر نابێت ژیان و گوزەرانی خەڵکی لەم بارودۆخەدا بمێنێتەوە، کە ھۆکارێکی سەرەکی تاوان و تاوانکارییەکانە...
- میدیاکان واز لە ڕاستەوخۆی تاوانەکان و کارەساتەکان بھێنن، واز لە مایک بردن بۆ پرسەکان بێنن، لە ‌بری ئەوە کار لەسەر ھۆکارەکانی ئەو ژینگەیە بکەن کە مرۆڤی کردووەتە دڕەندە، بە دوای تاوانکار و چارەنووسی تاوانکار و داڵەدەدەرانییەوە بن..
کار بکەن بۆ ھۆشیارکردنەوەی خەڵک و ڕیسوا و قێزەونکردنی تاوان و تاوانکارییەکان و نەیانکەن بە پاڵەوان، چونکە پاڵەوانەکان چەک ھەڵناگرن، ئازاکان زمانی فیشەکیان نییە یان زۆر کەمە، ئەوە ترسنۆک و فس فس پاڵەوانەکانن دەستیان دەچێتە خوێنی مرۆڤەکان..
- وەرن با ھەموومان پێکەوە زمانی چەک و توندوتیژی ڕیسوا بکەین، وەرن پێکەوە با بە خەڵکی بڵێین، ھیچ کێشەیەک نییە زمانی دیالۆگ و یاسا چارەسەری نەکات، بۆیە با پەنا بۆ چەک نەبرێت، با ئەوانە چەک وەبەر پشتێن دەنێن و خۆیانی پێدەڕازێننەوە، چەکیان لە بەرچاو ڕەش و ناشرین بکەین، وەرن با پێکەوە بە ھەمووان بڵێین، کێشەی کۆمەڵایەتی بە چەک و کوشتن یەکلا نابێتەوە، وەرن با پێکەوە بە ھەمووان بڵێین، بە ژیانی مرۆڤایەتی چەک و خوێن ڕشتن ھیچ کێشەیەکی چارە نەکردووە، وەرن با پێکەوە بەھەمووان بڵێین ژنکوشتن شەرەف و شەرەفمەندانە نییە، بەڵکو ئەوانیش وەک ئێمە ‌و زیاتریش مافی ژیانیان ھەیە ‌و چەندین ڕێگەی تر بۆ چارەسەری کێشەکانت ھەیە...
وریابن ئەو کۆمەڵکوژییە بە ھەمووانی وت، لەمەودوا کەس ئەمین و ئەمان نییە، لە کوشتنی تاکەوە بووەتە کۆمەڵکوژی و زەنگێکی ھێندە مەترسیدارە، دەنگەکەی وەک زرنگاندنەوەکانی تر نییە..
وەرن با پێکەوە ھاوکارو یارمەتیدەری ئەمن و ئەمانی یەکتری بین، با ھەمووان پشتیوانی لە ‌ھەر کەسێک بکەین، ژنکوشتن و مرۆڤ کوشتن دەوەستێنێت...
تکایە مەڵێن پێمان ناکرێت، چونکە دڵنیابن، ئێمەی مرۆڤین چۆن ژیانمان لە ‌یەکتری تێکداوە، ئاوھاش دەتوانین ڕاستی بکەینەوە، ھەر کەس لای خۆیەوە و ھەر کەس بە ‌پێی توانا و قودرەتی خۆی.